KDC

هاودەنگی و پشتیوانی لە بانگەوازەکەی زانای گەورە مامۆستا عەبدولرەقیب یوسف

بە تاسەوە گوێم بۆ پەیام و بانگەوازەکەی مامۆستا عەبدولرەقیب بڵاوی کردۆتەوە گرت.

بە باوەڕێکی تەواوەوە لە هەست و پەرۆش و خەمخۆری مامۆستای گەورەمان بۆ داروبەرد و شوێنە پیرۆز و مێژووییەکانی کوردستان و تەواوی میرات و مێژوو و کەلەپووری کوردی تێدەگەم و دەزانم تاکە مۆتیڤی پاڵنەری بۆ ئەم بانگەوازە، لە دڵسۆزی و بەتەنگەوە هاتنە بۆ میراتی نەتەوایەتیمان.

مێژووی تژی لە سەروەری و شانازی و تێکۆشانی تەمەنی مامۆستا و هەوڵ و تێکۆشانەکانی لە پێناوی پاراستن و کۆکردنەوە و زیندووکردنەوە و ناساندنی میراتەکەمان و ئەو بەرهەمانەی بڵاوی کردوونەتەوە، بەڵگە و دیکۆمێنتی نەمریی بیرکردنەوە و هەڵوێست و دڵسۆزی و بێنیازیی مامۆستان.ئەم راستییەش وەک تیشکی خۆری درەخشان، روون و دیارە و هێز نییە بتوانێ نکۆڵی لێ بکات.

بانگەوازەکەی مامۆستا رووی لە دەوڵەمەندان و بازرگان و خێرخوازەکانە لە کوردستان و شاری سلێمانی بەتایبەت. تکایان لێ دەکات بە ئەرکی مێژوویی و نەتەوایەتی و مۆڕاڵی خۆیان ڕابن و بەشداری لە پاراستن و زیندووڕاگرتنی کەلەپووری نەتەوایەتیماندا بکەن.. سەردانی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار بکەن و بکەونە خەمخۆری نۆژەنکردنەوەی ئەو خانوو و جێگە و شوێنەوارە مێژوویی و کەلەپوورییە گرنگانە کە پطویستیان بە خزمەتکردن هەیە و پێناسەی رەسەنایەتی و سیمای رازاوەی کوردستان و شار و شارۆچکەکان و مێژوو و کەلەپوورە تایبەتەکەی و لە خۆ دەگرن.

لە مێژووی گەلاندا زۆرن ئەوانەی بۆ بچوکترین کەرەسەی کەلەپووری نەتەوایەتییان بە هەزاران هەزار دۆلاریان خەرج کردوە. ئێستا وڵاتە پێشکەوتووەکان بۆ کڕین و پاراستنی تابلۆیەک، دەستنووسێک، بەڵگەنامەیەک یان هەر کەرەسەیەکی تری مێژوویی و فەرهەنگی و کولتووری خۆیان سامانی زۆر تەرخان دەکەن و کۆمیسیۆن و وەزارەت و حکومەتی دەخەنە خزمەتەوە. نەتەوەیەک کە کەلەپوورەکەی دەپارێزێت، ڕەگ و ڕیشەی خۆی دەپارێزێت؛ چونکە نەتەوە بێ مێژوو و ناسنامە، وەک دارێکە بێ ڕەگ وایە.

لە زۆر وڵات سەرمایەدارە خێرخوازەکان بۆ خۆیان وەقف Foundation  و دەزگەی سەربەخۆیان دروست کردووە و خەریکی نۆژەنکردنەوەی کلێسا و شانۆ و قوتابخانە و کتێبخانە و قەڵا و شوێنەوارە مێژوویی و کەلەپوورییەکانیانن.

وەک David Ruhendtein ی ئەمەریکی زیاتر لە 25ملیۆن دۆلاری بۆ ئەم جۆرە کارانە پێشکەشکردووە. لە ئەڵمانیا خێزانی Oetker لەڕێی دەزگەی

Rudolf August Oetker Stiftung

یان

Ernst von Siemens Kunststiftung

زیاتر بایەخ بە پاراستنی کار و تابلۆی هونەریی دەدات..

