KDC

بەڵگەفیلمی ژیان دوای ئازادی دەگاتە هیندستان و کاندیدی خەڵاتێکی نێودەوڵەتییە

بەڵگەفیلمی ژیان دوای ئازادی لە دەرهێنانی سینەماکار شەماڵ حوسێن، بە فەرمی کاندید کرا بۆ بەشداریکردن لە کێبڕکێکانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەحمەدئاباد (AIFF) لە وڵاتی هیندستان، ئەم بەرهەمە کوردییە کە مێژوویەکی سەرکەوتووی لە نمایشکردن لە ئەمریکا هەیە، ئێستا لە چوارچێوەی چالاکییە جیهانییەکانیدا بەرەو بەدەستهێنانی خەڵاتێکی تری نێودەوڵەتی هەنگاو دەنێت.


فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەحمەدئاباد بۆ ساڵی 2026، خشتەی چالاکییەکانی ڕاگەیاندووە کە بۆ ماوەی 3 ڕۆژ بەردەوام دەبێت، بەپێی کارنامەکە، لە ڕۆژانی 30ی ئەیلوول و 1ی تشرینی یەکەم نمایشکردنی فیلمە کاندیدکراوەکان بەڕێوەدەچێت، کە فیلمی ژیان دوای ئازادیش یەکێک دەبێت لە بەرهەمە دیارەکان، بڕیارە لە ڕۆژی 2ی تشرینی یەکەمی 2026، لە مەراسیمێکی تایبەتدا خەڵاتەکانی فێستیڤاڵ بەسەر سەرکەوتووەکاندا دابەش بکرێن، ئەم خولەی فێستیڤاڵەکە لەلایەن ڕێمبۆ ئیڤێنتس و ئۆمگورو فیلمس ڕێکخراوە.

دەرهێنەر شەماڵ حوسێن بە ماڵپەڕی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی ڕاگەیاند: ئەم بەڵگەفیلمە 22 خولەکییە، چیرۆکێکی مرۆیی کاریگەر لەسەر ژیانی گەنجانی کوردی ئێزیدی لە دوای ڕزگاربوونیان لە ژێر دەسەڵاتی داعش دەگێڕێتەوە، ناوەڕۆکی فیلمەکە تیشک دەخاتە سەر ئیرادەی ئەو گەنجانە بۆ دەستپێکردنەوەی ژیان لە ڕێگەی هاوسەرگیری و دروستکردنی خێزان، سەرەڕای ئەو زەبرە دەروونییە قورس و ناخۆشیانەی لە ماوەی ڕابردوودا بەسەریان هاتووە.


شەماڵ حوسێن لە ڕێگەی ئەم بەرهەمەیەوە توانیویەتی سەرنجی ناوەندە جیهانییەکان بۆ لایەنی مرۆیی و کۆمەڵایەتی قوربانیانی جەنگ ڕابکێشێت، کاندیدکردنی ژیان دوای ئازادی لە فێستیڤاڵێکی هیندستان دوای نمایشکردنی لە ئەمریکا، وەک دەستکەوتێکی نوێی سینەمای کوردی ئەژمار دەکرێت کە تێیدا پەیامی ئاشتی و ژیانەوەی گەلی کورد بە زمانی هونەر دەگەیەنرێتە بینەرانی بیانی.

___

ئەمەریكا لەسەر مەترسی دووبارەبوونەوەی ئەزموونی ئەفغانستان لە عێراق بڕیار دەدا

KDC

کۆنفیدراسیۆن کەمپینێک ساز دەکات

Harmn

کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بەبۆنەی تێپەڕینی 18 ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژییەکەی قامیشلۆ پەیامێک بڵاودەکاتەوە

Harmn