فیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە هۆڵەندا کۆبوونەوەیەکی زانیاریی لەبارەی سیاسەتی پەنابەری و داهاتووی پەنابەرانی سووریی ڕێک .خست
رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦، فیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە هۆڵەندا، لە ڕۆتێردام کۆبوونەوەیەکی زانیاریی لەبارەی نوێترین پێشهاتەکانی سیاسەتی پەنابەری لە هۆڵەندا و یەکێتیی ئەورووپا ڕێک خست.
لە کۆبوونەوەکەدا مافی مانەوەی پەنابەران، بارودۆخی کوردانی سووریا و پرسی گەڕانەوەی ئەوان بۆ سووریا، تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆ بوون.
ئامانجی ڕێکخستنی ئەم کۆبوونەوەیە، ئاگادارکردنەوەی زیاتر لەناو کۆمەڵگەی کوردستانیی لەبارەی گۆڕانکارییەکانی سیاسەتی پەنابەری و ئەو کاریگەرییانەی، کە دەکرێت لەسەر ژیان و داهاتووی پەنابەران و خێزانەکانیان.
گرنگیی ئەم بابەتە لە ئامارە فەرمییەکانیشدا ڕەنگی داوەتەوە. بەپێی ئەو زانیارییانەی حکوومەتی هۆڵەندا لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٦ پێشکەشی پەرلەمانی کردوون، تا ڕۆژی ١ی نیسانی ٢٠٢٦، ژمارەی ١٧,٣١٠ داواکاری پەنابەری سووری و ٧٦,٢٠٠ پەنابەری سووری خاوەن مۆڵەتی مانەوە لە هۆڵەندا هەبوون. لەناو ئەوانەی مۆڵەتی مانەوەیان هەیە، ٧٠,٨٤٠ کەس خاوەنی مۆڵەتی کاتی و ٥,٣٦٠ کەس خاوەنی مۆڵەتی هەمیشەیین.

