کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، بە بۆنەی یەکەمین دەرچوونی ڕۆژنامەی کوردی (کوردستان ١٨٩٨)، پیرۆزبایی لە هەموو ڕۆژنامەنووسان و میدیاکارانی کوردی سەرجەم پارچەکانی کوردستان دەکات.
دەقی پەیامەکە:
دەرچوونی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی کوردی، کە لە لایەن میقداد مەدحەت بەدرخان لە قاهیرەی پایتەختی میسر بە ناوی کوردستان دەرچوو، لەو کاتەوە تا بە ئێستا دەگات، ڕۆژنامەگەری کوردی بەردەوام بووە و گەشەی کردووە، هاوکات لە خەباتی ڕزگاریخواز گەلەکەمان کاریگەری لەسەر ناساندنی دۆزی ڕەوای کورد هەبووە، لە هەمان کاتدا پێگەیەکیش بووە بۆ بەرەپێشچوونی زمان و فەرهەنگ و کولتووری کوردی.
ڕۆژنامەی کوردستان، تەنیا ڕێگایەک نەبوو بۆ هەواڵ و بۆچوون، بەڵکوو سیمایەکی ڕەھای ڕزگاری و خوێندنەوەی نەتەوەیی بوو، کە ڕێگای بۆ ڕۆژنامەگەری کوردی رەخساند.
ئێمە وەک کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، ئەم بۆنەیە بە خاڵێکی گرنگی مێژوویی دادەنێین و پاڵپشتی و پشتگیری خۆمان بۆ میدیای کوردی ڕا دەگەیەنین، داوایان لێ دەکەین، کە پابەندی پرسە نەتەوەیی و ئاسایشی نیشتمانیی بن.
زۆر پیرۆز بێت ئەم ڕۆژە مێژووییە
کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی
٢٢ی نیسانی ٢٠٢٥