KDC

پەیامی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بە بۆنەی ساڵیادی ڕاپەڕینە مەزنەکەی گەلی کوردستان

جەماوەری سەربەرزی کوردستان
کوردستانییانی دڵسۆز لە هەر چوارگۆشەی جیهان
کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان
ئەمڕۆ بە هەستێکی پڕ لە شانازی و شکۆوە، یادی وەرچەرخانێکی مێژوویی و ڕۆژێکی پڕشنگدار دەکەینەوە، کە تێیدا ئیرادەی پۆڵایینی گەلی کوردستان بەسەر ستەم و دیکتاتۆرییەتدا سەرکەوت و مژدەی ئازادی بە هەموو جیهان گەیشت.
یادی 5ی ئاداری 1991، تەنها بیرهێنانەوەی ڕووداوێکی تێپەڕ نییە، بەڵکو نوێکردنەوەی پەیمانی وەفادارییە بۆ خوێنی شەهیدان و ئەو مێژووە پڕ سەروەرییەی کە بە دەستی ڕۆڵە تێکۆشەرەکانی ئەم نیشتمانە تۆمار کرا.
ڕاپەڕینی ئاداری 1991 ئەو ساتەوەختە چارەنووسسازە بوو کە تێیدا دیواری ترس ڕووخێنرا و گڕکانێك لە دەروونی تاک بە تاکی کوردستانیان تەقییەوە. ئەم سەرکەوتنە مەزنە بەبێ یەکڕیزیی نیشتمانی و نەخشەڕێژیی ورد و سەرکردایەتییەکی حەکیمانە مەحاڵ بوو، لێرەدا ڕۆڵی مێژوویی و کاریگەریی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی وەك ئەندازیاری ڕاپەڕین و سەرکردەی بەرەی کوردستانی بە ڕوونی دەدرەوشێتەوە، کە توانی بە حیکمەت و دووربینیی خۆی، ئاراستەی خەباتەکە بەرەو کەناری ئارامی و سەرکەوتن ببات.
جەنابی سەرۆک بارزانی بە خوێندنەوەیەکی ورد بۆ بارودۆخی ناوچەکە و جیهان، توانی یەکڕیزیی هێزە سیاسییەکان و جەماوەری کوردستان لە چوارچێوەی بەرەی کوردستانیدا دروست بکات، هاتنە خوارەوەی جەنابیان لە شاخەکانەوە بۆ ناو جەرگەی شارەکان و سەرپەرشتیکردنی مەیدانیی پرۆسەی ئازادکردنی کوردستان، ورەیەکی بێ وێنەی بەخشی بە پێشمەرگە و جەماوەر، دەرەنجامی ئەم ڕاپەڕینە شکۆدارە، وەدەرنانی دامودەزگا داگیرکەرەکان و دامەزراندنی قەوارەیەکی دەستووری و یاسایی لێ کەوتەوە، کە ئەمڕۆ لە پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بەرجەستە بووە و بووەتە مایەی ئومێدی هەموو کوردێک لە جیهاندا.
ئێمە لە کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، لەم یادە پیرۆزەدا جەخت لەسەر پاراستنی دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین دەکەینەوە، ئەو ئازادی و سەرفرازییەی ئەمڕۆ بەرهەمی خوێنی شەهیدان و ڕەنجی پێشمەرگە و حیکمەتی سەرۆک بارزانییە، ئەرکی هەموومانە، چ لە ناوەوە و چ لە دەرەوەی وڵات، بە یەکڕیزی و تەبایی پارێزگاری لە قەوارەی هەرێمی کوردستان بکەین و وەک باڵیۆزی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان، پەیامی ئاشتی و مافە ڕەواکانی کوردستان بە هەموو جیهان بگەیەنین.
سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕاپەڕین و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان.
سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەکان.
سەربەرزی و شکۆ بۆ گەلی خۆڕاگری کوردستان و ڕەوەندی کوردستانی.
کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی
5ی ئاداری 2026

___

ڤیدیۆ: دووەمین کۆڕبەندی ئینتیمای نیشتمانی

KDC

فدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان- دیاسپۆرا پەیامێک بڵاودەکەنەوە

nusar1

سوسیاڵ زانیاری هەستیاری بە هەڵە بۆ خێزانێک دەنێرێت

KDC