دیسان لە ئەڵمانیا دەزگەیەک هەیە بە ناوی

Deutsche Stiftung Denkmalschutz DSD

نزیکەی 200 هەزار خێرخواز پێکەوە هاوکاری دەکەن و بەڕێوەی دەبەن . ئەم دەزگەیە ساڵانە نزیکەی 20 ملیۆن یۆرۆ بۆ نۆژەنکردنەوەی 600 شوێنەواری کەلەپوورییەکان خەرج دەکەن . هەردوو کەسایەتی فەڕەنسایی

Bernard Arnault & François Pinault  کاتێ Notre-Dame in Paris

سووتا 400 ملیۆن یۆرۆیان بۆ نۆژەنکردنەوەی بەخشی.. سەدان و هەزاران نموونە تر لە کەسایەتی خێرخواز و دەزگە لەم سەر گۆی زەوییە هەن ئەم جۆرە کارانە بەڕێوە دەبەن.

 

لەکاتێکدا هەریەک لەمانە خاوەنی دەوڵەتی بەهێز و گەورە و دامەزراوەن، کە وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتی زۆریان هەیە تەرخانە بۆ ئەم جۆرە کارانە. بەڵام هاونیشتمانی و سەرمایەداری خێرخواز و نیشتمانپەروەر بێ گوێدانە بەرپرسیارێتی و کاروباری فەرمی دەوڵەت ئەوانیش ئەرکی نەتەوەیی خۆیان جێبەجێ دەکەن.

کورد کە خاوەنی دەوڵەت نییە و هیچ بەڕێوەبەرایەتییەکی بەهێز و کارای نییە بەم کارانە هەڵسێ.. هاوکات دوژمنان و داگیرکەرانی هەڕەشەی نەمانی لێ دەکەن، بۆیە گرنگ دڵسۆزانی نیشتمان بەچاوێکی بایەخەوە لەم پرسە بڕوانن. دیارە هەموو دەزانین کە لەناوبردنی شوێنەوار، تەنها لەناوبردنی بەرد و تەختەی خانوو و ماڵ و شوێنی گشتی نییە؛ بەڵکوو، سڕینەوە و فەوتانی یادەوەریی و ناسنامەی باووباپیرانە.

 

من نامەوێت لیستی ئەو شوێنانە بنووسم کە پێویستیان بە رزگارکردن لە فەوتان و نەمان هەیە، چونکە ئێستا زانایەک بە باڵای چەندین وەزارەت و حکومەت بەرزتر، توانیویەتی گەورەترین خەرمانی سەرمایەی کەلەپووری کورد کۆبکاتەوە و بپارێزێ، لە ماڵپەڕ و ئەرشیفی خۆیدا ئەم شوێنانەی بۆ تۆمار کردوین.

هەر لەم روانگەیەوەیە کە زانای ناوبراو داواکارە دڵسۆزانی نەتەوەکەی بەدەم بانگەوازەکەیەوە بێن و بەهەوڵ و پەرۆشی دڵسۆزانە ئەو سامان و سەرمایە کەلەپووریی و شوێنەوارە گرنگە هەرە هەرە بەنرخەی بوونی نەتەوایەتی کورد بپارێزن و لە فەوتان رزگاریان بکەن و ئەگەر پێویستە نۆژەن بکرێنەوە .

ئابڕومەندی و ناموسێکی گەورەی بەهادارە، هەر کەسێک لەم رووەوە ئاوڕ بداتەوە لە پەیام و بانگەوازی مامۆستای خەمخۆر و خواست و ئاواتەکەی و ئەو پێداویستییانەی رووبەرووی دەوڵەمەندان دەبێتەوە.

 

ئەوەی مامۆستا عەبدولرەقیب کردوویەتی بە دەیان وەزارەت نەکراوە و ناکرێت.

دڵسۆزانی کورد و کوردستان ئەم بانگەوازەی مامۆستا بە گرنگ وەرگرن تا سەروەری مێژوومان گەشاوەتر بێت و بەدەنگ پەیامەکەیەوە بچن و بیسەلمێنن، باوەڕ و هەست و خۆشەویستیتان بەنەتەوە و نیشتمان لە بن نەهاتووە. کوردستانیش خاوەنی رۆڵەی ڕەسەنی خۆیەتی و ئامادەن خزمەتی بکەن.

مامۆستا عەبدولرەقیب باشترین میتۆدی بۆ رزگارکردنی ئەرشیڤ و بەڵگەنامەکانی گرتۆتە بەر. لەم پانتاییەشدا هیچ بیری لە خۆی نەکردۆتەوە، هێندەی گیانی بەسەر نەخشونیگاری وەستایەکی دەستڕەنگینی کوردەوە دەردەچێت، هێندەی لەو خەمەدایە، بڵێ کوردیش خاوەن شارستانێتی و کەلەپوور و مێژوویەکی دەوڵەمەندە، ئەوە نییە بەڵگە و شوێنەوارەکان خۆیان زیندوون و دەدوێن.

 

ئەوە نییە شاعیر دەفەرمووێ زەڕەیەک لە خاکی وەتەن نادەم بە قەسری قەیسەری.

دڵسۆزان و خێرخوازانی کوردستان لە ئاستی کارەساتەکانی رۆژئاوا و هەولێر و چەمچەماڵ مێژوویەکی جوانیان تۆمار کرد و ئێستا گرنگە ئاستی هوشیارییان بەهێزتر و بەرزتر بکەن و ئاوڕی ڕژد لەم پرسە گرنگەی شوێنەوار بدەنەوە. ئاخر شانازی بە نیشتمانەوە هەر بە تەنیا بە قسە نییە؛ بە پاراستنی زمان، کولتوور، مێژوو و کەلەپوور و یەکتر خۆشویستن، کە هەموو ئەم بنەمایانە ناسنامەی کوردبوون پێک دێنن.

کوردستان نیشتمانی هەژار و دەوڵەمەندە و هەر خزمەتێک بکرێ دەبێتە مایەی مسۆگەرکردنی ژیانێکی خۆش و ئارامتر بۆ نەوەکانی . لەبەرئەوەی سامانی شوێنەوار و کەلەپوور میراتێک نییە کە تەنها لە ڕابردوودا بیهێڵینەوە و تەواو ، بەڵکوو ئەمانەتێکە لە نەوەکانی پێشووەوە وەرمان گرتووە و دەبێت بە سەلامەتی بیدەینە دەست نەوەکانی داهاتوو.

شوێنەوار و کەلپوور ناسنامەی زیندوو و ڕەگی مێژوویی هەر میللەتێکن. لە رووی مێژوویی و فەرهەنگی و کولتووریی و سیاسییەوە بایەخی خۆیان هەیە و گەلێک جار لەرووی ئابووریشەوە دەبێتە سەرمایەکی باش بۆ وڵات. گرنگی و خۆشەویستی بۆ ئەم بەهایانە تەنها وابەستەیی بە ڕابردوو نییە، بەڵکوو هۆکارێکی سەرەکییە بۆ مانەوە و بەردەوامیی گەل و نەتەوەکان بە زیندوویی.

دوا وتە، شاعیر وتەنی و منیش دەڵێم:

نیشتمان ڕووبارێکە و ماسییەکانی ئێمەین

نیشتمان دارێکە و باڵندەکانی ئێمەین

کە ڕووبارەکە وشک دەکات، ئێمە دەمرین

کە دارەکە دەبڕنەوە، ئێمە هەڵدەوەرێین

نیشتمان دایکە،

کێ هەیە دایکی خۆی خۆش نەوێت؟

 

 

هەڵۆ بەرزنجەیی

___

بۆرینا 42 سالان ل سەر جینۆسایدکرنا 8000 بارزانییان

Harmn

لە هەولێرەوە حاکمی داهاتووی عێراق دەناسرێ

KDC

كورد لە ئامێزی چین دا

KDC