تیپی هونەرە میللییەکانی هەولێر دوای 6 ڕۆژ لە پێشکەشکردنی زنجیرەیەک چالاکیی هونەری، کلتووری و کارناڤاڵی جەماوەری، کۆتایی بە بەشدارییە سەرکەوتووەکەی لە 12مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فۆلکلۆری لە شاری پڵۆکی وڵاتی پۆڵەندا هێنا.
لە کۆتا ڕۆژی فێستیڤاڵەکەدا، شاندی هەرێمی کوردستان دیارییەکی سیمبولییان وەک نیشانەی ڕێز و دۆستایەتی پێشکەش بە بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەکە کرد.

لە کۆتا ڕۆژی چالاکییەکاندا، شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سیروان عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر، بە مەبەستی دەربڕینی سوپاسگوزاری بۆ ئەو میواندارییە گەرمەی لێیان کراوە، دیارییەکی تایبەتیی هەرێمی کوردستانیان پێشکەش بە (Piotr Onyszko) بەڕێوەبەری فێستیڤاڵی ڤیستولا کرد. ئەم هەنگاوە وەک پەیامێکی دیپلۆماسیی کلتووری بینرا کە تێیدا هونەر بووە پردێک بۆ نزیککردنەوەی گەلان و بەهێزکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە دەرەوەی سنوورە جوگرافییەکان.

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، سیروان عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر و سەرۆکی شاندەکە ئاماژەی بەوە کرد، پێشکەشکردنی ئەم دیارییە تەنها یادگارییەکی پرۆتۆکۆلی نییە، بەڵکو گوزارشت لە ڕەنگدانەوەی پەیوەندییەکی ڕەسەنی کلتووری و نیشانەی ڕێزگرتنی دوولایەنەیە لە نێوان کوردستان و پۆڵەندادا، جەختی کردەوە کە بەشداریی تیپی هونەرە میللییەکانی هەولێر دەرفەتێکی زێڕین بوو بۆ ناساندنی ناسنامەی نەتەوەیی، جلی ڕەسەنی کوردی و کۆریۆگرافیای فۆلکلۆری بە بینەرانی جیهانی و وڵاتانی بەشداربوو.

فێستیڤاڵی ئەمساڵ کە لە 17 تا 23ی ئاب بەردەوام بوو، میوانداریی گرووپە فۆلکلۆرییەکانی وڵاتانی ئیسپانیا، بەڕازیل، لەتیڤیا، ئۆکرانیا و کوردستانی کردبوو، سەرچاوە میدیاییەکانی پۆڵەندا ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئامادەیی شاندی هەرێمی کوردستان ڕەنگ و تامێکی تایبەتی بە خولەکە بەخشیوە و توانیویەتی سەرنجی ئامادەبووان بەرەو لای دەوڵەمەندیی کلتووری کورد ڕابکێشێت.
بەرنامەی کۆتایی فێستیڤاڵەکە بە ڕێوڕەسمێکی ئایینی لە بازلیکای کاتەدرای پڵۆک دەستی پێکرد و پاشان بە کەرناڤاڵێکی گەورە لە شەقامی تومسکا بەردەوام بوو، تیپی هونەرە میللییەکانی هەولێر بە نمایشکردنی تابلۆی هونەریی دروینە، کە وێنەیەکی زیندووی ژیانی کۆمەڵایەتی و کار و هەڵپەڕکێی کوردییە، بەشداریی کەرناڤاڵەکەی کرد، ئەم نمایشە بووە مایەی سەرنجی دانیشتووانی شارەکە و هونەرمەندانی وڵاتانی دیکە، کە تێیدا مۆسیقا و جوڵە وەک زمانێکی گەردوونی بۆ ئاڵوگۆڕی کەلەپوور بەکارھێنران.
ئەم بەشدارییە نێودەوڵەتییەی تیپی هونەرە میللییەکانی هەولێر وەک هەنگاوێکی هونەری گرنگ دەبینرێت بۆ بەردەوامبوون لە ناساندنی کەلەپووری کورد لەسەر شانۆ جیهانییەکان، هەروەها کردنەوەی ئاسۆیەکی نوێیە بۆ هاوکاریی هونەری لە نێوان هەرێمی کوردستان و فێستیڤاڵە جیهانییەکاندا کە ئامانجیان پاراستنی فۆلکلۆری گەلانە.
کارزان حەیدەر
https://www.facebook.com/karzan.haedar.7

