کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، ڕای دەگەیەنن، کە پشتیوانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەکەن و دەشڵێن، پێویستە تورکیا ببێتە وڵاتێکی فرە دەنگ و فرە ڕەنگ.
دەقی بەیاننامەکە:
بەیاننامەی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی
سەبارەت بە پشتیوانی لە پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری کێشەی کورد لە تورکیا
کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی، بە وردی چاودێریی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەکات، لەو باوەڕەداین ئاشتی و دیالۆگ هەموو کاتێک باشتر و سەرکەوتووترین ڕێگەیە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان.
ئێمە بە تایبەتیی ڕۆڵی سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرجەم سەرکردەکانی باشوور و پارچەکانی دیکەی کوردستان بەرز دەنرخێنین و چاودێریی هەنگاوە یەک لە دوای یەکەکانی ئەم پرۆسە ئاشتییە دەکەین، بە هیواین درێژە بە خەباتی مەدەنی بدەن لە باکووری کوردستان و بە وەفادارییەکی زۆرەوە کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، پشتیوانی لەم پرۆسەیە دەکات بۆ برەودانی خەباتی نیشتمانی.
ئاشتیی ڕاستەقینە بە تەنها چارەسەرێکی درێژخایەنەیە بۆ ئازادی و مافی کورد لە باکووری کوردستان و بە هۆی ئەمەوە دەکرێت سەرەتای سەردەمێکی نوێی تورکیا بێت؛ سەردەمێک، کە کورد تێیدا دەبێتە هاوبەشی تەواو.
کۆنفیدراسیۆن بە تەواوی باوەڕەوە،کە ڕێگەی چەک و توندوتیژی و خەباتی چەکداری و ململانێ بێ ئەنجام دەبێت و دەبێت خەباتی نیشتمانیی بگۆڕێت بۆ خەباتی مەدەنی سیاسی.
ئێمە پشتیوانین لە هەموو هەوڵێکی ئاشتییخوازانە بۆ مافی نەتەوەی گەلی کورد لە تورکیا، کە لە ڕێگای دیالۆگ و دیموکراسی چارەسەر بکرێت و تورکیا ببێتە وڵاتێکی فرە دەنگ و فرە ڕەنگ.
کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی
