KDC

واشنتن تایمز شیکارییەکی تایبەت لەسەر مێژووی خەباتی سەرۆک بارزانی و بەنیشتمانیکردنی پێشمەرگە بڵاودەکاتەوە

ڕۆژنامەی بەناوبانگی واشنتن تایمزی ئەمریکی لە بەشێکی تایبەتدا وتار و شیکارییەکی بەرفراوانی لەبارەی وەرچەرخانی مێژوویی هێزەکانی پێشمەرگە و ڕۆڵی سەرۆک مەسعود بارزانی بڵاوکردەوە، ڕاپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە هەوڵەکانی ئەم دواییەی هەرێمی کوردستان بۆ بەنیشتمانیکردن و یەکخستنی تەواوەتی پێشمەرگە لەژێر یەک فەرماندەییدا، تەنیا هەنگاوێکی ئاسایی نییە، بەڵکو دەستکەوتێکی مێژوویی و قۆناغێکی چارەنووسسازە لە تەمەنی سیاسی و نیزامیی سەرۆک بارزانیدا دوای زیاتر لە 60 ساڵ خەبات لە ڕیزەکانی پێشمەرگەدا.

بابەتەکە لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2026 لە ڕۆژنامەی واشنتن تایمز، کە یەکێکە لە ڕۆژنامە دیارەکانی پایتەختی ئەمریکا، لە بەشی لاپەڕە تایبەت و سپۆنسەرکراوەکاندا لەژێر ناونیشانی (بۆچی سەرۆک بارزانی لەم ساتەوەختە مێژووییەدا شایستەی پێزانینە) بڵاوکراوەتەوە.

ئەم وتارە شیکارییە لەلایەن نووسەر و ڕۆژنامەنووس ڕەحیم ڕەشیدی، ناسراو بە مستەر کورد، بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی و بەرپرسی نووسینگەی واشنتنی کەناڵی کوردستان24 نووسراوە.

لەگەڵ ڕاپۆرتەکەدا، وێنەیەکی مێژوویی سەرۆک بارزانی دانراوە کە دەگەڕێتەوە بۆ 13ی تشرینی دووەمی ساڵی 2015، ئەو کاتەی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەسەر لووتکەی چیای شنگال و بە دیار دیمەنی شارەکەوە، ڕزگارکردنی تەواوەتی شنگالی لە دەستی تیرۆریستانی داعش ڕاگەیاند، وەک بەڵگەیەک لەسەر ئامادەبوونی ڕاستەوخۆی سەرۆک بارزانی لە سەنگەرەکانی پێشەوەی بەرگریی نیشتمانیدا.

بڵاوبوونەوەی ئەم بابەتە لە واشنتن تایمز چەندین پەیام و گرنگیی تایبەتی هەیە، لەوانەش، ئەم ڕۆژنامەیە خوێنەرێکی زۆری لەنێو کۆنگرێس، پنتاگۆن، کۆشکی سپی و ناوەندەکانی بڕیاردانی واشنتندا هەیە، خستنەڕووی دۆسیەی پێشمەرگە لەم کاتەدا پێگەی هەرێمی کوردستان وەک هاوپەیمانێکی سەرەکیی ڕۆژئاوا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دووپات دەکاتەوە.
هاوکات پەیامێکە بۆ ناوەندە دیپلۆماسییەکان کە هێزی پێشمەرگە پێچەوانەی گرووپە چەکدار و میلیشیا نایاساییەکانی دیکەی عێراق، لە قۆناغی حیزبییەوە بەرەو سوپایەکی نیشتمانیی ڕێکخراو هەنگاوی ناوە و تەنیا پابەندی یاسا و دامەزراوە شەرعییەکانە، هەروەها دەرخستنی پێگەی سەرۆک بارزانییە وەک سەرکردەیەکی مێژوویی و ستراتیژی کە تەنانەت بەپێی دانپێدانانی کۆنگرێسمان، جەنەڕاڵ و سیاسەتمەدارە باڵاکانی ئەمریکا، توانیویەتی لە قەیرانە گەورەکاندا بڕیاری یەکلاکەرەوە بدات.

نووسەر لە بابەتەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە سەرۆک بارزانی لە تەمەنی 16 ساڵییەوە چەکی پێشمەرگایەتی کردووەتە شان و ئێستاش لە تەمەنی 80 ساڵیدا شایەتحاڵی گەورەترین وەرچەرخانە لە ژیانیدا، ئەویش گۆڕینی هێزی پێشمەرگەیە بۆ سوپایەکی مۆدێرن و یەکگرتووی نیشتمانی دوور لە باڵادەستیی حیزبی. پێشمەرگە تەنیا یەکەیەکی سەربازی نییە، بەڵکو بەشێکە لە پێناسە و کەرامەتی نەتەوەیی کورد، بەهێزکردنی ئەو هێزەش ڕاستەوخۆ بە واتای پاراستنی مانەوە و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دێت.

هەروەها باس لەوە کراوە کە یەکخستنی زنجیرەی فەرماندەیی، شەفافیەتی دارایی و کارگێڕی و جیاکردنەوەی هێزی سەربازی لە ململانێی سیاسی دەبێتە هۆی ئەوەی پێگەی هەولێر بەرامبەر بەغدا بەهێزتر بێت و هاوئاهەنگییە سەربازییەکانی نێوان هەرێم و ئەمریکاش بچنە قۆناغێکی دامەزراوەیی درێژخایەنەوە.

دابەشبوونی پێکهاتەی هێزەکانی پێشمەرگە لە دوای ساڵی 1991 میراتێکی مێژوویی و بەرهەمی ناکۆکییە ناوخۆییەکان بوو، بەڵام لە ساڵی 2014 و لە کاتی هێرشەکانی داعش بۆ سەر عێراق و هەرێمی کوردستان، وەرچەرخانێکی گەورە ڕوویدا، بە فەرمانی سەرۆک بارزانی سەرجەم ئاڵا و هێما حیزبییەکان لە سەنگەرەکان کێشرانەوە و تەنیا ئاڵای کوردستان دانرا، کە بووە سەرەتای لێکنزیکبوونەوە و یەکگرتنەوەی ڕاستەقینەی پێشمەرگە لە بەرەکانی بەرگریدا لەو کاتەوە تا ئێستا، وەزارەتی جەنگی ئەمریکا و هاوپەیمانان بە بەردەوامی سەرپەرشتی پڕۆژەی چاکسازی و یەکخستنەوەی فەرماندەییەکانی حەفتا و هەشتا دەکەن لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا، تاوەکو هێزێکی سەردەمییانەی یەکگرتوو نوێنەرایەتی بەرگریی کوردستان بکات.

___

یۆنان : پۆلیس کۆچبەران ناچار دەکات هاوکارییان بکەن

Harmn

بێژەرێکی کورد رێگری لە ئافرەتێک دەکات بە کوردی قسە بکات

KDC

ئوسترالیا: بە مەبەستی جێبەجێکردنی قەدەغەی هاتووچۆ سوپای بە سیدنیدا بڵاوە پێدەکات

KDC