ژمارەی داواکاریی مافی پەنابەری بۆ یەکەم جار لە مانگی تەممووز و لە ئەڵمانیا، کە پێشکەش کراون بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە، ئەوەش بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو، نزیکەی ٥٠٪ کەم بووەتەوە. ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕێکەوتی ٥ی٨ی٢٠٢٦، حکوومەتی ئەڵمانیا بۆ راگەیاندنەکان ئاشکرای کردووە، کەم بوونەوەی داواکاریی مافی پەنابەری لە ئەنجامی سیاسەتەکانی خۆی دەزانێت، ئەوەش بۆ چاکسازییە نوێکانی یەکێتیی ئەورووپا لە بوارى پەنابەریی بە ئاراستەی توندترکردنی یاساکانی گەڕاندۆتەوە.
بەپێی ڕاگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵی ئەڵمانیا، لە مانگی تەممووزی ٢٠٢٦، ژمارەی داواکارییە نوێکانی پەنابەری، کە بۆ یەکەم جار پێشکەش کراون گەیشتووەتە ٤٣١١ داواکاری، لە بەرانبەر ٨٢٩٣ داواکاری لە هەمان مانگی ساڵی ٢٠٢٥. واتە نزیکەی نیوەی ئەو ژمارەیە کەم بووەتەوە.
ئەم کەم بوونەوەیە تەنیا تایبەت بە مانگی تەممووز نییە، بەڵکوو ئامارەکانی ئەم ساڵ ئەوە پیشان دەدەن، کە ژمارەی داواکارییەکانی پەنابەریی بەردەوام لە دابەزین دایە. بەپێی ئامارەکانی ئۆفیسی فیدراڵی کۆچ و پەنابەری، لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦ نزیکەی ٣٩ هەزار و ٦٤٦ داواکاریی پەنابەری بۆ یەکەم جار تۆمار کراوە، لە کاتێکدا ئەو ژمارەیە لە هەمان ماوەی ساڵی پێشوو ٧٢ هەزار و ٨١٨ داواکاری بووە.
حکوومەتی ئەڵمانیا ئەو کەم بوونەتەوە بەنیشانەی سەرکەوتنی سیاسەتەکانی
وەزیری ناوخۆ ئەلەکسەندەر دوبریندت ئەندامی پارتی یەکێتیی سۆسیال مەسیحی (CSU) دەزانێت.
جێی باسە، هۆکاری کەم بوونەوەی داواکاریی پەبانەبەری لە وڵاتی ئەڵمانیا، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە لە دوای لێشاوی پەنابەران لە ساڵی ٢٠١٤ و زۆرینەیان لەلایەن ئەڵمانیاوە قبوڵ کران، لەو وڵاتەدا کێشەی جۆراوجۆر دروست دەبوون، کە زۆرینەیان لەلایەن پەنابەرانەوە بوون و وای کرد، کە هەم هاووڵاتییانی وڵاتەکە ناڕەزایەتی بەرانبەر پەنابەران و سیاسەتی پەنابەری وڵاتەکە دەربڕن، هاوکات وڵاتەکەش بیر لە یاسای توندتر بکاتەوە بۆ ڕێگری کردن لە پێدانی مافی پەنابەری بەو کەسانەی بە نایاسایی روو لەو وڵاتە دەکەن.

