KDC

خەڵاتی جەمیل هۆرۆ و باڤێ سەڵاح بە هونەرمەند بڵند ئیبراهیم بەخشرا

لە ڕێوڕەسمێکی هونەریی تایبەتدا لە شاری هێرنێی ئەڵمانیا، خەڵاتی ڕێزلێنانی جەمیل هۆرۆ و باڤێ سەڵاح پێشکەش بە هونەرمەندی دیاری کورد بڵند ئیبراهیم کرا، وەک پێزانینێک بۆ ڕۆڵ و بەرهەمە نیشتمانی و هونەرییەکانی، بەتایبەت گۆرانیی عەفرینا من.

ئەم چالاکییە هونەرییە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕەوەندی کوردی، کەسایەتییە ڕۆشنبیرییەکان و بنەماڵەی هونەرمەندان لە ئەڵمانیا بەڕێوەچوو، خەڵاتەکە دوو ساڵ جارێک دەبەخشرێتە هونەرمەندێکی دەستنیشانکراوی کورد کە خزمەتی بە کلتوور و هونەری نەتەوەکەی کردبێت، ئەمساڵیش بەهۆی بەرهەمهێنانی سترانی عەفرینا من لە ساڵی 2019 و دەنگدانەوەی بەرفراوانی لەسەر ئاستی کوردستان، پێشکەش بە بڵند ئیبراهیم کرا.

لە میانی وەرگرتنی خەڵاتەکەدا، بڵند ئیبراهیم دڵخۆشی و شانازیی قووڵی خۆی دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم خەڵاتە بەلای ئەوەوە بەهادارترین و گرنگترین خەڵاتە لە کاروانی هونەرییدا، چونکە ڕاستەوخۆ لەلایەن گەلەکەی و دڵسۆزانی زمان و کلتووری کوردییەوە پێی دەبەخشرێت، هەرچەندە پێشتر لەسەر ئاستی جیهانی و بەرهەمهێنانی نێودەوڵەتیش خەڵاتی وەرگرتووە.

لە بەشێکی دیکەی مەراسیمەکەدا، کچی هونەرمەند باڤێ سەڵاح وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی، سوپاسی ڕێکخەرانی یادەکەی کرد بۆ بەرزڕاگرتنی ناوی باوکی و هاوکات پیرۆزبایی گەرمی لە بڵند ئیبراهیم کرد و ڕایگەیاند کە، باوکی هەمیشە لە ژیانیدا هەوادارێکی گەورەی دەنگ و هونەری بڵند ئیبراهیم بووە.

جەمیل هۆرۆ و باڤێ سەڵاح دوو لە دەنگە دیار و ڕەسەنەکانی مۆسیقای کوردی و ناوچەی عەفرینن کە شوێنپەنجەیەکی گەورەیان لە مێژووی فۆلکلۆر و سترانی کوردیدا جێهێشتووە، ئەم خەڵاتە دووساڵانەیە وەک نەریتێکی وەفاداری بۆ یاد و خەباتی ئەو دوو دەنگبێژە دانراوە و هاوکات بووەتە پردێکی بەهێز بۆ کۆکردنەوەی دیاسپۆرای کوردی لە ئەورووپا و پاراستنی ناسنامە و هەستی نەتەوەیی لە ڕێگەی هونەر و مۆسیقاوە، هەروەها گۆرانیی عەفرینا من -ی بڵند ئیبراهیم لە کاتی داگیرکردنی عەفرین لە ساڵی 2019 بڵاوکرایەوە و بووە یەکێک لە سرودە کاریگەرەکان لە پێناو بەرخودان و پێگەی مێژوویی ئەو شارە.

___

کوردێکی ئێزیدی کورسییەکی پەرلەمانی لە ویلایەتی زاکسن-ئەنهالتی ئەڵمانیا بەدەستهێنا

Karzan

ئاگادارییەک لە ئۆفیسی ڕاگەیاندنی کۆنفیدراسیۆنەوە

Harmn

یەکێتی ئەوروپا مافی مانەوەی سێ ساڵە بە ئاوارەکانی ئۆکرانیا دەدات

Harmn