بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی کەناڵی ئاسمانیی وڵات تیڤی، شفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی لە بارەگای بارزانی، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی، کارمەندان، پەیامنێران و هاوکارانی ئەو دەزگا میدیاییە نیشتمانییە کرد.
لە پەیامەکەدا شفا بارزانی ئاماژە بەوە دەکات، وڵات تیڤی لە ماوەی کار و پەخشیدا بووەتە دەنگێکی ڕاستگۆ، بەتایبەت بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و بەگشتی بۆ سەرجەم بەشەکانی کوردستان، هەروەها لە سایەی پابەندبوونی بە پرەنسیپە پیشەیی، نیشتمانی و کوردایەتییەکان، توانیویەتی متمانەی بینەرانی لە ناوخۆ و لەناو ڕەوەندی کوردستانی لە دەرەوەی وڵات بەدەستبهێنێت و ببێتە پردێکی پەیوەندی لە نێوان نیشتمان و دیاسپۆرادا.
سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی ڕۆڵی بەرچاوی ئەو کەناڵەی لە پاراستنی زمان، کلتوور و دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان بەرز نرخاندووە و هیوای خواستووە هەمیشە لە ئەرکە پیرۆزەکەیاندا سەرکەوتوو و بەردەوام بن بەرەو ساڵانێکی پڕ لە دەستکەوت.
کەناڵی ئاسمانیی وڵات تیڤی وەک یەکێک لە میدیا دیارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، لە ساڵانی ڕابردوودا بایەخێکی زۆری بە ڕووماڵکردنی پرسە نەتەوەییەکان و بارودۆخی ناوچەکە و دەنگی دیاسپۆرا داوە، نووسینگەی دیاسپۆرای بارەگای بارزانیش لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانیدا بۆ پاڵپشتی لە میدیای کوردی، جەخت لە پێگەی کاریگەری ئەو دەزگایانە دەکاتەوە کە خزمەت بە گوتاری نەتەوەیی، ناسنامەی نیشتمانی و بەستنەوەی ڕەوەندی کوردی بە وڵاتەوە دەکەن.
دەقی پەیامەکە:
بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی وڵات تیڤی، بە گەرمی پیرۆزبایی لە بەڕێوەبەرایەتی، کارمەندان، پەیامنێران و سەرجەم هاوکارانی ئەم دامەزراوە میدیاییە نیشتمانییە دەکەم.
وڵات تیڤی لە ماوەی پەخش و کارکردنیدا بووەتە دەنگێکی ڕاستگۆ، بەتایبەتی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و بەگشتی بۆ تەواوی کوردستان، بە پێداگریتان لەسەر پرەنسیپە پیشەیی، نیشتمانی و کوردایەتییەکان، توانیوتانە متمانەی بینەرانی خۆتان لە ناوخۆ و لەناو ڕەوەندی کوردستانی لە دەرەوەی وڵات بەدەستبهێنن و ببنە پردێک لە نێوان نیشتمان و ڕەوەندەکەماندا.
ئێمە ڕۆڵی گرنگتان لە پاراستنی زمان، کلتوور و دۆزی ڕەوای گەلەکەماندا بەرز دەنرخێنین و هیوادارین هەمیشە لە کارە پیرۆزەکەتاندا سەرکەوتوو و بەردەوام بن.
بە هیوای ساڵانێکی زۆری پڕ لە دەستکەوت و سەرکەوتن.
شفا بارزانی
سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی
بارەگای بارزانی
10.10.2026


