پۆلیسی کانتۆنی شافهاوزن لە سویسرا پشکنین و شیکارییە پزیشکییەکانی بۆ دیاریکردنی ناسنامەی تەرمی گەنجێکی 24 ساڵ چڕ کردووەتەوە کە لە رووباری راین خنکاوە، هاوکات تاوەکو ئێستا بە فەرمی ئەو دەنگۆیانە پشتڕاست یاخود رەت نەکراونەتەوە کە باس لەوە دەکەن قوربانییەکە خەڵکی شاری هەولێر بێت لە هەرێمی کوردستان.
ڕووداوەکە لە دوانیوەڕۆی هەینی، 4ی ئەیلوولی 2026 ڕوویداوە، دوای ئەوەی ژووری ئۆپەراسیۆن و کۆنترۆڵی هاتووچۆی کانتۆنەکە لە خنکانی هاووڵاتییەک لەنێو ئاوی رووباری راین ئاگادار کرانەوە، دەستبەجێ تیمەکانی بەهاناوەچوون لە رێگەی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشەوە کە هێلیکۆپتەری فریاگوزاریشی تێدا بەکارهێنرا، دەستیان بە گەڕان کرد و لە دوانیوەڕۆی هەمان رۆژدا تەرمی گەنجەکەیان لە نزیک پردی پیادەی فلورلینگن دۆزییەوە و لە ئاوەکە دەرهێنرا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستکەوتوون، لە پۆلیسی کانتۆنی شافهاوزن، هێشتا تەرمەکە لە دادپزیشکییە و شیکاریی بۆ تەرمەکە دەکرێت، ناسنامەی گەنجە خنکاوەکە بە تەواوی یەکلایی نەبووەتەوە. لایەنە ئەمنییەکانی سویسرا جەخت لەوە دەکەنەوە کە تۆماری پەیوەندیکردن بە کەسوکاری دانیشتووانی بیانی لە وڵاتەکەیاندا پارێزراوە، بەڵام رێکارەکان بە جۆرێکن کە تەنیا دوای ناسینەوەی ناسنامەی تەرمەکە، پۆلیسی فیدراڵی بە فەرمی خێزان و کەسوکاری قوربانییەکە لە مەرگی ئاگادار دەکاتەوە، هەربۆیە دەسەڵاتدارانی ناوچەکە تا ئەم ساتە نە کوردبوونی ئەو گەنجەیان پشتڕاست کردووەتەوە و نە دەنگۆکانیشیان رەت کردووەتەوە.
ئەم روونکردنەوە فەرمییانە لە کاتێکدایە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا زانیاریی بەرفراوان بڵاوکرابووەوە بەوەی قوربانییەکە ناوی ( م. ر ) ە و خەڵکی شاری هەولێرە، بەڵام تاوەکو تەواوبوونی پشکنینە پزیشکییەکان و راگەیاندنی فەرمیی پۆلیسی فیدراڵی، دۆسیەکە بە کراوەیی و ناسنامەی کەسەکەش بە ناڕوونی دەمێنێتەوە.

