لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی مێژویی و نەتەوەیی بەرانبەر بە دۆخی هەستیاری ڕۆژئاوای کوردستان و ئەو گۆڕانکارییە سیاسییە خێرایانەی کە ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕێت، کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بە ووردی چاودێریی پڕۆسەی گفتوگۆ و ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکومەتی سوریا دەکات.
سەرەڕای باوەڕبوونی تەواوەتی و نەگۆڕی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بە پرەنسیپی دیالۆگ، گفتوگۆی شارستانی و گرتنەبەری ڕێگەچارەی ئاشتیانە وەک تاکە بژاردەی دروست بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان، بەڵام بە دەنگێکی بەرز و دلێرانە دووپاتی دەکەینەوە کە هەر جۆرە ڕێککەوتنێک نابێت لەسەر سازشکردن بێت لەسەر مافە ڕەواکانی گەلەکەمان.
ئێمە لە کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی جەخت دەکەینەوە کە پێویستە مافەکانی گەلی کورد لە دەستووری هەمیشەیی سووریادا بە ڕوونی و بێ هیچ لێڵیەک جێگیر بکرێن، دەبێت دان بەوەدا بنرێت کە کورد گەلێکی ڕەسەن و پێکهاتەی سەرەکیی ئەو خاکەیە و دەبێت مامەڵەی هاووڵاتی ژمارە یەک لەگەڵ کورد بکرێت، هاوکات، مەرجێکی بنەڕەتییە کە زمانی کوردی دانی پێدا بنرێت.
لێرەوە بە ڕوونی ڕایدەگەیەنین، کۆنفیدراسیۆن دژی هەر هەوڵ و پیلانێکە کە ئامانجی لێدان یان نەهێشتنی قەوارەی سیاسی و ئیداریی ڕۆژئاوای کوردستان بێت، ئێمە پێمان وایە مانەوە و بەهێزکردنی ئەم قەوارە کوردستانییە و چارەسەرکردنی ڕیشەیی پرسی کورد، کلیلی سەرەکییە بۆ دەستەبەرکردنی سووریایەکی ئارام، سەقامگیر و خاوەن ئایندەیەکی گەش، مەحاڵە بەبێ چارەسەرکردنی دادپەروەرانەی دۆزی کورد، هیچ جۆرە سەقامگیرییەک لە سووریادا بەدی بێت.
بۆ ئەم مەبەستە و وەک پەیامێکی هۆشداری و فشار، دووپاتی دەکەینەوە کە خۆپێشاندانە فراوان و جەماوەرییەکەی سبەی لە شاری بۆن لە وڵاتی ئەڵمانیا، ئامانج لێی گەیاندنی دەنگی ناڕەزایەتی و هەڵوێستی نەگۆڕی ئێمەیە بە هەموو جیهان، ئێمە سبەی هەموومان بە یەک دەنگ داوا دەکەین بە هیچ شێوەیەک نابێت مافەکانی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان پشتگوێ بخیرێن یان بکرێنە قوربانیی بەرژەوەندییە سیاسییە کاتییەکان.
سەربەرزی بۆ گەلی کوردستان و پارێزراو بێت قەوارەی ڕۆژئاوای کوردستان.
بژی کورد..بژی کوردستان…
کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی
30ـی کانوونی دووەمی 2026
