پارتی سۆسیال دیموکراتی سوێد لە ئامادەکارییەکانیدا بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمان و شارەوانییەکان، کار لەسەر بەدەستهێنانی دەنگی دیاسپۆرای کوردی دەکات، هاوکات سەرکردەیەکی دیاری ئەو پارتەش ئاشکرای دەکات لە ئەگەری بردنەوەیان و پێکهێنانی کابینەی نوێ، چانسێکی زۆر لەبار هەیە کە بۆ یەکەمجار لە مێژووی سوێددا پۆستێکی باڵای وزاری بە هاووڵاتییەکی بەڕەچەڵەک کورد بسپێردرێت.
قادر کاسرگا، بەربژێری ژمارە 5ی پارتی سۆسیال دیموکرات بۆ پەرلەمانی سوێد روونی دەکاتەوە کە رەوەندی کوردی بووەتە پێکهاتەیەکی کاریگەر لە کۆمەڵگەی سوێدیدا و لە بوارەکانی سیاسەت، رۆشنبیری، هونەر و بازرگانیدا پێگەیەکی بەرچاویان هەیە. ئاماژە بەوە دەکات کە ئەگەر بێتو لەم هەڵبژاردنەدا سەرکەوتن بەدەستبهێنن و حکومەتێک بە سەرۆکایەتیی ماگدالێنا ئەندەرسۆن دابمەزرێنن، لەنێو ریزەکانیاندا کادیری لێهاتووی کورد ئامادەن بەرپرسیارێتییە باڵاکان بگرنە ئەستۆ، بەتایبەت لاوین رێدار کە وەک گوتەبێژی پارتەکە بۆ کاروباری تێکەڵکردن کار دەکات و یەکێک دەبێت لە بژاردە سەرەکییەکان بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیر لە کابینەی نوێدا.
بەشداریی سیاسیی کورد لەم خولەی هەڵبژاردنەکاندا فرەوانتر بووە، بە جۆرێک زیاتر لە 200 کاندیدی کورد لەسەر لیستی لایەنە جیاوازەکان و بەتایبەتی لەنێو سۆسیال دیموکراتەکان کێبڕکێ دەکەن، چاوەڕوانیش دەکرێت بەهۆی بەرزبوونەوەی هۆشیاریی سیاسیی دیاسپۆرا، ئەم ژمارەیە تاوەکو ساڵی 2030 بگاتە نێوان 300 بۆ 400 بەربژێر، سەرکردایەتیی پارتەکە لە هەمان کاتدا هەوڵی داوە نیگەرانییەکانی رابردووی دەنگدەرانی کورد سەبارەت بە لێکەوتەکانی پەیوەستبوونی سوێد بە پەیمانی ناتۆ بڕەوێنێتەوە و جەخت دەکاتەوە کە لە ماوەی 4 ساڵی رابردووی مانەوەیان لە بەرەی ئۆپۆزیسیۆن، پەیوەندییەکی نزیکتریان لەگەڵ رەوەندی کوردی و دۆزی گەلەکەیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست کردووە.
ئەم جموجۆڵە سیاسییەی سۆسیال دیموکراتەکان لە کاتێکدایە کە لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا پارتەکە بە جیاوازییەکی زۆر کەم کە تەنیا نزیکەی 55 هەزار دەنگ بوو، دەسەڵاتی بۆ هاوپەیمانیی راستڕەوەکان لەدەستدا، ئێستاش دەنگی کۆمەڵگەی دیاسپۆرا، بەتایبەت دەنگدەرانی کورد، وەک کەرەستەیەکی چارەنووسساز دەبینرێت بۆ یەکلاکردنەوەی هاوکێشەی دەسەڵات و گەڕانەوەی پارتەکە بۆ پێشەنگایەتیی حکومەتی داهاتووی سوێد.

