KDC

لە لوکسمبۆرگ یادی قوربانییانی جینۆسایدکراو و ڕزگاربووانی کوردی ئێزدی کرایەوە

لە لوکسمبۆرگ، یادی قوربانیان و ڕزگاربووانی جینۆسایدی کوردی ئێزدی کرایەوە،ئەم یادکردنەوەیە کە 28 ی تەمموزی 2026 بەڕێوەچوو، تیشکی خستە سەر ئەو تاوانە مرۆییە گەورانەی کە لە ساڵی 2014 لەلایەن چەکدارانی داعش بەرانبەر بە کوردانی ئێزدی ئەنجام دران و بووە سەکۆیەک بۆ دەربڕینی هاوسۆزی نێودەوڵەتی لەگەڵ ژنان و منداڵانی قوربانیی دەستی تیرۆر.

ئەم مەراسیمە لەلایەن ناوەندی ڕەوەندی کوردستان لە لوکسمبۆرگ و ڕێکخراوی سی ئای دی فڕاین ئەن جێندەر، بە پشتیوانی هەردوو وەزارەتی یەکسانی و وەزارەتی ڕۆشنبیری لوکسمبۆرگ ڕێکخرابوو، تێیدا کۆمەڵێک کەسایەتی سیاسی، ڕۆشنبیری و چالاکوان ئامادە بوون تا پێکەوە یادی یەکێک لە تاریکترین لاپەڕەکانی مێژووی هاوچەرخ بکەنەوە.

لە سەرەتای یادکردنەوەکەدا، ئەسکەندەر تەمۆ وەک نوێنەری ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی، بەخێرهاتنی میوانانی کرد و سوپاسی هەڵوێستی مرۆیی و هاوسۆزی ئامادەبووانی کرد بۆ پاڵپشتیکردنی دۆزی ئێزدییەکان.

تەمۆ لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، جینۆسایدی ئێزدییەکان برینێکی قووڵە لە ویژدانی مرۆڤایەتیدا، لە کاتێکدا جیهان تەنها تەماشاکەر بوو، کوردانی ئێزدی ڕووبەڕووی دڕندەترین تاوان بوونەوە.

جەختی لەو باوەڕەش کردەوە کە ئەگەر کوردستانێکی سەربەخۆ هەبووایە، دەتوانرا ڕێگری لەو جۆرە کارەساتە مرۆییانە بکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا هیوای خواست لە داهاتوودا کوردستانێکی ئازاد بێتە کایەوە کە تێیدا هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان بە ئاشتی و ڕێزەوە لە تەک یەکتر بژین، چونکە هەمەجۆری سەرچاوەی هێزی گەلی کوردە.

بەشێکی تری چالاکییەکە تەرخانکرابوو بۆ لایەنی هونەری و دۆکیۆمێنتاری، کە تێیدا کورتە فیلمی ئێزدا نمایشکرا، دوای فیلمەکە، ڕۆژنامەنووس جانگ کاپگن گفتوگۆیەکی لەگەڵ دەرهێنەر حەلیمە ئاکتورک کرد، فیلمەکە گێڕانەوەی چیرۆکی ژنێکی ڕزگاربووی ئێزدییە کە ئێستا لە کەنەدا دەژیت و تێیدا ئازار و خۆڕاگرییەکانی ئەو ژنە بەرجەستە کراون.

لە درێژەی یادکردنەوەکەدا، ئامێز ئەنجێل، ئەندامی دەستەی کارگێڕی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی، خوێندنەوەیەکی بۆ ڕۆمانی ڕووبارەکان لە ئاسماندا-ی ئەلیف شەفەق کرد و پەیوەندی ناوەڕۆکی ئەم ڕۆمانەی بە مێژوو و خۆڕاگری ئێزدییەکانەوە بەستەوە، هەروەها تیشکی خستە سەر مێژووی پڕ لە ئازاری کورد و جینۆسایدەکانی تری وەک کیمیابارانی هەڵەبجە و شاڵاوەکانی ئەنفال، تا ئامادەبووان وێنەیەکی ڕوونیان لەسەر مێژووی ستەملێکراوی ئەم گەلە هەبێت.

کارتێکەرترین بەشی یادەکە، گێڕانەوەی یادەوەرییە تاڵەکانی شایەتحاڵێکی زیندووی جینۆسایدی شنگال بوو، خانمێکی ڕزگاربوو کە ئێستا نیشتەجێی وڵاتی فەرەنسایە، بە ئازایەتییەکی زۆرەوە چیرۆکی تاڵ و پڕ لە ناسۆری خۆی گێڕایەوە، ئەو باسی لە ساتی هێرشەکانی داعش و کوژرانی هاوسەرەکەی و ئەو ئازارانەی کرد کە بنەماڵەکەی چەشتوویانە، قسەکانی ئەو خانمە توندترین پەیام بوو بۆ ئامادەبووان کە جینۆساید تەنها ژمارە نییە، بەڵکو تێکشکاندنی ژیان و خەونی مرۆڤەکانە.

هەروەها پەیامێکی ڤیدیۆیی لەلایەن سەدا موسۆیان، نوێنەری فیدراسیۆنی ژنانی ڕەوەندی کورد لە ڕووسیا، پێشکەش کرا، موسۆیان کە خۆی کوردێکی ئێزدییە، باسی لە بەردەوامی ئاڵنگارییەکانی بەردەم ژنان و منداڵانی ئێزدی کرد و داوای دادپەروەری نێودەوڵەتی کرد، ئەو ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە دەنگی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان بگاتە جیهان و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە کۆمەڵکوژییانە بکرێت.

لە پەراوێزی ئەم یادکردنەوەیەدا، پێشانگایەکی کتێب کرایەوە کە تێیدا چەندین سەرچاوەی مێژوویی و فەرهەنگی دەربارەی کورد و ئایینی ئێزدی نمایش کرابوون، تا ئامادەبووان زیاتر لەگەڵ ڕەگ و ڕیشەی مێژووییی ئەم پێکهاتە ڕەسەنە ئاشنا بن.

 

___

ئەمەریکا :46کۆچبەری نایاسایی لە بارهەڵگرێکدا گیان لەدەستدەدەن

Harmn

بەرپرسی ئۆفیسی پەیوەندییەکانی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی، دیدارێكی دۆستانەی لەگەڵ بەشی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی ساز دا.

Harmn

ناوەندی ئۆتاوا لە پەرلەمانی کەنەدا بەشداری رۆژی ناساندنی فەرهەنگ و کولتور دەکەن

Harmn