سەرپەرشتیاری گشتیی رەوەندی کوردستانی لە بارەگای بارزانی، بەشداری فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کۆبانێی لە ئەڵمانیا کرد و تێیدا وتارێکی پێشکەش کرد.
ئەمڕۆ هەینی ڕێکەوتی ٤ی٩ی٢٠٢٦، شفا بارزانی سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی، بەشداریی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی خولی حەوتەمی فیلمی کۆبانێی لە شاری گیلزێنکیرشن-ی ئەڵمانیا کرد.

شفا بارزانی لە یەکەم رۆژی فێستیڤاڵەکەدا وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا جەختی لە گرنگیی سینەما کردەوە و رایگەیاند: فیلم تەنیا هونەر نییە، بەڵکوو ئامرازێکە بۆ پاراستنی دیرۆک، ناسنامە و کەلتووری گەلان.

ئەو ئاماژەی بەوە کرد، هەر گەلێک خاوەنی سینەمایەکی بەهێز بێت، دەتوانێت مێژوو و ناسنامەی خۆی بپارێزێت و بە جیهانی بناسێنێت.

سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی، هەروەها پێداگری کردەوە، کە سینەما دەبێت دوور بێت لە هەموو ئایدۆلۆژیایەک و تەنیا بۆ خزمەتکردنی هونەر و بەرژەوەندیی کورد و کوردستان بەکار بهێنرێت.

لە بەشێکی گوتارەکەیدا، داوای لە ئامادەبووان کرد، کە هەر کوردێک، چ کرێکار، سینەماکار، پزیشک، ئەندازیار …هتد هەیە، پێویستە لەپێناو دۆزی رەوای کورد و کوردستان کار بکەن و ببنە لۆبییەکی بەهێز بۆ ناساندن و پاراستنی گەلی خۆیان، هەر بۆیە لۆبیکردنی بە کارێکی سەرەکیی وێنا کرد و بە پێویستی زانی هەمووان گرنگی پێ بدەن.

جێی باسە، فێستیڤاڵی کۆبانێ، جەخت لەسەر سینەمای سەربەخۆ و فیلمەکانی جیهانی جۆراوجۆر دەکاتەوە، بەتایبەتیی گرنگی بە کۆمەڵگەکان دەدات، کە بە شێوەیەک نوێنەرایەتیی کەمینەکان دەکات و تێیدا چالاکییەکانی فێستیڤاڵەکە بریتییە لە پیشاندانی فیلم، کۆبوونەوە و گفتوگۆ، ئاڵوگۆڕی کەلتووری.

