کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە 12ـەمین ساڵیادی جینۆسایدکردنی ئێزدییەکاندا، جەختی لەسەر بەردەوامیی هەوڵەکانی بۆ ناساندنی ئەو تاوانە وەک جینۆساید لە ئاستی جیهانیدا کردەوە.
هاوکات داوا دەکات چارەنووسی ڕفێنراوان ئاشکرا بکرێت و شنگال ئاوەدان بکرێتەوە تاوەکو ئاوارەکان بتوانن بە شکۆوە بگەڕێنەوە بۆ سەر زێدی خۆیان.
لە پەیامێکدا بەبۆنەی ئەم یادە دڵتەزێنەوە، کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی ئاماژەی بەوە کردووە کە تاوانە دڕندانەکانی داعش بەرانبەر بە خوشک و برا ئێزدییەکان تەنها هێرش نەبوو بۆ سەر پێکهاتەیەک، بەڵکو برینێکی قووڵە لە جەستەی گەلی کوردستان و هەموو بەها مرۆییەکاندا.
دووپاتیشی کردووەتەوە کە لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا کۆڵ نادەن تاوەکو دادپەروەری بۆ قوربانیان بەدی دێت و ماف و ناسنامەی ئێزدییەکان وەک بەشێکی ڕەسەنی نەتەوەی کورد دەپارێزرێت.
کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات هەنگاوەکانی بۆ گەڕاندنەوەی ژیان بۆ شنگال خێراتر بکات، لە پەیامەکەدا هاتووە کە پاراستنی شوناسی ئێزدییەکان ئەرکی هەموو لایەک و یادکردنەوەی قوربانیان و هاوسۆزی لەگەڵ ڕزگاربووان بەشێکی گرنگە لە وەفای نەتەوەیی بۆ ئەو پێکهاتە ڕەسەنەی کوردستان کە ڕووبەڕووی دڕندانەترین شاڵاوی لەناوبردن بوونەتەوە.
دەقی پەیامەکە:
پەیامی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بەبۆنەی 12 ساڵەی جینۆسایدی ئێزدییەکان
لە12 ساڵەی جینۆسایدکردنی خوشک و برا ئێزدییەکانمان لەلایەن تیرۆریستانی داعش، کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بەوپەڕی خەم و پەژارەوە یادی قوربانیانی کارەساتی شەنگال دەکاتەوە، ئەم تاوانە دڕندانەیە کە ویژدانی مرۆڤایەتی هەژاند، تەنها هێرش بۆ سەر پێکهاتەیەک نەبوو، بەڵکو برینێکی ساڕێژنەبوو بوو لە جەستەی گەلی کوردستان و هەموو بەها مرۆییەکان.
ئێمە وەک کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی دووپاتی دەکەینەوە کە بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ ناساندنی ئەم تاوانە وەک جینۆساید لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و بەدەستهێنانی دادپەروەری بۆ قوربانیان، داواکارین کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەوڵەکان بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی ڕفێنراوان و ئاوەدانکردنەوەی شەنگال خێراتر بکات، تاوەکو ئاوارەکان بە شکۆمەندییەوە بگەڕێنەوە سەر زێدی باو و باپیرانیان.
سەری ڕێز بۆ گیانی قوربانییانی شەنگال دادەنەوێنین و هاوخەمیی قووڵی خۆمان بۆ ڕزگاربووان دەردەبڕین، ئێزدییەکان بەشێکی ڕەسەن و دانەبڕاوی نەتەوەکەمانن و پاراستنی ماف و شوناسیان ئەرکی هەموانە.
کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی
3ی ئابی 2024

