یانەی ئامەدسپۆر لە یارییەکی بەهێز و پڕ لە گۆڕانکاریدا، توانی یەکسانبوونێکی بەنرخ لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەدەستبهێنێت و دوای ئەوەی بە 2 گۆڵ لە دواوە بوو، ئەنجامەکەی بەرامبەر یانەی قاسم پاشا یەکسان کردەوە،. ئەم ئەنجامە وایکرد یانە کوردییەکە بە شێوەیەکی کاتی سەرکەوێت بۆ پلەی سێیەمی ڕیزبەندی خولی نایابی تورکیا (سوپەرلیگ).
یارییەکە سەعات 5:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 6-9-2026 لە ئیستەنبووڵ بەڕێوەچوو، لە گێمی یەکەمدا سەرەڕای ئەوەی ئامەدسپۆر 63%ی کۆنتڕۆڵی تۆپی لەدەستدا بوو، بەڵام قاسم پاشا لە خولەکی 20 لەرێگەی گوڤەن یاڵچنەوە گۆڵی پێشکەوتنی تۆمارکرد، لە دەستپێکی گێمی دووەمیشدا و لە خولەکی 52، ئادریان بینیزاک گۆڵی دووەمی بۆ خاوەن یاریگە زیادکرد و ئەرکی ئامەدسپۆری قورس کرد.
وەرچەرخانی سەرەکی لە یارییەکەدا دوای گۆڕانکارییەکانی راهێنەری ئامەدسپۆر هات، کاتێک گیفت ئۆربانی هێرشبەری نەیجیری لە شوێنی مبایێ جاگنێ هاتە ناو یاریگا، ئۆربان تەنها 14 خولەک دوای بەشدارییکردنی، لە خولەکی 59 یەکەم گۆڵی یانەکەی تۆمارکرد و لە خولەکی 83شدا گۆڵی دووەم و یەکسانبوونی هێنایە بەرهەم. خولەکەکانی کۆتایی یارییەکە شایەتی گرژییەکی زۆر بوون و ناوبژیوان 7 کارتی زەردی بەرزکردەوە، کە 5 کارتیان تەنها بەرامبەر یاریزانانی قاسم پاشا بوون، بەتایبەت لە خولەکی 90دا کە 4 یاریزانی ئەو یانەیە پێکەوە کارتی زەردیان وەرگرت.
ئامەدسپۆر بەم یەکسانبوونە کۆی خاڵەکانی گەیاندە 7 خاڵ و لە پلەی سێیەمی خشتەکەدا جێگیر بوو، لە دوای یانەکانی گەڵاتاسارای بە 10 خاڵ و بێشکتاش بە 9 خاڵ، ئەمە چوارەمین یاریی ئامەدسپۆر بوو لەم وەرزەدا، کە تێیدا خاوەنی 2 سەرکەوتن بەرامبەر ئەرزەڕۆم سپۆر و ترابزۆن سپۆرە، لەگەڵ یەک شکستی بەرامبەر کۆجائەلی سپۆر و یەکسانبوونەکەی ئەمڕۆی بەرامبەر قاسم پاشا.

