قەهرەمان عوسمان، بەرپرسی ئۆفیسی شفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی لە دیاسپۆرا، بە یاوەریی مەمێ مەمۆیی، سەرۆکی فیدراسیۆنی شنگال و دکتۆر هەڤاڵ مەهدی نزارکی، بەرپرسی تۆڕی خوێندەڤانانی کورد لە ڕووسیا، دوو دیداری جیاوازیان لەگەڵ خوێندەڤانانی کورد و نوێنەرانی جڤاکی کوردی ڕۆژئاوا ئەنجام دا.
لە میانی ئەو دیدارەدا کە لە ڕوسیا بەڕێوەچوو، باس لە کارنامە و چالاکییەکانی نووسینگەی دیاسپۆرا لە بارەگای بارزانی و کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی کرا.
تەوەری سەرەکی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە چۆنیەتی خزمەتکردنی کوردانی تاراوگە و بایەخدانی زیاتر بە زمان، ناسنامە و کولتووری کوردی، وەک بەشێکی گرنگ لە ستراتیژیی کارکردنی کۆنفیدراسیۆن بۆ یەکخستنی تواناکانی کورد لە دەرەوەی وڵات.
ئامادەبووانی دیدارەکە لە خوێندەڤانان و ڕەوەندی کوردی، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی و پێشوازیی گەرم لەو هەنگاوانە، جەختیان لە گرنگیی خەبات و کارەکانی کۆنفیدراسیۆن کردەوە، هەروەها بەڵێنیاندا وەک بەشێکی کارا، پشتگیری و بەشداریی تەواو لە پرۆژە و چالاکییە نەتەوەییەکاندا بکەن کە ئامانج لێی بەهێزکردنی پێگەی کوردە لە ڕووسیا.
ئەم جۆرە کۆبوونەوانە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی بارەگای بارزانی و ئۆفیسی شفا بارزانی دێت بۆ دروستکردنی پردێکی پەیوەندیی نێوان نیشتمان و ڕەوەندی کوردستانی لە هەموو جیهاندا، ئامانجیش لەو کۆبوونەوە و چالاکییانە، ڕێکخستنەوەی نێوخۆیی کوردانی دیاسپۆرا و پاراستنی کلتووری نەتەوەییە لە بەرانبەر ئاستەنگەکانی دەرەوە، هاوکات لەگەڵ دابینکردنی پاڵپشتی بۆ خوێندەڤانان و رەوەندی کوردستانی لە وڵاتانی دیاسپۆرا.


