KDC

فیدراسیۆنی دیاسپۆرای کوردستانی لە ئەڵمانیا بانگەوازێکی بەپەلە بۆ هاوکاریکردنی لێقەوماوانی لافاوەکەی هەولێر ڕادەگەیەنێت

سەرپەرشتیاری گشتیی فیدراسیۆنی دیاسپۆرای کوردستانی لە ئەڵمانیا بانگەوازێکی هاوپشتی و هاوکاریی مرۆڤایەتی بۆ بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی شاری هەولێر ڕاگەیاند و داوای لە کوردانی تاراوگە لە ئەڵمانیا، ئەورووپا و سەرتاسەری جیهان کرد، بەپێی توانایان دەستی یارمەتی بۆ خەڵکی پایتەختی هەرێمی کوردستان درێژ بکەن.

دکتۆر ڤیان یوسف، سەرپەرشتیاری گشتیی فیدراسیۆنی دیاسپۆرای کوردستانی لە ئەڵمانیا، ئاشکرای کرد کە لە چوارچێوەی فیدراسیۆنەکەیاندا ژمارەیەک ڕێکخراوی مرۆیی دەستیان بە جووڵە کردووە، لە نێویاندا دەزگای خێرخوازیی پزیشکی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ یەکێتیی پزیشکانی کورد لە ئەڵمانیا، بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک و گەیاندنی بە خێرایی بۆ لێقەوماوان، ئاماژەی بەوەش دا کە بۆ ڕێکخستن و خێراکردنی هەوڵەکان، چەندین کۆبوونەوەی ئۆنلاینیان لە ڕێگەی زوومەوە ئەنجام داوە و لە ئێستادا لە چەندین شار و وڵاتی جیاوازەوە هەڵمەتێکی فراوانی هاوکاری دەستی پێ کردووە.

سەبارەت بە جۆر و شێوازی گەیاندنی هاوکارییەکان، دکتۆر ڤیان یوسف ڕوونی کردەوە کە کەمپەینەکە کۆمەکی دارایی، خواردن، جلوبەرگی گەرم، دەرمان، سووتەمەنی، پێداویستییە سەرەتاییەکان و دابینکردنی شوێنی مانەوە دەگرێتەوە،  هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە لە ڕێگەی پەیوەندی و نوێنەرەکانیان لە هەولێر، سەرجەم کۆمەکەکان دەگەیەننە دەست پارێزگاری هەولێر و دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سووککردنی باری سەر شانی خێزانە زیانلێکەوتووەکان.

سەرپەرشتیاری گشتیی فیدراسیۆنی دیاسپۆرای کوردستانی لە ئەڵمانیا وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە هەولێر هەمیشە ماڵێکی گەرم، باوەشێکی کراوە و پەناگەی لێقەوماوانی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە لە کاتی شەڕ و ئاوارەیی و قەیرانەکاندا، دووپاتی کردەوە کە ئەمڕۆ نۆرەی ڕەوەندی کوردستانی لە ئەورووپا و جیهان، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەموو مرۆڤدۆستانە کە لە تەنیشت هەولێر بوەستن، ئەو ئاماژەی بەوەش کرد کە پێویستە ئەم ڕۆژانە بکرێنە ڕۆژانی یەکگرتوویی و هاوپشتیی نەتەوەیی، تاکو لە ڕێگەی کردارەوە بسەلمێنرێت کە هەولێر ماڵی هەمووانە و ئازاری شارەکە ئازاری هەموو کوردێکە، بۆ ئەوەی هیچ خێزانێک لە سەرمادا نەلەرزێت، هیچ منداڵێک بێ سەرپەنا نەمێنێتەوە و هیچ مرۆڤێک لە کاتی کارەساتدا هەست بە تەنهایی نەکات.

ئەم بانگەوازە مرۆییە لە کاتێکدایە کە شەوی شەممە 7ـی تشرینی دووەمی 2026، شەپۆلێکی چڕ و کتوپڕی بارانبارین شاری هەولێر و دەوروبەری گرتەوە و بە تۆمارکردنی 127 ملیمەتر باران، ڕیکۆردی 46 ساڵی ڕابردووی بارانبارینی لە شارەکەدا شکاند، لە ئەنجامی دروستبوونی لافاو لە چەندین گەڕەک و شەقامی سەرەکی، دوو هاووڵاتی گیانیان لەدەست دا و سەدان ماڵ، دوکان و ئۆتۆمبێل ژێرئاو کەوتن و زیانیان بەرکەوت، بەپێی خەمڵاندنە ئابوورییە سەرەتاییەکان، قەبارەی زیانە ماددییەکانی لافاوەکە بە زیاتر لە 8 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت، هاوکات دابەزینی پلەکانی گەرما و کێشەکانی سووتەمەنی و وزەش، دۆخی ژیانی بەشێک لە هاووڵاتییانی زیانلێکەوتووی سەختتر کردووە.

 

___

ئەمەریکا تانک و تۆپی دوورهاوێژ بە ئۆکرانیا دەدات

Harmn

ناوەندی برۆکسل سەبارەت بە چەند پرسێکی تایبەت کۆبونەوە

Harmn

کۆنفیدراسیۆن پەیامێکی گرنگی بڵاوکردەوە

Harmn