KDC

کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی.. پرۆژەیەك بۆ نەهێشتنی پەرتەوازەیی

لە مێژووی هاوچەرخی نەتەوەکەمان بەهۆی کۆچکردنی کورد و کوردستانییان بۆ تاراوگە لە قۆناغە جیاوازەكاندا، دەبێ بڵێین لە ئەنجامی کۆچکردن و دوورکەوتنەوە لە خاکی کوردستان و ماڵبات و شارە ئازیزەکانمان، ئیدی بەهۆی دەرئەنجامی جەنگ، یاخود نائارامیی سیاسی، کۆمەڵکوژی، فشار و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانیش بووبێت، هەموومان دەچینە خانەی پەنابەر و کۆچبەری.

کەواتە ژمارەیەکی زۆری کوردی كۆچكردوو دابەش بوون بەسەر وڵاتانی ئەورووپا، ئەمەریکا و کەنەدا و ئوسترالیا و تەنانەی وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی ئاسیا، جاری وایە زۆرت پێ سەیر دەبێت لەناکاو ڤیدیۆیەک یان هەواڵێک دێتە پێش چاوانت کە کورد گەیشتبێتە ئەو وڵاتانەی کە هەرگیز بیرت بۆی نەچووە. کورد و کوردستانییان لە زۆر ناوچەی دیکەی دیكەی جیهان نیشتەجێ بوون و چەندین نەوەی نوێی کورد لەدەرەوەی جوگرافیای کوردستان لەدایک بوون.

کەواتە پرسیاری گرنگ ئەوەیە: ئایا لە دیاسپۆرا تەنیا
کۆمەڵێک تاک و خێزانی دوور لە نیشتمان، دەتوانێت ببێتە سەرمایەیەکی مرۆیی، مەعریفی، کۆمەڵایەتی و دیپلۆماسی بۆ دۆزی کورد؟

لەناو ئەم پرسیارەدا گرنگیی پرۆژەی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی دەردەکەوێت، پرۆژەیەک کە خۆی وەک چەتری ڕێکخراوەیی بۆ بەستنەوەی کوردستانییانی دیاسپۆرا پێناسە دەکات و هەوڵ دەدات لە جیاوازیی سیاسی، ئایدیۆلۆژی، ئایینی و ئایینزایی ناوچەیی و شێوەزارەکان و جوگرافیا تێپەڕێت و ناسنامەی نەتەوەیی بکاتە خاڵی کۆکەرەوە.

لە بیرۆکەی دامەزراندنی کۆنفیدراسیۆندا، سەرچاوەی فکریی ئەم پرۆژەیە بە دید و پشتیوانیی سەرۆک بارزانی دەبەسترێتەوە؛ بەو تێڕوانینەی کە کورد و كوردستانی، چ لەناو کوردستاندا بژی و چ لەدەرەوەی سنوورەکانی، دەبێ پەیوەندیی نەتەوەیی و کولتووریی خۆی لەگەڵ نیشتمان بپارێزێت. گوتارەكانی خودی کۆنفیدراسیۆنیش بەردەوام ئاماژە بە پشتیوانیی سەرۆک بارزانی بۆ چالاکی و دامەزراوەکانی دیاسپۆرا دەکەن.

لە ئاستی بەڕێوەبردنی ئەم پرۆژەیەدا، شفا بارزانی، وەک سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی ناسێندراوە و كار دەکات و بە وردی و بە رژدی هەنگاو دەنێ. چالاکییە بڵاوکراوەکانی کۆنفیدراسیۆنیش پیشان دەدەن کە لە ماوەی ڕابردوودا هەوڵێکی بەرچاو بۆ فراوانکردنی پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگەی کوردی و دامەزراوە سیاسی و مەدەنییەکانی وڵاتانی خانەخوێ دراوە؛ لەوانە کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتانی ئەورووپی و هەروەها چالاکییەکانی کۆنفیدراسیۆن گەیشتوونەتە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژئاوایی، بۆ نموونە: وڵاتانی رووسیا، جۆرجیا، کازاخستان، کەنەدا و بەگشتی لە زۆربەی وڵاتانی ئەورووپییش. بەم پێودانگە، کۆنفیدراسیۆن دەکرێت وەک هەوڵێک بۆ گواستنەوەی کاری دیاسپۆرا لە قۆناغی چالاکیی پەرتەوازەوە بۆ قۆناغی کاری دامەزراوەیی بخوێندرێتەوە.

