بە پشتیوانی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی، سبەی چوارشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2026، کاتژمێر 9:00ـی سەرلەبەیانی، تەرمی محەممەد ڕەحمان خەیلانی، ئەو گەنجە تەمەن 24 ساڵەی خەڵکی شاری هەولێر کە لە ئاوی رووباری راین لە سویسرا خنکابوو، دوای تەواوبوونی سەرجەم ڕێکارە یاسایی و فەرمییەکان، دەگاتەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و ڕادەستی کەسوکارەکەی دەکرێتەوە.
سەربەست کەرەم زەینەل نێروەیی، بەرپرسی لێژنەی ناوچەی سویسرای پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ڕێگەی ماڵپەڕی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانییەوە، تەواوی وردەکاریی دۆسیەکەی خستەڕوو و رایگەیاند، تەرمەکە دوێنێ لە یەکێک لە فڕۆکەخانەکانی سویسراوە بەڕێکراوە، ئەمشەو دەگاتە فڕۆکەخانەی تورکیا و بۆ ماوەی 9 کاتژمێر لە ترانزێت دەمێنێتەوە، بەیانیی سبەی چوارشەممەش 16ـی ئەیلوولی 2026 دەگاتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.
هەر بەپێی زانیارییەکانی سەربەست کەرەم زەینەل نێروەیی، زەکی عەلی ئیسماعیل کۆچەر، بەرپرسی ڕێکخراوی زوریخی پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک نوێنەری لێژنەی ناوچەی سویسرا یاوەریی تەرمەکە دەکات تا هەولێر و بە فەرمی ڕادەستی خانەوادەکەی دەکاتەوە، هەروەها بڕیارە هاوکارییەکی دارایی کە لە لایەن لێژنەی ناوچەکەوە دابین کراوە، ڕاستەوخۆ بگەیەندرێتە دەستی دایکی کۆچکردوو، هاوکات نوێنەرانی لێژنەی ناوچەی سویسرا لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی ئەو گەنجەدا لە هەولێر ئامادە دەبن.
ڕێکارە ئیدارییەکانی گەڕاندنەوەی تەرمەکە، دوای ئەوە هات کە ڕۆژی هەینی، 11ـی ئەیلوولی 2026 کاتژمێر 2:00ـی دوانیوەڕۆ، لە گۆڕستانی موسڵمانان لە شاری زوریخ، بە ئامادەبوونی نزیکەی 20 هەڤاڵی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕێوڕەسمی شوشتن و نوێژ لەسەرکردنی تەرمەکە بەڕێوەچوو، پاشان ڕۆژی دووشەممە، 14ـی ئەیلوولی 2026 کاتژمێر 1:30ـی پاشنیوەڕۆ، لە باڵیۆزخانەی عێراق لە شاری بێرن بە هاوکاریی دەشتی ئامێدی کارمەندی باڵیۆزخانە، مۆری فەرمی لەسەر تابووتەکە درا و کارەکانی گەڕاندنەوەی کۆتاییان پێهات، تێچووی گەڕاندنەوەکەش کە 4500 فرەنکی سویسری بۆ بلیت و 200 فرەنک بۆ شوشتن بوو، لە ڕێگەی هەڵمەتێکی کۆکردنەوەی هاوکاری لەنێوان کادیران و ئەندامانی لێژنەی ناوچە و ڕێکخستنەکانی پارتی لە سویسرا و هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیای فورات و سەڵاح زاخۆیی دابین کرا.
قوربانییەکە ناوی محەمەد ڕەحمان محەمەد خەیلانییە و لەدایکبووی 23ـی ئایاری 2002ـی شاری هەولێرە، ناوبراو ماوەیەکی کەم بوو وەک پەنابەر گەشتبووە وڵاتی سویسرا و لە کەمپی پەنابەرانی شاری شافهاوزن خۆی تۆمار کردبوو، بەهۆی کەمیی ماوەی مانەوەیەوە لەنێو کوردانی سویسرادا نەناسرابوو.
دوای چوار ڕۆژ لە بێسەروشوێنبوونی، گەنجێکی کریستیانی خەڵکی زاخۆ بە ناوی مۆریس دێرەبینی، کە هاوڕێی بووە لە کەمپەکە، هەستی بە نەگەڕانەوەی محەمەد کردووە و ناسنامەکەی لە کەمپەکە دۆزیوەتەوە، دواتر لە مەترسیی ئەوەی کە ئەگەر کەس خاوەندارێتی لە تەرمەکە نەکات بە بێدەنگی لە گۆڕستانی گشتی دەسپێردرێت، پەیوەندی بە دژوار مەسعوود نێروەیی کردووە و ئەویش لێژنەی ناوچەی سویسرای پارتی لێ ئاگادار کردووەتەوە، دەستبەجێ لێژنەکە پەیوەندییان بە نازمی برای محەمەدەوە لە هەولێر کردووە و دوای ڕەزامەندیی خێزانەکەی، هەموو ئەرک و ڕێکارە یاسایی و داراییەکانی گەڕاندنەوەی تەرمەکەیان گرتووەتە ئەستۆ.
رووداوەکە پاشنیوەڕۆی ڕۆژی هەینی، 4ـی ئەیلوولی 2026 ڕوویدابوو، کاتێک محەمەد ڕەحمان بۆ مەلەکردن چووبووە سەر رووباری راینفال کە شوێنێکی گەشتیاریی بەناوبانگی ئەوروپایە بەڵام بەهۆی بەهێزیی تەوژمی ئاوەکەیەوە مەلەکردن تێیدا قەدەغە و مەترسیدارە، دوای دیارنەمانی لەنێو ئاوەکەدا، بە ئاگاداریی گەشتیاران پۆلیس و تیمەکانی فریاگوزاری بە هێلیکۆپتەر تەرمەکەیان لە نزیک پردی فلورلینگن دەرهێنا و ڕەوانەی نەخۆشخانەی شافهاوزنیان کردبوو.



