KDC

تەرمی ئەو گەنجە هەولێرییە دەگەڕێنرێتەوە کوردستان کە لە تاڤگەی ڕاینفال لە سویسرا خنکا بوو

لە چوارچێوەی بەجێگەیاندنی ئەرکی مرۆڤدۆستانە و نەتەوەییەکانیان، بەپێی ڕێنماییەکانی سەرۆک مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هاوکات لە پێناو خزمەتکردنی هاونیشتمانییان لە دیاسپۆرا و پشتیوانیکردن لە یەکگرتنی ڕەوەندی کوردی بە سەرپەرشتیی شفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتی رەوەندی کوردستانی، لێژنەی ناوچەی سویسرای پارتی دیموکراتی کوردستان تەواوی ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان و تێچووی دارایی گەڕاندنەوەی تەرمی محەمەد ڕەحمان محەمەد خەیلانی گرتە ئەستۆ، ئەم گەنجە 24 ساڵانەی خەڵکی شاری هەولێر، لە سەرەتای ئەم مانگەدا لە کاتی مەلەکردندا لە تاڤگەی مەترسیداری ڕاینفال لە سویسرا خنکا بوو و لە چەند ڕۆژی داهاتووشدا تەرمەکەی بە فەرمی دەگەیەنرێتەوە ئامێزی کەسوکاری لە پایتەختی هەرێمی کوردستان.

سەربەست کەرەم زەینەل، بەرپرسی لێژنەی ناوچەی سویسرای پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی ڕایگەیاند کە، کۆچکردوو لە دایکبووی 23/05/2002ی شاری هەولێرە و بەهۆی ئەوەی ماوەیەکی کەم بوو ڕووی لە کەمپی پەنابەرانی شاری شەفهاوزن کردبوو، لە نێو کۆمەڵگەی کوردیدا لە سویسرا نەناسرابوو، لە ڕۆژی هەینی، 04/09/2026، ڕووی لە ناوچەی بەناوبانگی ڕاینفال کردووە کە بەهۆی بەهێزیی تەوژمی ئاوەکەیەوە یەکێکە لە شوێنە هەرە مەترسیدارەکان بۆ مەلەکردن، بەو هۆیەوە لە ئاوەکەدا خنکاوە و دوای ئاگادارکردنەوەی پۆلیس، لە ڕێگەی هێلیکۆپتەرەوە تەرمەکەی لە ڕووبارەکە دەرهێنراوە و گەیەنراوەتە نەخۆشخانەی شەفهاوزن.

بە گوتەی بەرپرسی لێژنەی ناوچەی پارتی، دوای چوار ڕۆژ بەسەر ڕووداوەکەدا، هاووڵاتییەکی کوردی کریستیانی خەڵکی زاخۆ بە ناوی مۆریس دێرەبینی، بەدواداچوونی بۆ هۆکاری نەگەڕانەوەی محەمەد کردووە و لە ڕێگەی بەڵگەنامەکانی کەمپەکەوە زانیویەتی کە گەنجێکی کوردی خەڵکی هەولێرە، مۆریس دەستبەجێ دژوار مەسعود نێروەیی لە لێژنەی ناوچەی پارتی لە سویسرا ئاگادار کردووەتەوە تا ڕێگری بکرێت لەوەی وەک بێناسنامە لەو وڵاتە بەخاک بسپێردرێت، دواتریش لێژنەی ناوچەی پارتی هاتووەتە سەر هێڵ و دوای دەستکەوتنی بەڵگەنامەکان، پەیوەندی بە نازمی برای کۆچکردووەوە لە هەولێر کراوە و وێڕای سەرەخۆشی، ڕەزامەندیی بنەماڵەکەی وەرگیراوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان بە تەواوی ئەرکی هێنانەوەی تەرمەکە بۆ هەولێر لە ئەستۆ بگرێت.

سەربەست کەرەم زەینەل ئاماژەی بەوەش دا کە دەستبەجێ لەگەڵ دەشتی ئامێدی لە باڵیۆزخانەی عێراق لە بێرن و سەڵاح زاخۆیی لە کۆمپانیای فورات هەماهەنگی کراوە، سەرەڕای ئەوەی کۆمپانیاکە داوای 5000 فرەنکی وەک گەرەنتی کردبوو، بەڵام بە هاوکاریی دەستەی کارگێڕیی لێژنەی ناوچە و بەرپرس و ئەندامانی ڕێکخراوەکانی پارتی لە سویسرا لە ماوەی دوو ڕۆژدا بڕی پێویست کۆکرایەوە، کە 4500 فرەنک بۆ بلیت و گواستنەوە و 200 فرەنکیش بۆ خەرجیی شۆردن درایە کۆمپانیا، ڕۆژی هەینی، 11/09/2026، کاتژمێر 2:00ی پاشنیوەڕۆ لە گۆڕستانی موسڵمانان لە شاری زوریخ، بە ئامادەبوونی نزیکەی 20 هەڤاڵی لێژنەی ناوچە، ڕێوڕەسمی شۆردن و نوێژ لەسەر تەرمی کۆچکردوو بە شێوازێکی شایستە بەڕێوەچوو.

لە بارەی دواین هەنگاوەکانی گواستنەوەی تەرمەکەشەوە، ڕوونی کردەوە کە ڕۆژی دووشەممە، 14/09/2026، باڵیۆزخانەی عێراق لە بێرن مۆری فەرمی لەسەر تابووتەکە دەدات و هەر لەم هەفتەیەدا تەرمەکە بەڕێ دەکرێتەوە بۆ کوردستان، هاوکات زەکی عەلی ئیسماعیل، بەرپرسی ڕێکخراوی زوریخی پارتی، لەگەڵ تەرمەکە دەگەڕێتەوە هەولێر تا وێڕای گەیاندنی هاوخەمی، هاوکاریی دارایی لێژنەی ناوچەش ڕادەستی بنەماڵەی کۆچکردوو بکات.

سەربەست کەرەم زەینەل لە لێدوانەکەیدا بۆ ماڵپەڕی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، بە ناوی ڕەوەندی کوردی لە سویسرا سوپاسی هاوکارییەکانی حکومەتی سویسرای کرد، هەروەها پێزانینی ئاراستەی مۆریس دێرەبینی، دژوار مەسعود نێروەیی، دەشتی ئامێدی لە باڵیۆزخانەی عێراق، سەڵاح زاخۆیی لە کۆمپانیای فورات و خاوەنی کۆمپانیاکە کرد، لەگەڵ دەستەی کارگێڕیی لێژنەی ناوچە و تەواوی کادیر و ئەندام و دۆستانی پارتی لە سویسرا بۆ هەڵوێستی کوردایەتی و مرۆڤدۆستانەیان، سەربەست کەرەم  جەختی کردەوە کە هەمیشە وەک ئەرکێکی نیشتمانی، لەسەر ڕێبازی پارتی و بارزانی و لەژێر ڕێنماییەکانی سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، خزمەتکاری دیاسپۆرا و تەواوی کوردستانییان دەبن و پشتگیری لە یەکگرتنی کوردانی دیاسپۆرا دەکەن بە سەرپەرشتیی کاک شفا بارزانی.

___

کەشو هەوای سەری ساڵ

Harmn

گرنگی ناوەندی ڕەوەندی کورد لەدەرەوە .. لە ئێستاو داهاتوودا

KDC

ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لە سویسرا پرسەو سەرخۆشی ئاراستەی سەیران خان دەکات

Harmn