KDC

لە هۆڵەندا ئامادەکارییەکان بۆ سازکردنی فێستیڤاڵی ڕۆژی ئاڵای کوردستان دەستی پێ کرد

فیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە وڵاتی هۆڵەندا، بە هاوکاریی ڕێکخراوە ئەندامەکانی، دەستی بە ئامادەکارییە چڕەکانی کردووە بۆ سازکردنی فێستیڤاڵێکی بەرفراوان بەبۆنەی ڕۆژی ئاڵای کوردستان لە 19ی کانوونی یەکەمی داهاتوو، بە ئامانجی کۆکردنەوەی نەوەکانی ڕەوەندی کوردستانی و ناساندنی شوناسی نەتەوەیی لە دەرەوەی وڵات.

ئەم فێستیڤاڵە وەک دەرفەتێکی گرنگ بۆ دیداری کوردستانییان و پتەوکردنی پەیوەندییە کولتوورییەکان لە تاراوگە دادەنرێت، کە تێیدا لە ڕێگەی چەندین بڕگەی هونەری و مەدەنییەوە هەوڵ دەدرێت نەوەی تازە و گەنج لە وڵاتی هۆڵەندا زیاتر بە مێژوو و کولتووری ڕەسەنی خۆیان ئاشنا بکرێن و جیاوازیی نێوان نەوەکان لە دەوری شوناسی هاوبەش کۆبکرێتەوە.

لە چوارچێوەی بەشداریکردنی ناوەندە هونەرییەکاندا، گرووپی هەڵپەڕکێی کۆما ئارمانج وەک یەکێک لە بەشدارە سەرەکییەکان دەستی بە ڕاهێنانەکانی کردووە تا لە ڕێگەی پێشکەشکردنی تابلۆی هەڵپەڕکێی فۆلکلۆرییەوە، دەوڵەمەندی و جوانیی میراتی کوردی بە بینەران و کۆمەڵگەی ئەورووپی ئاشنا بکات.

ڕێکخەرانی ئەم فێستیڤاڵە جەخت لەوە دەکەنەوە کە کاری پێکەوەیی ڕێکخراوە کوردییەکان لە هۆڵەندا نیشانەی یەکگرتوویی و هاوهەڵوێستییە لەپێناو خزمەتکردنی دۆزی نەتەوەیی و کولتووری، بەجۆرێک کە ڕۆژی 19ی کانوونی یەکەم بکرێتە بۆنەیەکی یادگاری و پڕشکۆ، بڕیاریشە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کارنامەی تەواوی فێستیڤاڵەکە و ناوی سەرجەم گرووپ و میوانە بەشداربووەکان ڕابگەیەندرێت.

پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 2004دا ڕۆژی 17ی کانوونی یەکەمی وەک ڕۆژی ئاڵای کوردستان دیاری کردووە، بەوپێیەی لەو مێژووەدا بۆ یەکەمین جار لە ساڵی 1945 لە سەردەمی کۆماری کوردستان لە مەهاباد ئەو ئاڵایە هەڵکراوە، هەموو ساڵێک لە ناوخۆی کوردستان و بەتایبەت لە وڵاتانی ئەورووپا و تاراوگە، ڕەوەندی کوردستانی لە دەوروبەری ئەم بەروارەدا کۆڕ، کۆبوونەوە و فێستیڤاڵی جەماوەری ساز دەکەن تاوەکو لە ڕێگەی ئاڵاکەیانەوە ناسنامەی نیشتمانی لەنێو کۆمەڵگە بیانییەکاندا بە زیندوویی بهێڵنەوە.

 

___

سوید: بەرپەسێکی پێشووی ڕژێمی ئێران بە زیندانی هەتاهەتایی سزا دەدات

Harmn

کیێڤ بۆ مۆسکۆ :تەرمی زیاتر لە 1500سەربازی ڕوسیامان لەبەردەستە

Harmn

دیداری نوێنەری کۆنفدراسیۆن لەگەڵ وەزیری بەرگری عێراق

Harmn