فیلمی بەڵگەنامەیی پێشوازیکردن لە مەرگ لە دەرهێنانی نەسرین عابدین، هاوکات لەگەڵ نمایشکردنی لە زاخۆ و ئامادەکاری بۆ پیشاندانی لە کەمپی دۆمیز، بە فەرمی هەڵبژێردرا بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی نۆردیا لە دانیمارک، بە مەبەستی گەیاندنی دەنگی قوربانیانی جەنگی داعش و جینۆسایدی شنگال بە ناوەندە سینەمایییە جیهانییەکان.
بەپێی بڕیاری فەرمیی دەستەی فێستیڤاڵی نۆردیا، بڕیارە فیلمەکە لە ڕۆژانی 20 تا 21ی تشرینی دووەمی 2026 لە شاری کۆپنهاگنی پایتەختی دانیمارک نمایش بکرێت، ئەم هەنگاوە نێودەوڵەتییە لە کاتێکدایە کە لەسەر ئاستی ناوخۆش، لە 14ی تشرینی یەکەمی 2026 لە هۆڵی شارەوانیی زاخۆ، بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیری و سەندیکای هونەرمەندان نمایشێکی تایبەت بۆ فیلمەکە ڕێکخرا و بە ئامادەبوونی کەسایەتییە ڕۆشنبیرییەکان، بریندارانی شەڕ و کەسوکاری شەهیدان پێشوازییەکی گەرمی لێ کرا، هاوکات بڕیارە چوارشەممەی داهاتووش لە نێو کەمپی دۆمیز بۆ ئاوارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە نمایش بکرێت.

دەرهێنەر نەسرین عابدین لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی رایگەیاند، ئەم بەرهەمە لە ڕێگەی 7 چیرۆکی پێکەوەبەستراو و بە پشتبەستن بە ئەرشیڤێکی مەیدانی، تیشک دەخاتە سەر لێکەوتە مرۆیییەکانی پەلاماری ساڵی 2014ی داعش بۆ سەر باشووری کوردستان و بەتایبەت کارەساتی شنگال، لە فیلمەکەدا کەسایەتیی ڕاستەقینەی وەک فەرماندە لیوا یەحیا سیلکی، هاووڵاتییەکی سویسریی فریاگوزار، پێشمەرگەکانی ڕۆژئاوا و کەسوکاری شەهیدان و بریندارانی جەنگ بەشدارن.
نەسرین دەشڵێت: فیلمەکە بە هاوبەشیی کۆمپانیای ئامەد فیلمز و بە پاڵپشتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی بەرهەم هاتووە، پێشتریش لە فێستیڤاڵەکانی دهۆک، نەیجیریا، ئەڵمانیا و ئەمریکا نمایش کراوە و خەڵاتی بەدەستهێناوە، ئەم هەوڵە بەشێکە لە کاروانی بەدۆکیۆمێنتکردنی مێژوویی ئەو تاوانانەی بەرامبەر گەلی کورد و پێکهاتەی ئێزدی کراون، تا لە ڕێگەی هونەری سینەماوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی وەک جینۆساید بناسێنرێن.
کارزان حەیدەر
https://www.facebook.com/karzan.haedar.7




