KDC

شفا بارزانی ستایشی ڕۆڵی کۆمەڵەی نەورۆز بۆ کولتووری کوردی لە ئەڵمانیا دەکات

بەبۆنەی هەوڵە بەردەوامەکانیان لە پاراستنی زمان و ناسنامەی نەتەوەیی و فێرکردنی زمانی دایک بە نەوەی نوێ لە تاراوگە، شفا بارزانی سوپاسنامەیەکی ئاراستەی سەرۆک و ئەندامانی کۆمەڵەی نەورۆز بۆ کولتووری کوردی لە شاری برێمەنی ئەڵمانیا کرد و ئەو ناوەندەی وەک قوتابخانەیەکی زیندووی کوردایەتی لە دەرەوەی وڵات وەسف کرد.

شفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی لە بارەگای بارزانی لە سوپاسنامەیەکدا ڕایگەیاند، بە بایەخ و خۆشحاڵییەکی زۆرەوە چاودێریی کار و چالاکییەکانی کۆمەڵەی نەورۆز دەکەن لە پێناو پاراستن و پێشخستنی چاند، ڕۆشنبیری و زمانی شیرینی کوردیدا.

لە پەیامەکەی سەرپەرشتیاری گشتی رەوەندی کوردستانیدا هاتووە، هەوڵە بێوچانەکانی کۆمەڵەکە بۆ پاراستنی زمانی کوردی، بەتایبەت فێرکردنی زمانی دایک بە منداڵان و نەوەی نوێ لە دیاسپۆرا، لەگەڵ پاراستنی فۆلکلۆر و دابونەریتی ڕەسەن و بەرزکردنەوەی هۆشیاریی نەتەوەیی لەناو ڕەوەندی کوردستانی لە برێمەن، کارێکی نیشتمانپەروەرانەیە و جێگەی ڕێز و شانازییە.

شفا بارزانی ئاماژەی بەوەش کردووە، پاراستنی زمان و کولتوور بە واتای پاراستنی بوون و ناسنامەی نەتەوەیی کورد دێت، هەر بۆیە کۆشش و ماندووبوونی کۆمەڵەی نەورۆز بەرز دەنرخێنن و جەختی لەوە کردووەتەوە کە پشتیوانی و هاوکاریی بارەگای بارزانی هەمیشە بۆ ئەو جۆرە هەوڵە نەتەوەییانە بەردەوام دەبێت.

 

دەقی پەیامەکە:

بۆ ڕێزدار سەرۆک و ئەندامانی کۆمەڵەی نەورۆز بۆ کولتووری کوردی
برێمەن – ئەڵمانیا

بە ڕێز و سڵاوی گەرم..

ئێمە بە خۆشحاڵییەکی گەورەوە کار و چالاکییە پیرۆزەکانی ئێوە لە بواری پاراستن و پێشخستنی چاند، ڕۆشنبیری و زمانی شیرینی کوردی پێڕەوی دەکەین.

بەو سوپاسنامەیە، دەستخۆشی و ڕێزی بێپایانی خۆمان پێشکەشتان دەکەین، خەباتی بێوچانتان بۆ پاراستن و برەودان بە زمانی کوردی، بەتایبەتی فێرکردنی زمانی دایک بۆ منداڵان و نەوەی نوێ لە دیاسپۆرا، پاراستنی چاند، فۆلکلۆر و نەریتە ڕەسەنەکانی کوردی، هەروەها بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری و هۆشیاریی نەتەوەیی لەناو ڕەوەندی کوردستانی لە برێمەنی ئەڵمانیا، خەباتێکی نیشتمانپەروەرانە و جێگەی ڕێز و شانازییە.

ئێوە لە دەرەوەی وڵات بوونەتە قوتابخانەیەکی زیندووی کوردایەتی، پاراستنی زمان و چاند، پاراستنی بوون و ناسنامەی ئێمەیە، بۆیە ماندووبوون و کۆششی ئێوە لەم بوارەدا بەرز دەنرخێنین.

ئێمە هیوادارین بە هەمان جۆش و خرۆشەوە بەردەوام بن، پاڵپشتی و پشتیوانیی ئێمە هەمیشە لەگەڵتان دەبێت.

هەر بژین و لە خزمەتکردنی چاند و زمانی کوردیدا هەمیشە سەرکەوتوو بن.

بە ڕێز و سڵاوەوە.

شفا بارزانی
سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی
لە بارەگای بارزانی
29.10.2026

___

دادگای بەرەنگاربوونەوەی تاوانی گەندەڵی لە كوردستان دروست دەكرێ

KDC

شاندێکی کۆنفدراسیۆن و ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی سەردانی پارتی گەلی تورکمانیان کرد

Harmn

ئەمیر جەرجیس: ئەوروپا کۆچبەرانی سنووری بیلاڕوس و پۆڵەندا وەرناگرێت

KDC