فیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە هۆڵەندا ئاهەنگێکی کەلتووری و کۆمەڵایەتیی فراوانی لە شاری ئەمستردام بۆ ژمارەیەک لە ئافرەتانی هەر چوارپارچەی کوردستان ڕێکخست، بە ئامانجی پتەوکردنی پەیوەندییە نەتەوەییەکان و پاراستنی کەلەپووری کوردی لە تاراوگەدا.
ئاهەنگەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد، لە میانی ئاهەنگەکەدا سەباح مستەفا ساڵح، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری فیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە هۆڵەندا وتارێکی پێشکەش کرد، تێیدا تیشکی خستە سەر پێویستیی بەردەوامیی ئەم جۆرە چالاکییانە لە دەرەوەی وڵات، ئاماژەی بەوە کرد کە دوورکەوتنەوە لە نیشتمان نابێت ببێتە هۆی دابڕان لە ناسنامەی ڕەسەنی کوردی، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە پاراستنی زمانی دایک و فێرکردنی کەلتوور و مێژوو بە نەوەی نوێ لە تاراوگە، ئەرکێکی سەرەکیی سەرشانی هەموو کوردێکە و فیدراسیۆن دەتوانێت وەک بنکەیەکی گرنگ ئەو ڕۆڵە بگێڕێت.
لە بەشێکی دیکەی چالاکییەکەدا، ژنان و کچانی بەشداربوو بە سەرپەرشتی ئامینە مەحموود، بە پێشکەشکردنی کۆمەڵێک خواردنی ڕەسەنی کوردەواری، دەوڵەمەندیی فەرهەنگی نەتەوەییان خستە ڕوو، هاوکات تیمی هونەریی یەک وڵات چەندین تابلۆی هەڵپەڕکێی پێشکەش کرد و شاعیر شاهی بەدرخانیش بە خوێندنەوەی پارچە شیعرێک بەشداری لە بەرنامەکەدا کرد، دواتریش ئامادەبووان بە بەشداری لە هەڵپەڕکێ و سەمای کوردی کەشێکی پڕ لە یەکڕیزی و شادییان خوڵقاند.
چالاکییە کەلتووری و کۆمەڵایەتییەکانی ڕەوەندی کوردی لە وڵاتانی ئەورووپا و بە تایبەت لە هۆڵەندا، وەک فاکتەرێکی سەرەکی بۆ ڕێگریکردن لە توانەوەی کەلتووری و زمانی دادەنرێن، ئەم جۆرە کۆبوونەوانە وێڕای نزیککردنەوەی کوردستانیانی پارچە جیاوازەکان لە یەکتری، دەرفەتێک بۆ نەوەی لەدایکبووی تاراوگە دەڕەخسێنن تا لە نزیکەوە پەیوەست بن بە دابونەریت، خواردن و فەرهەنگی زێدی خۆیانەوە.
ئەمستردام – عەبدولقەهار هەولێری

