سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بە بۆنەی ڕاگەیاندنی هەڤبەندیی نەتەوەیی کوردستان لە باکووری کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو دەکاتەوە و پشتیوانیی خۆیان بۆ خەباتی سیاسی و دیموکراتی لەو پارچەیەی کوردستان دووپات دەکاتەوە.
ئیسماعیل کامل، سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، لە پەیامێکدا کە لە 10ـی تشرینی دووەمی 2026 بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە کە ئامانجی سەرەکیی ئەم هەڤبەندییە پاراستنی مافە بنەڕەتییە نەتەوەییەکان و چارەنووسی نەتەوەی کوردە، تاوەکو ببێتە خاوەنی ستاتۆیەکی نەتەوەیی و سیاسی. هاوکات جەختی لە پشتگیریکردنی تێکۆشانی سیاسی و دیموکراتی کردووەتەوە لەپێناو بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کورد لە باکووری کوردستان.
دامەزراندنی هەڤبەندیی نەتەوەیی کوردستان ناسراو بە هەڤبەندی، لە ئەنجامی کۆنفرانسێکی نەتەوەیی بوو کە ڕۆژی 7ـی تشرینی دووەمی 2026 بە بەشداریی ژمارەیەک پارت و ڕێکخراوی سیاسیی باکووری کوردستان و 170 کەسایەتیی سەربەخۆ لە شاری ئامەد بەڕێوە چوو، دواتر لە ڕۆژی 9ـی هەمان مانگدا و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، پێکهێنانی ئەم چوارچێوە سیاسییە و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنێکی 51 کەسی بە فەرمی ڕاگەیەندرا.
دەقی پەیامەکە:
ئێمە دامەزراندنی یەکێتیی نەتەوەیی کوردستان هەڤبەندی پیرۆز دەکەین
هەواڵی خۆشمان لە ڕاگەیاندنی کوردیدا بیست کە دامەزراندنی هەڤبەندیی نەتەوەیی کوردستان لە لایەن پارت و ڕێکخراو و کەسایەتییە کوردستانییەکانەوە لە باکووری کوردستان ڕاگەیەندراوە.
ئامانجی سەرەکیی هەڤبەندی ئەوەیە کە لە کوردستان مافە بنەڕەتییە نەتەوەییەکان و چارەنووسی نەتەوەی کورد بپارێزرێت و خاوەنی ستاتۆیەکی نەتەوەیی و سیاسی بن.
ئێمە وەک کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، پشتگیری لە خەباتی سیاسی و دیموکراتی لە باکووری کوردستان دەکەین بۆ ئەوەی مافە نەتەوەیی و دیموکراتییەکانی خۆیان بەدەست بهێنن.
بەم مەبەستە ئێمە جارێکی دیکە دامەزراندنی یەکێتیی نەتەوەیی کوردستان هەڤبەندی پیرۆز دەکەین.
ئیسماعیل کامل
سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی

