بە سەرپەرشتی سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی، پانێڵێک بە مەبەستی بەشداریکردنی کوردانی نیشتەجێی سوید بۆ هەڵژاردنە پەرلەمانییەکەی ئەو وڵاتە ساز کرد، کە تێیدا چەند کاندیدێکی کورد لەسەر لیستی پارتە جیاجیاکانی ئەو وڵاتەش تێیدا بەشدار بوون.

ڕۆژی شەممە رێکەوتی ٢٩ی ئابی ٢٠٢٦ لە شاری ستۆکهۆڵم بە سەرپەرشتی ئیسماعیل کامل سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، پانێڵێکی گفتوگۆ بە ئامانجی ناساندن و پشتگیریکردنی کاندیدە کوردەکان لە هەڵبژاردنی سوید ساز کرا.

کۆبوونەوەکە بە وتاری سەرۆکی کۆنفیدراسیۆن دەستی پێ کرد و بەرنامەکە لەلایەن شەرمین بۆزئەرسەلان جێگری سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، بەڕێوە برا.

لە پانێڵەکەدا کۆڤان ئامیدی ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری، ڕۆژوان یەشیل سکرتێری فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان، ئەڤین شنگالی سەرۆکی کۆمەڵەی ژنانی دیاسپۆرای کورد، هەروەها ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆمەڵە و چالاکوانانی کورد بەشدارییان کرد.

ئیسماعیل کامل سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، لە وتارەکەیدا جەختی لەسەر گرنگیی بەشداریی کوردانی سوید لە پرۆسەی هەڵبژاردن کرد و ئاماژەی بە مێژووی تۆڕی هاوکاریی نوێنەرانی پەرلەمان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان سوید و کوردستان کرد.

هەروەها سەرۆکی کۆنفیدراسیۆن پشتگیریی KDC بۆ بەشداریی کوردان لە بوارە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەو کۆمەڵگەیەی تێیدا دەژین ڕاگەیاند.
لە بەشی دیکەی بەرنامەکەدا، توێژەر عەلی عەبدولزادە توێژینەوەکەی خۆی لەسەر بەشداریی گەنجان لە سیاسەتدا پێشکەش کرد.
دواتر کاندیدە کوردەکانی پەرلەمانی سوید خۆیان و بەرنامە سیاسییەکانیان ناساند و باسیان لەو هەنگاوانەیان کرد، کە دەیانەوێت لە ئەگەری هەڵبژێردراندا جێبەجێی بکەن. هەروەها وەڵامی پرسیارەکانی بەشداربووانیان دایەوە.
کاندیدە کوردە بەشداربووەکان بریتی بوون لە:
کادیر کادیرگا، لە پارتی سۆسیال دیموکرات، ستۆکهۆڵم – پلەی ٥
هاوار ئاسایش، لە پارتی چەپ، ناوچەی ڤاستمانلاند – پلەی ١
نوژین ئالاجەبێک، لە پارتی چەپ، ناوچەی ستۆکهۆڵم – پلەی ٩
سەروان بۆزئەرسەلان، لە پارتی سەوز/ژینگە، ناوچەی ستۆکهۆڵم – پلەی ٨
لەنجە شەریف، لە پارتی لیبراڵ، ناوچەی یۆنشۆپینگ – پلەی ٣
شوان کریم، لە پارتی سەوز/ژینگە، ستۆکهۆڵم – پلەی ٢٦
جێی باسە، ئەم پانێڵە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بۆ هاندانی بەشداریی سیاسیی کوردانی دیاسپۆرا و ناساندنی دەنگ و توانای کۆمەڵگەی کوردی لە سوید دێت.

