سەنتەری کولتووری کوردی لە ئۆسلۆ، مەراسیمێکی جەماوەریی بەرفراوان بۆ یادکردنەوەی 12 ساڵەی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی لە بەردەم تەلاری پەرلەمانی نەرویج ڕێکدەخات.
ئەم چالاکییە وەک وەفایەک بۆ قوربانیان و دەربڕینی هاوسۆزی بۆ ڕزگاربووانی ئەو کارەساتە مرۆییە ئەنجام دەدرێت و تێیدا پەیامی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕق و کینە و چەوسانەوە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دووپات دەکرێتەوە.
مەراسیمەکە ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی 3ـی ئابی 2026، کاتژمێر 18:00ی ئێوارە دەستپێدەکات و تا کاتژمێر 19:30 بەردەوام دەبێت، شوێنی گردبوونەوە و مەراسیمەکە لە گۆڕەپانی بەردەم پەرلەمانی نەرویج (ستۆرتینگێت) لە ناوەندی شاری ئۆسلۆ دەبێت.
ڕێکخەرانی مەراسیمەکە جەخت لەوە دەکەنەوە، یادکردنەوەی ڕابردوو، بنەمایەکی سەرەکییە بۆ بونیادنانی داهاتوویەکی گەشتر و پاراستنی ئاشتی و دادپەروەری.
ئەم یادکردنەوەیە بە دروشمی ئێمە هەمیشە لەبیرمانە، بەیەکەوە دەوەستین و هەرگیز کارەساتەکان لەبیر ناکەین بەڕێوە دەچێت، سەنتەری کولتووری کوردی لە ئۆسلۆ داوا لە هەموو لایەک دەکات بەشداری ئەم مەراسیمە بن، تاوەکو پێکەوە دەنگی مەزڵومییەتی کوردانی ئێزدی بە گوێی جیهان بگەیەنن و جەخت لەسەر بنەماکانی مرۆڤایەتی و پێکەوەژیان بکەنەوە.
کارزان حەیدەر

