KDC

بەیاننامەی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی سەبارەت بە گردبوونەوەی جەماوەریی شاری بۆن بۆ پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان


کوردستانیانی نیشتمانپەرەوەر..
حکوومەت و گەلی ئەڵمانیا..
کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، بەوپەڕی شانازییەوە سڵاو بۆ هەڵوێستی نەتەوەیی و یەکگرتووانەی کوردانی دیاسپۆرا دەنێرێت، کە لە شاری بۆنی وڵاتی ئەڵمانیا، بە یەک دەنگ و لەژێر سێبەری ئاڵای کوردستاندا، بۆ پشتیوانی لە خوشک و برایانیان لە ڕۆژئاوای کوردستان کۆبوونەوە.
ئەم گردبوونەوەیە بە دروشمی (برایەتی کوردان ) جارێکی تر پەیامی یەکڕیزیی پۆڵایینی گەلی کوردی لە هەر چوار پارچەی کوردستان و تەواوی جیهان بە گوێی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا دایەوە.
هاوکات، کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی سوپاس و پێزانینی قووڵی خۆی ئاراستەی حکوومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیا، پارێزگا و پۆلیسی شاری بۆن و گەلی دۆستی ئەڵمانیا دەکات، کە ئاسانکارییان بۆ سەرکەوتنی ئەم چالاکییە مەدەنییە کرد، لێرەوە داوای لێبوردن لە هاووڵاتیانی شاری بۆن دەکەین بۆ هەر قەرەباڵغی و کێشەیەکی هاتووچۆ کە لە ئەنجامی ئەم کۆبوونەوە جەماوەرییە گەورەیە لە شەقامەکاندا دروست بوو، سوپاسی ئارامی و تێگەیشتنیان دەکەین کە هاوکار بوون لەوەی دەنگی مەزڵوومییەتی گەلەکەمان بگاتە ناوەندەکانی بڕیار.
لەم چوارچێوەیەدا، کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی دووپات لە ڕێنمایی و دیدگای نەتەوەیی سەرۆک بارزانی دەکاتەوە بۆ بەردەوامیدان بە خەباتی مەدەنی و پشتیوانیکردنی ڕۆژئاوای کوردستان، بەتایبەت لە ناوەندەکانی بڕیار لە ئەوروپا و جیهان. وەک سەرۆک بارزانی جەختی لێ کردووەتەوە، سنوورە دەستکردەکان و جیاوازیی بیروڕای سیاسی ناتوانن پەیوەندییە مێژوویی و نەتەوەییەکانی کورد لاواز بکەن، چونکە ئێمە یەک نەتەوەین و خاوەن پاشەڕۆژێکی هاوبەشین.
ئێمە پابەندبوونی خۆمان بە پەیامی ئاشتیخوازانەی سەرۆک بارزانی ڕادەگەیەنین کە جەخت دەکاتەوە دەبێت خۆپێشاندانەکان بە شێوازێکی شارستانی و بەپێی یاساکانی ئەو وڵاتانە بن کە تێیدا دەژین، کێشەی گەلی کورد تەنیا لەگەڵ ڕژێمە چەوسێنەرەکانە نەک نەتەوەکان، بۆیە ڕێگە نادەین هیچ جۆرە ڕق و کینەیەک بەرامبەر نەتەوەکانی تر دروست ببێت، پەیامی ڕەوەندی کوردستانی هەمیشە پەیامی مرۆڤدۆستی، پێکەوەژیان و ئاشتی دەبێت بۆ هەموو جیهان.
سەربەرزی بۆ گەلی کورد و پارێزەرانی ئاڵای کوردستان.
کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی
1ـی شوباتی 2026

___

ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لە ئەڵمانیا کۆبونەوەیەکی ئەنجام دا

nusar1

پۆڵەندا: تەرمی کۆچبەرێک دەدۆزرێتەوە 

KDC

بەئامادەبوونی شفا بارزانی ، بەڕێوەبەرایەتی خوێندنی دەرەوەی وڵات کرایەوە

nusar1