بەڕێزان لە سەرۆکایەتی و دەستەی کارگێڕی دەزگای خێرخوازیی بارزانی
بەبۆنەی تێپەڕبوونی 21 ساڵ بەسەر دامەزراندنی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی ئێوەی بەڕێز و تەواوی ستاف و خۆبەخشانی دەزگا مەزنەکەتان دەکەین.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ماوەی 21 ساڵی تەمەنی پڕ لە سەروەرییدا، تەنیا وەک دامەزراوەیەکی مرۆیی کارای سەر گۆڕەپانەکە دەرنەکەوتووە، بەڵکو وەک باڵیۆزێکی ڕاستەقینەی گەلی کورد و شوناسێکی نێودەوڵەتیی درەوشاوە، پەیامی ئاشتی، مرۆڤدۆستی و قووڵایی فیکری نیشتمانیی کوردستانی بە جیهان گەیاندووە، ئەم دەزگایە کە هەڵقوڵاوی قوتابخانەی ڕەسەنی بارزانی و فەلسەفەی مرۆڤدۆستانەی بارزانیی نەمرە، توانیویەتی لەسەر بنەمای خزمەتکردنی مرۆڤ بێ جیاوازی، ببێتە پەناگەیەکی ئارام بۆ لێقەوماوان، ئاوارەکان و هەژاران لە ناوخۆ و لەسەر ئاستی جیهانیشدا.
ئێمە لە کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی، بە شکۆوە دەڕوانینە هەوڵە بێوچانەکانی ئێوە کە توانیوتانە لە ڕێگەی کارەکانتانەوە، کوردستان وەک نەتەوەیەکی زیندوو و بەخشندە بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بناسێنن.
لە کاتێکدا یادی 21 ساڵەی دامەزراندنی ئەم ناوەندە شکۆدارە دەکەینەوە، پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ پەیام و ئامانجە پیرۆزەکانتان دوپات دەکەینەوە، هیوای بەردەوامی و گەشانەوەی زیاترتان بۆ دەخوازین لە کاروانی خزمەتگوزاری و بەهێزکردنی پایەکانی مرۆڤایەتی لە کوردستان و جیهان.
سەربەرز و سەرکەوتوو بن لە پێناو خزمەتی مرۆڤایەتی و کوردستاندا.
کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی
4 ئابی 2026

