KDC

کوردۆست جەمال ئیبراهیم؛ نەوەیەک لە دیاسپۆرا کە ڕەگ و ڕیشەکەی لەبیر نەکردووە

ناوی قوتابی: کوردۆست جەمال ئیبراهیم

بەرواری لەدایکبوون: ٢٦/١٠/٢٠١٤

شوێنی لەدایکبوون: بەلجیکا

شوێنی ژیان: ئەنتۆرپن، بەلجیکا

 

لە ١٩ی ئەیلولی ٢٠٢٦، قوتابخانەی کوردستان لە شاری ئەنتۆرپ بە فەرمی  دامەزرا و دەستی بە وانە وتنەوەی خۆی کرد. یەکێک لە قوتابییەکانی ئەم قوتابخانەیە، کوردۆست جەمال ئیبراهیمە؛ منداڵێکی کورد کە لە بەلجیکا لەدایک بووە و لەگەڵ دایک و خوشک و براکەی لە ئەنتۆرپن دەژی.

 

ئەوەی بۆ من جێگەی خۆشحاڵییە، ئەوەیە کە کوردۆست، سەرەڕای ئەوەی لە دیاسپۆرا لەدایک بووە و لە زێدی خۆی دوورە، بە ڕوونی هەستی بە کوردبوون و ناسنامەی کوردیی خۆی دەکات.

 

لەوێدا پێویستە بە تایبەتی سوپاسی دایکە بەڕێزەکەی، خاتوو تریفە، بکەین؛ چونکە لە منداڵییەوە هەوڵی داوە منداڵەکانی بە ناسنامەی خۆیان ئاشنا بکات و فێری ئەوەیان بکات کە کوردن و پێویستە زمان، مێژوو، کەلتور و ڕەگ و ڕیشەی خۆیان بناسن و بیپارێزن.

 

گفتوگۆیەکی سەرنجڕاکێش

 

لە یەکەم ڕۆژی دەستپێکردنی قوتابخانەکەدا، شتێک کە زۆر سەرنجی من و دکتۆر ئاراسی ڕاکێشا، قسە و تێڕوانینی کوردۆست بوو.

 

کاتێک باس لە جۆگرافیای کوردستان و کوردەکان کرا، کوردۆست بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش بەشداری گفتوگۆکە بوو.

 

لە کاتێکدا ڤیدیۆیەکی گۆرانییەک نیشان درا کە تێیدا دەوترێت «دوو، دوو، یەک»، کوردۆست پرسیاری کرد:

 

«بۆچی دەڵێن دوو، دوو، یەک؟»

 

دکتۆر ئاراس وەڵامی دایەوە:

 

«چوار پارچەی کوردستان یەکن.»

 

بەڵام کوردۆست بە بێ سەبر و بە شێوەیەکی دڵنیایەوە ووتی:

 

«کوردەکان لە پێنج پارچەدا دەژین؛ بۆ کوردستانی سوورتان لەبیر چووە؟ ئەی کوردە ئەرمەنی و یەزیدییەکان لەوێ نین؟»

 

ئەم وەڵامە بۆ من و دکتۆر ئاراس زۆر سەرنجڕاکێش بوو؛ چونکە پیشانی دەدا کە ئەم منداڵە تەنها ناوی کوردبوون نازانێت، بەڵکو هەوڵی داوە جۆگرافیا و مێژووی کورد و کۆمەڵە کوردییە جیاوازەکانیش بناسێت.

 

ڕەگ و ڕیشە لە دیاسپۆرا

 

چیرۆکی کوردۆست نموونەیەکە لەوەی کە ناسنامەی نەتەوەیی تەنها بە شوێنی لەدایکبوون دیاری ناکرێت. منداڵێک دەتوانێت لە وڵاتێکی تر لەدایک ببێت، لە کۆمەڵگەیەکی جیاواز گەورە ببێت، بەڵام بە خوێندن و فێربوونی زمان و مێژوو و کەلتوری خۆی، پەیوەندییەکەی بە ڕەگ و ڕیشەکەی بەهێز بکات.

 

ئەمەش گرنگیی کاری قوتابخانە کوردییەکان لە دیاسپۆرا دەخاتەڕوو؛ قوتابخانەکان تەنها شوێنی فێربوونی زمان نین، بەڵکو دەتوانن ببنە شوێنی ناساندنی مێژوو، کەلتور و بەهاکانی کۆمەڵگەی کوردی بە نەوەی نوێ.

 

کوردۆست جەمال ئیبراهیم یەکێکە لەو نموونانەیە کە مرۆڤ بە بینینیان دڵخۆش دەبێت؛ نموونەی منداڵێک کە لە دیاسپۆرا لەدایک بووە، بەڵام دەیەوێت زمان، مێژوو و ناسنامەی کوردیی خۆی بناسێت و بپارێزێت.

 

خۆشحاڵم کە دەبین نموونەی کوردۆستەکان زۆرن؛ نەوەیەکی نوێ کە لە دەرەوەی کوردستان گەورە دەبن، بەڵام دەتوانن پەیوەندیی خۆیان بە زمان و کەلتور و ڕەگ و ڕیشەی خۆیان بەهێز بپارێزن.

 

سوپاس بۆ دایک و باوکانی ئەو منداڵانەی کە لە دیاسپۆرا هەوڵ دەدەن زمان و کەلتوری کوردی بگەیەننە نەوەی نوێ.

سوپاس بۆ مامۆستایان و قوتابخانە کوردییەکان کە ئەم ڕێگایە بەردەوام دەکەن.

 

ناسک نەسیری

___

هاوپەیمانان: پابەندین بە هاوبەشییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان

KDC

مەڵباتی کۆچکردوو زێدان خەڵەف خەلیل سوپاسی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی دەکەن

Harmn

جیهان موسلیم بەشداریی کۆبوونەوەی وەزیرێکی ئەڵمانیای کرد

Xelan