شفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی لە بارەگای بارزانی، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی ژیان عومەر، کاندیدی سەرکەوتوو بۆ پەرلەمانی هەرێمی بەرلین کرد و سەرکەوتن و گەیشتنی بەو پەرلەمانە بە هەنگاوێکی پیرۆز، گرنگ و مایەی شانازی بۆ تەواوی گەلی کورد وەسف کرد.
لە پەیامەکەی ڕێزدار شفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتی رەوەندی کوردستانیدا هاتووە، ئەم سەرکەوتنە پێش هەموو شتێک مایەی دڵخۆشیی سەرۆک بارزانی و سەرجەم گەلی کوردستانە، هاوکات وەک سەرکەوتنی تەواوی نەتەوەی کورد و بەتایبەتی ڕەوەندی کوردی لە دەرەوەی وڵات تەماشا دەکرێت.
سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی لە بارەگای بارزانی وێڕای دەربڕینی هیوای سەرکەوتن بۆ ژیان عومەر لە ئەرکە نوێیەکەیدا لەپێناو پێشکەشکردنی خزمەتێکی باش و دڵسۆزانە، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئامادەبوونی لە پەرلەمانی بەرلین وەک نوێنەرێکی گەلی کورد، دەرفەتێکە بۆ پێشاندانی وێنەیەکی هاوچەرخ و دیموکراسییانەی گەلی کورد بە گەلانی دیکە، ئەوەش بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی گەورە و هاوکات مایەی سەربەرزییە.
لە پەیامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە دیاسپۆرای کوردستانی لە هەموو کاتێکدا دەرگای کراوەیە و وەک هێزێکی پشتیوان و هاوکار لە پاڵ جیان عومەردا دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیدا سەرکەوتووتر بێت.
ژیان عومەر، چالاکوان و سیاسەتمەداری کوردە لە ئەڵمانیا و لەسەر لیستی پارتی سەوز توانیویەتی متمانەی دەنگدەران مسۆگەر بکات و بگاتە ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەرلین، سەرکەوتنی لە کایەی دیموکراسیی پایتەختی ئەڵمانیادا وەک یەکێک لە دەستکەوتە بەرچاوەکانی نوێنەرایەتیی سیاسیی کورد لە ئەورووپادا دەستنیشان دەکرێت.
ئەمە دەقی پەیامەکەیە:
بەڕێز: ژیان عومەر
پیرۆزبایی سەرکەوتنتان لێ دەکەم
بە ناوی خۆم و ڕەوەندی کوردستانییەوە، بە گەرمی پیرۆزباییتان لێ دەکەین، سەرکەوتنتان و هەڵبژاردنتان بۆ پەرلەمانی بەرلین، هەنگاوێکی زۆر پیرۆز، گرنگ و جێگەی شانازییە، بێگومان سەرکەوتنی ئێوە لە پێش هەمووانەوە دڵی سەرۆک بارزانی و تەواوی گەلی کوردستانی خۆش کرد، ئەم سەرکەوتنە، وەک سەرکەوتنی تەواوی گەلەکەمان و بەتایبەتی کوردانی دەرەوەی وڵاتە.
ئێمە هیوادارین لە ئەرک و کاری نوێتاندا زۆر سەرکەوتوو و سەرفراز بن و بتوانن خزمەتێکی باش، بەنرخ و دڵسۆزانە پێشکەشی کۆمەڵگە و شارەوانییەکەتان بکەن.
ئێوە ئەمڕۆ وەک نوێنەرانی گەلی کورد لەو پەرلەمانەدا ئامادەییتان هەیە، بۆیە سیمای هاوچەرخ و دیموکراسییانەی گەلەکەمان نیشانی گەلانی دیکە دەدەن، ئەمە بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە و لە هەمان کاتدا جێگەی سەربەرزییە.
ئێمە وەک دیاسپۆرای کوردستانی، پشتیوان و هاوکاری ئێوەین، دەرگامان هەمیشە بۆتان کراوەیە بۆ هەر پاڵپشتی و هاوکارییەک تا لە کارەکەتاندا سەرکەوتووتر بن.
جارێکی دیکە پیرۆزباییتان لێ دەکەین و هیوای سەرکەوتنی بەردەوامتان بۆ دەخوازین.
لەگەڵ ڕێز و سڵاوی گەرمدا
براتان
شفا بارزانی
سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی لە بارەگای بارزانی
22.09.2026


