KDC

سێ منداڵی خێزانێکی سلێمانی لە سنووری نێوان تورکیا و یۆنان خنکان

لە نوێترین کارەساتی کۆچی نایاساییدا بەرەو ئەورووپا، سێ منداڵی خێزانێکی خەڵکی شاری سلێمانی لە رووباری مەریچ لە تورکیا خنکان، ئەمەش دوای ئەوەی بەلەمە چووپەکەیان بەهۆی زۆریی سەرنشینەکانییەوە ژێرئاو کەوت، لە کاتێکدا دایک و باوکی منداڵەکان لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستبەسەر کراون، چارەنووسی تەرمی دوو لە منداڵەکان تاوەکو ئێستا نادیارە.

رووداوەکە ئێوارەی چوارشەممە، 14-10-2026 لە سنووری شاری ئەدیرنەی تورکیا لەسەر رووباری مەریچ رووی داوە، کاتێک گروپێکی 8 کەسی لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبوون لە خێزانێکی 5 کەسی و 3 گەنجی دیکە، هەوڵیان دەدا لە ڕێگەی ئاوەوە خۆیان بگەیەننە خاکی یۆنان، بەپێی زانیارییەکان، قاچاخچییەکان سەرەڕای ناڕەزایەتی و هۆشداریی خێزانەکە لەبارەی بەرگەنەگرتنی بەلەمە بچووکەکە، بە زۆر 8 کەسەکەیان خستووەتە سەر بەلەمێکی چووپ کە توانای هەڵگرتنی ئەو ژمارەیەی نەبووە، ئەمەش بووەتە هۆی تێکشکانی بەلەمەکە و کەوتنەخوارەوەی سەرجەم سەرنشینەکانی بۆ ناو ئاوەکە.

بەگوێرەی گێڕانەوەی چالاکوانانی بواری کۆچبەران لە زاری کەسوکاری قوربانییەکانەوە، دەستبەجێ دوای رووداوەکە یەکێک لە منداڵەکان لەلایەن تیمە فریاگوزارییەکانەوە لە ئاوەکە دەرهێنراوە و گەیەنراوەتە نەخۆشخانەیەکی شاری ئەدیرنە، بەڵام بەهۆی سەختیی دۆخەکەیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست داوە، لە کاتێکدا دوو منداڵەکەی دیکە تەوژمی بەهێزی ئاوەکە بردوونی و تا ئێستاش تەرمەکانیان نەدۆزراونەتەوە، دایک و باوکی منداڵەکان دوای رزگاربوونیان، لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە بۆ لێکۆڵینەوە دەستبەسەر کراون و 3 گەنجەکەی دیکەش شوێنی رووداوەکەیان بەجێهێشتووە.

کەسوکاری منداڵەکان لە شاری سلێمانی رووداوەکە بە کارەساتێکی گەورە وەسف دەکەن، وەستا رەزا کە باپیری منداڵەکانە، بە خەم و پەژارەیەکی زۆرەوە داوای دەستبەجێ لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی دەکات کە بێتە سەر خەت و پەیوەندی بە دەسەڵاتدارانی تورکیاوە بکات بە مەبەستی چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئەو دوو منداڵەی کە تا ئێستا بێسەروشوێنن، هەروەها خاڵی منداڵەکانیش ئاماژە بەوە دەکات کە لە کاتی کارەساتەکەدا پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ دایک و باوکەکە هەبووە و ئەوان بە شێوازێکی زۆر دڵتەزێن و بە گریانەوە داوای بەهاناوەچوونیان کردووە دوای ئەوەی ئاو هەرسێ منداڵەکەی لەبەرچاویان بردووە.

رووباری مەریچ کە سنوورێکی سروشتی لە نێوان باکووری رۆژئاوای تورکیا و باکووری رۆژهەڵاتی یۆنان پێکدەهێنێت، لە ساڵانی رابردوودا بووەتە یەکێک لە مەترسیدارترین و کوشندەترین دەروازەکانی کۆچی ناڕێکخراو بەرەو وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا. قاچاخچییەکان بۆ دەربازبوون لە چاوی پاسەوانانی سنوور، کۆچبەران ناچار دەکەن بە شەوان و لە کەشوهەوای نالەباردا بە بەلەمی لاستیکیی بێ‌کوالێتی لە رووبارەکە بپەڕنەوە، ئەمەش بەردەوام کارەساتی ژێرئاوکەوتن و خنکانی کۆچبەرانی بەتایبەت ژنان و منداڵانی لێ دەکەوێتەوە، سەرەڕای هۆشدارییە بەردەوامەکان، ساڵانە هەزاران گەنج و خێزان لە وڵاتانی جیاوازەوە، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، ژیانی خۆیان دەخەنە بەردەم ئەم مەرگەساتە چاوەڕوانکراوانە.

 

کارزان حەیدەر

[email protected]

https://www.facebook.com/karzan.haedar.7

___

ئەورووپا هەوڵەکانی بۆ دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران چڕتر دەکاتەوە

Karzan

لە هەرێمی کوردستان هێڵی ئینتەرنێت رادەگیرێت

KDC

ئەمەریکا پەیامێک لەسەر کوشتنی شیرین ئەبو عەقلە پایەمنێری ئەلجەزیرە بڵاودەکاتەوە

Harmn