یەکێک لە ئاڵۆزترین کێشەکانی دیاسپۆرای کوردی ئەوەیە کە جیاوازییە سیاسی و ناوچەییەکانی کوردستان زۆر جار لەگەڵ کۆچبەران بۆ دەرەوەی وڵاتیش گواستراونەتەوە، لەئەنجامدا، لە هەمان شار یان وڵاتی ئەورووپیدا دەکرێت چەندین کۆمەڵە و ڕێکخراوی کوردی هەبن، بەڵام پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوانیان سنووردار دەکرێن، لەوانەیە بڵێن بۆچی؟ هەڵبەتە لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا دیموکراسییەت یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی ژیان، رەوەندە جیاجیاکانیش سوودیان لەم دیموکراسییە وەرگرتووە، بۆ ئەوەی بتوانن لە ڕێگەی کاری ڕێکخراوەییەوە پارێزگاریی لە شوناسە نەتەوەییەکانی خۆیان بکەن، بەڵام مخابن ئێمەی کورد لە ئەدەبیاتی کاری سڤیلشدا دەبین بە ناحەزی یەکتر و پەرتەوازە دەبین و ڕێککەوتن ئەچێتە خانەی ڕێککەوتنی سیاسی، بەڵام بەخشحاڵییەوە پرۆژەی کۆنفیدراسیۆن هەوڵ دەدات ئەم هاوکێشەیە بگۆڕێت، نە بۆ سڕینەوەی جیاوازییەکان، بەڵکوو بە دروستکردنی چەترێک کە جیاوازیی لەژێر ناونیشانێک، ناسنامەیەکی نەتەوەیی لە قاڵبی بیرکردنەوەی تەسکی ئایدلۆژی و ئۆرگانی حزبی بگوازێتەوە بۆ ڕێکخراوێک کە فرەچەشن بێت لە هەموو ڕوویەکەوە.

هەموو کات ئەو خواستەم هەبووە، لە شوێنکدا کار بکەم بۆ ئەوەی یەکێتیی نەتەوەیی و نیشتمانی لە تاراوگە دروست بکەین، بە مانای یەکڕەنگکردنی کۆمەڵگە کوردی ناڵێم لە ئامانجە نیشتمانییەكاندا، بەڵکوو بە مانای توانای کارکردنی پێکەوە لەسەر هاوبەشە نەتەوەییەکان لەگەڵ پاراستنی فرەڕەنگی.

بۆ ئەوەی هەنگاوەکانی بۆ لۆبیکردن ڕێک بخەین و ببینە هێزی لۆبی بۆ دروستکردنی فشار بەرامبەر ناوەندەکانی بڕیاردان، هەمیشە دەنگمان بڵند دەکەین و دەڵێین پێویستە: ”خۆمان ڕێک بخەین، تا بتوانین کار لەسەر دوو جۆر لۆبی بکەین: لۆبیی ناوخۆیی و لۆبیی نێودەوڵەتی.”

ئەرکی یەکەم، بریتییە لە نزیککردنەوەی خودی کورد لە یەکتر، واتە دروستکردنی تۆڕێکی کۆمەڵایەتی و دامەزراوەیی کە تاک، کەسایەتی و ڕێکخراوە پەرتەوازەکان بتوانن لەسەر بەرنامەی هاوبەش کار بکەن.

ئنجا دروستبوون و چالاکیی فیدراسیۆنە جیاوازەکان لەژێر چەتری ئەم پرۆژەیەدا لەم ڕوانگەیەوە مانادارە،
ئەم جۆرە ڕێکخستنە گرنگە، چونکە کۆمەڵگەیەکی دیاسپۆرا بەبێ زمان، میدیا، دامەزراوەی کولتووری، لە نەوەی دووەم و سێیەمدا لە مەترسیی لاوازبوونی پەیوەندی لەگەڵ ناسنامەی ڕەسەنی خۆیدایە.

ڕاگەیاندن و دروستکردنی گوتاری هاوبەش
بەشێکی دیکەی پرۆژەکە پەیوەندیی بە میدیاوە هەیە. گۆڤاری (ڕەوەند) نموونەیەکە لە هەوڵ بۆ دروستکردنی پلاتفۆرمێکی میدیایی بۆ دیاسپۆرا. ناوەڕۆکی ژمارەکانی ئەم گۆڤارە بابەتی زمان، کولتوور، سیاسەت، هونەر، وەرزش و ژیانی کوردانی دەرەوە دەگرێتەوە و لە گوتاری سەرنووسەریی خۆیدا بە ڕاشکاوی باس لە پێویستیی گواستنەوەی دیاسپۆرا لە پەرتەوازەیی بۆ ڕێکخستن و کاری هاوبەش دەکات.

