KDC

نوێنەری سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان: نووسەرانی دیاسپۆرا نموونەی خۆڕاگری و چاونەترسی و سیمبولی بەرەنگاربوونەوەن

کارۆخ خۆشناو نووسەر و سەرۆکی فەرمانگەی رۆشنبیری و راگەیاندن لە سەرۆکایەتیی هەرێم، وەک نوێنەری سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بەشداریی کۆنگرەی کۆنگرەی فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان-دیاسپۆرای کرد و وتارێکی پێشکەش کرد، کە وێڕای پیرۆزبایی، جەختی لەوەش کردەوە، بەشێکی زۆری نووسەرانی دیاسپۆرا، سەرباری خزمەتی ئەدەب و کولتووری کوردستان لە دەرەوەی وڵات، لە ناوخۆشدا لە مەیدانی بەرگری و ھەڵوێستی نیشتمانی و نەتەوەییدا نموونەی خۆڕاگری و چاونەترسی و سیمبولی بەرەنگاربوونەوەی ستەم و سەرکوتکاریی ڕژێمە خۆسەپێنەکان بوون.

دەقی وتارەکە:

بۆ کۆنگرەی فیدراسیۆنی نووسەران
ئامادەبووانی بەڕێزی (کۆنگرەی یەکەمی هەژار موکریانی) سڵاوتان لێ بێت و ڕۆژتان باش.

پیرۆزباییەکی گەرمی بەستنی ئەم کۆنگرەیە لە ئێوەی بەڕێز و تەواوی نووسەرانی دیاسپۆڕا و کوردستان دەکەین و دەستخۆشیش لە ئامادەکارانی کۆنگرە دەکەین.

ئەم کۆنگرەیە کە بە چاودێری ڕێزدار جەنابی سەرۆک بارزانی دەبەسترێت، پێویستیەکی هەنووکەیی و ڕێزگرتنە لە قەڵەم و ھزر و بەرھەم و بەخششی کاروانی نووسەرانی دیاسپۆڕا، کە ھەمیشە لە سەنگەری گەلەکەیاندا بوون و لە ڕێگای خامەکانیانەوە بەشێکی گرنگ بوون لە خەباتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان و ھەرواش دەمێننەوە.

جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕێزدار (نێچیرڤان بارزانی) هەمیشە پشتیوانی و پشتگیری نووسەران دەکات لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان، هەروەها لە چەندین بۆنەدا جەنابیان جەختی لە پاڵپشتیکردنی نووسەران کردۆتەوە.

دامەزراندنی فیدڕاسیۆنی نووسەرانی دیاسپۆڕا، بەڵگەیە لەسەر گرنگیپێدانی کۆنفیدڕاسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بە نووسەرانی دیاسپۆڕا، تاکوو بەردەوام بن لە پڕۆسەی نووسین لەسەر کولتوور و زمان و ئەدەب و داھێنان، بۆیە سوپاس و پێزانین و دەستخۆشی دەکەین لە بەڕێزان سەرپەرشتیاری گشتی و سەرۆک و ستاف و ئەندامانی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی.

بەشێکی زۆری نووسەرانی دیاسپۆڕا، سەرباری خزمەتی ئەدەب و کولتووری کوردستان لەدەرەوەی وڵات، لە ناوخۆشدا لە مەیدانی بەرگری و ھەڵوێستی نیشتمانی و نەتەوەییدا، نموونەی خۆڕاگری و چاونەترسی و سیمبولی بەرەنگاربوونەوەی ستەم و سەرکوتکاریی ڕژێمە خۆسەپێنەکان بوون.

ئامادەبووانی بەڕێز..
باوەڕی تەواومان بەوەیە، کە وشەی جوان، بیری جوان، مرۆڤی جوان، زادەی ژینگەیەکی ئازادن، ھەموو ھەوڵێکیشمان لە ڕابردوو و ئێستا و داهاتووشدا بۆ ڕەخساندنی ئەو ژینگەیەیە، چونکە ژینگەی دروستی نووسین و داھێنان، ئەوەیە کە تیایدا ئازادیی بیر و بۆچوون و ڕادەربڕین، بەھایەکی بەنرخ بێت، ژیان و جوانی ڕێزلێگیراو بن.

چاوەڕوانیی ئێمە لە نووسەرانمان لە دەرەوەی وڵات، بینینی ڕۆڵی کاریگەرییانە لە دروستکردنی پردی پەیوەندیی پتەو لەنێوان هەندەران و کوردستان، لەسەر بنەمای لێبوردەیی و پێکەوەژیان و یەکسانی و خۆشویستی نیشتمان و کۆمەڵگەکانی دیاسپۆڕا و کوردستان.

نووسەران و ئەدیبان پرد و ڕایەڵەی پەیوەندیی نێوان گەلانی خۆیان و جیھانن، ئامادەییی ھەر نووسەرێکی کورد لە کتێبخانەکانی دنیادا، ئامادەبوونی ناسنامە و مێژووی گەلێکە، بۆیە گرنگە نووسەرانمان ھەوڵی جددی بدەن بۆ تێپەڕاندنی سنووری وڵاتان و وەرگێڕانی بەرھەمەکانیان بۆ زمانە زیندووەکانی دنیا و نەخشاندنی جێدەستی کوردستان لە جیھانی داھێنان و جوانیدا.

لەم کۆنگرە پڕ شکۆیەدا، دروود بۆ گیانی پاکی ئەو نووسەرە شەھیدانەی لە سەنگەری بەرگری و زیندانە تاریکەکاندا گیانی پاکیان بە خاک و گەل و وشە بەخشی. سڵاو و ڕێز بۆ خانەوادە سەربەرزەکانیان. سڵاو لە گیانی پاکی سەرجەم ئەو نووسەرانەی ژیانی خۆیان بەختکرد بۆ خزمەتکردنی وشە و گەشە و پێشکەوتنی گەلی کوردستان.

کۆنگرەی یەکەمی هەژار موکریانی لە ھەموو نووسەران و ئەدیبانی دیاسپۆڕا و کوردستان پیرۆز بێت. ھیوای بەردەوامی و سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین و ھەر شاد و سەرفراز بن.

___

سەرۆکی مۆساد لەسەر گەڕانەوەی ئێران بۆ گفتوگۆ لەسەر بەرنامە ناوەکی قسەی هەیە

KDC

زمانی کوردی پێش زمانەکانی داگیرکەران کەوتووە

Harmn

پۆلیسی سوید :تۆڕە تاوانبارەکان لە ستۆکهۆڵم زیادی کردووە

Harmn