کوردستانییانی دیاسپۆرا..خەڵکی تێکۆشەری کوردستان
کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی هەموو شێوازێکی گوتاری ڕق و کینە، سووکایەتی و هاندان بۆ توندوتیژی دژ بە هەر پێکهاتە، ئایین و نەتەوەیەک ڕەت دەکاتەوە.
ئێمە لەو بڕوایەداین کە ئەم جۆرە لێدوانانە، بە هەر ناو و پاساوێک بن، زیان بە یەکڕیزی و قەوارەی کۆمەڵایەتی گەلی کوردستان دەگەیەنن و بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ بەها باڵاکانی مرۆڤایەتی و پرەنسیپە ئایینییە ڕاستەقینەکاندا یەک ناگرنەوە.
لێرەوە دووپاتی دەکەینەوە کە کوردانی ئێزدی بەشێکی ڕەسەن، دێرین و دانەبڕاون لە جەستەی نەتەوەی کورد و مێژووی کوردستان، پاراستنی ماف و کەرامەتی ئەوان و هەموو پێکهاتەکانی دیکە، ئەرکێکی مرۆیی و نەتەوەییە، کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی بەردەوام پێداگری لەسەر پاراستنی پرەنسیپی پێکەوەژیانی ئاشتیانە دەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە کە پێویستە ڕێز لە فرەچەشنیی ئایینی و کولتووریی نێوان پێکهاتەکان بگیرێت.
داواکارین هەموو لایەک، بە تایبەت کەسایەتییە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان، ببنە پارێزەری کولتووری لێبوردەیی و ڕێگری بکەن لە هەر هەوڵێک کە بیەوێت دووبەرەکی و ئاژاوە لە نێوان پێکهاتەکاندا دروست بکات، ئاشتی و تەبایی نێوان مرۆڤەکان گەورەترین سەرمایەی نەتەوەکەمانە و پاراستنی ئەم پێکەوەژیانە مێژووییە ئەرکی سەرشانی هەموو تاکێکی کوردستانییە.
کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی
چوارشەممە 12ی ئابی 2026