لە سەردەمی دیجیتاڵدا ئەم بەشە نابێت بە لاوەکی سەیر بکرێت. ئەگەر لۆبی بریتی بێت لە گەیاندنی پەیام بۆ بڕیاردەر و کۆمەڵگای گشتی، ئەوا میدیا یەکێکە لە بنەڕەتیترین ئامرازەکانی ئەو پرۆسەیە.
کورد لە دیاسپۆرا تەنیا پێویستی بە قسەکردن لەگەڵ خۆی نیە؛ پێویستی بە گوتارێک هەیە کە بتوانێت بە زمانی وڵاتانی خانەخوێ، بە شێوازی پیشەیی و بە بەڵگە، مێژوو و خواستەکانی خۆی بە کۆمەڵگەی دەرەوە بناسێنێت.

لە ڕێکخستنی ناوخۆوە بۆ لۆبیی نێودەوڵەتی

قۆناغی دووەمی ئەم پرۆژەیە لۆبیی دەرەکییە، لێرەدا ئامانج تەنیا ئەوە نیە کە کوردی تاراوگە پێکەوە کۆ ببنەوە؛ بەڵکوو ئەوەیە توانای کۆکراوەی دیاسپۆرا بگوازرێتەوە بۆ ناو دامەزراوە و ناوەندەکانی بڕیاردانی وڵاتانی خانەخوێ.

نموونەکانی ئەم ئاراستەیە لە چالاکییەکانی ساڵانی دواییدا دەبینرێن. شفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتی و شاندی ڕەوەندی کوردستانی لەگەڵ چەندین بەرپرسی سیاسی و حکوومی کۆ بووەتەوە و باسی بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوان دامەزراوەکانی دیاسپۆرا و ناوەندەکانی بڕیاردان کراوە.

لۆبیی مۆدێرن تەنیا بە دامەزراوە ناکرێت، بە تاکی مرۆڤیش دەکرێت، لە ئەورووپا و ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەی جیهان نەوەیەک لە کورد هەیە کە لە سیستەمی پەروەردە، زانکۆ، یاسا و کولتووری سیاسیی ئەو وڵاتانەدا گەشەیان کردووە، هەندێکیان لە سیاسەت، ئەکادیمیا، میدیا، وەرزش، هونەر، بازرگانی و کۆمەڵگەی مەدەنی پێگەیان بەدەست هێناوە.

لە دیدی ستراتیژیی دیاسپۆراوە، ئەو کەسانە تەنیا سەرکەوتنی تاکەکەسی نین، دەتوانن ببنە سەرمایەی کۆمەڵایەتی و دیپلۆماسی.
ئەگەر کۆنفیدراسیۆن بتوانێت تۆڕێکی پیشەیی لەو کەسانە دروست بکات، پەیوەندییان بە یەکترەوە ببەستێت و بەبێ دەستوەردان لە سەربەخۆیی تاکەکەسییان هانیان بدات لە ناساندنی زمان، کولتوور، مێژوو و پرسەکانی کوردستاندا ڕۆڵ ببینن، ئەوا دیاسپۆرا لە کۆمەڵگەی کۆچبەر دەگۆڕدرێت بۆ تۆڕێکی کاریگەر لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا.

گۆمان لەوەدا نیە هێرشکردن و ڕەخنەگرتن و شکاندن،
چەندین ڕێگەی ناخۆش و ناڕێک دروست دەبێت، چونکە هەر پڕۆژەیەک گەشەی دامەزراوەیی کرد، ئەوا بە چەندین تاقیکردنەوەدا تێپەڕ دەبێت، هەر دامەزراوەیەک کە فراوان دەبێت و دەچێتە ناو بوارێکی سیاسی و نەتەوەیی هەستیارانە و کار دەکات، ئیدی بە سروشتی خۆی دەکەوێتە بەر ڕەخنە و ململانێ.
بۆیە زیادبوونی مشتومڕ لەسەر کۆنفیدراسیۆن. نابێت تەنیا بە یەک هۆکار بخوێندرێتەوە. هەندێک ڕەخنە دەکرێت سیاسی بن، هەندێکی دیکە دەکرێت پەیوەندیی بە ڕێکخراوەکانی پێچەوانەی کۆنفیدراسیۆنەوە هەبێ، دەکرێت هەندێک کەس و لایەن نیگەران بن لە شێوازی کارکردن و بەڕێوەبردنی کۆنفیدراسیۆن، نوێنەرایەتی، سەربەخۆیی دامەزراوەیی، یان میکانیزمی بڕیاردان. بۆ دامەزراوەیەکی مەدەنی، وەڵامی بەهێز بۆ ئەم پرسیارانە بریتییە لە شەفافییەت و بەشداریی فراوان.

 

بە پێنوسی/هەرمن ئەحمەد

___

لەبری تانە .. با پێکەوە کار بکەین

KDC

گەڕانێکی فەلسەفی بە بێبایەخی ژیاندا

Harmn

بەخێربین بۆ کۆمەڵگای سەرلێشێواو

KDC