هەڵۆ بەرزنجەیی
لە رووی فاکتی کاتەوە رێکەوتنی کورد دەگەڵ دەسەڵاتی سووریا لەم کاتەدا خاڵێکی لاوازە بۆ کورد و پشتیوانی و ڕەوایەتی دانە بە هەڵسانەوەی ئەحمەد شرع و حکوومەتەکەی، کە دوێنێ و پێرێ گەورەترین کۆمەڵکوژییان بە بەرچاوی جیهانەوە ئەنجام داوە..
خاڵی (٢ )ی رێکەوتنەکە نەتەوەی کوردی وەک کۆمەڵگە ناوبردووە، کە دەبوو بە نەتەوە یان گەل ناوبهێنرایە. بە هیچ شێوەیەک وشەی کوردستان ئاماژەی پێ نەدراوە. ئەمە خاڵێکی تری تەواو لاواز و هەڵەیەی رێکەوتنەکەیە لە رووی نەتەوەیی و مێژوویی و جوگرافیاییەوە..
خاڵی (٤) بەو پەلەیە تێکەڵکردنی دەسەڵاتی مەدەنی و سەربازی دیسان هەڵەیە و بە زیانی کورد دەبێت. جگە لەوەی کورد نزیکەی دەیەیەک زیاتر دەسەڵاتی خۆسەری هەیە، ئاخر بە ریشی کێ رەوایە کچە کوردێکی شەروانی ئازادیخواز و مرۆڤدۆست و بەچکە قاعیدە و داعشێکی تاریکپەرستی لمۆز خوێناوی دژە مرۆڤ وەک یەک دابنرێن؟!…
خاڵی(٧) هەڵەیەکی هەرە زەق و زۆر لاوازی ئەم رێکەوتنەیە کە نەدەبوو بخرێتە ناو رێکەوتنەکەوە. ئێستا دروز و عەلەوییەکان داوای فیدراڵی دەکەن ، چاودێرانی سیاسی باس لە پارچەپارچەبوونی سووریا و ناناوەندی بوونی دەکەن..
هەروەها سووریای ناناوەندی و لاواز ستراتیژێکە ئیسرائیل کاری لەسەر دەکات.. جا ئیدیجپرسیار ئەوەیە بۆ کورد لەم هەلومەرجەدا خۆی دەکاتە پاسەوانی سنوورەکانی سووریا؟!…رەنگە لە ئایندەیەکی نزیکدا بخرێتە داوێکەوە، تووشی شەڕی ئیسرائیل بکرێت.
لەم رێکەوتنامەیەدا کە دەبێتە نەخشە و بەرنامەی کاری کورد و حکومەتەکەی شرع:
هیچ باسی مافی نەتەوەیی کورد لە دەستووری نوێدا نەکراوە.
باسی سنووری کوردستانیش مادەیەکی رێکەوتنەکە نییە.
سیستەمی فیدڕاڵی و یان ناناوەندی نەخراوەتە بەر گفتوگۆ!
ئاماژە بە پرسەکانی تری ئازادی و دیموکراسی تێدا نەکراوە..هەتادوایی!!…
لەوە دەچێ شرع زۆری پێویست بەم رێکەتنە بووبێ ، بۆیە وا بە هەڵپروزکاوی لە چێشتخانەکەیان ئامادەیان کردووە. کوردیش وەک هەمیشە لە مێژوودا لە گەمەی گفتوگۆدا بەدۆڕاوی دێتە دەرێ…
بە هەموو پێوەرێک ماف و پێگە و هێز و هەلومەرجی لەباری کوردستانی و جیهانی و قوربانییەکانی کورد فاکت و هۆکارێکن کە کورد شایستەی مافی زیاتر و چەسپاوتر و مسۆگەرترە..بۆیە هەر کەمتەرخەمی و کورتهێنانێک لەم بوارەدا دەبێتە بەرپرسیارێتییەکە گەورە لە سەر شانی ئەو هێز و لایەن و کەسانەی بە ئەرکی شیاوی خۆیان ڕانابن..
بەداخەوە ئەم بەڵگەنامە ئیمزاکراوە، دیکۆمێنتێکی زۆر لاوازە و کەمترین مافی کوردی وەک نەتەوە و نیشتمان لە خۆ گرتووە.
ئەگەر کورد بەو هەموو هێزە سەربازییەوە و نزیکەی سێیەکی سووریای لەژێر کۆنترۆڵدایە، لە ئێستای سووریای لاواز و بێ سووپا و بێپشتیوان و هەڵتەکاوی ئابووری و داڕماوی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا نەتوانێ مافە رەواکانی بچەسپێنێ، ئەوە لە هەمان بازنەی داخراوی مێژوودا هەر خول دەخوا و وەک هەمیشە دەبێتەوە فاکتی فریادرەسی (انقاذ)ی سووریا وەک هەڵە گەورەکانی کورد لە باشوور کردنی !!
لێرەش لە ئایندەیەکی نێزیکدا کورد دووبارە دەبێتەوە نێچیر و قوربانی دەستی هەڵە کوشندەکانی خۆی و دڕندەیی و نامرۆڤی دەسەڵاتی دیمەشق و داگیرکەرەکانی تری کوردستان،!!…