هەڵۆ بەرزنجەیی
یەکریزی و تەبایی نێو پارت و سازییە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان
پیرۆز و پیرۆز و پیرۆز و پیرۆزتر بێت..
ئەم هەنگاو و بڕیارە گرنگ و هەستیار و چارەنووسسازە:
ئەم هەنگاوەی کۆتاییهێنان بە ناکۆکی و ژیانی بندەستی دەمانبات بەرەو سەرکەوتنی یەکجارەکی لە (کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆ)دا…
خەونی لەمێژینەی {خانی و حاجی قادر و پەشێو{ و چەندانی تر دێنێتە دی
گیان و ڕۆحی {گیانبەختکرد و گەشمردان}ی کوردستان شاد دەکات
هیوا وەبەر باوەڕ و هێز و داخوازی و داینامیکی یەکگرتن دەبەخشێ و
هەڵگری مژدەی دوارۆژێکی گەشترە بۆ نەوەکانی کوردستان و مسۆگەرتری دەکات
ئەم بڕیار و هەنگاوە پیرۆزەی لە ڕۆژئاوا درا و نرا:
هەزاران هەزار لاپەڕەی رەشی سپی کردەوە،کوتەکێکی دەمکوتکەرانەی دا بە لمۆزی ناحەزانی تەبایی و یەکگرتندا ..
سەدان برینی ساڕێژ کردەوە و دەکاتەوە و دڵی ملیۆنان کوردی لە ناوەوە و دەرەوەی نیشتمان خۆش کرد و دەکات. بە واتای کورد و دۆست خۆشحاڵ دەکات و داگیرکەر و دوژمن یەخەی خۆیان دادەدڕن.
هاوزمان و هاوخوێنانی کورد و کوردستانی: یەکگرتن لە گوتار و هەڵوێستدا ئاسانە و خۆش و بەسوود و ئازادیهێن و ئاشتیپەروەر و ساڕێژکەری دەرد و برینانە
وا وزە و داینامیکی یەکگرتن ئاڵایەکی سەرفرازییە و بەسەر سەریی هەمووانەوە دەشەکێتەوە ..شکۆی دەرسیم و هەڵەبجە و سەردەشت و کۆبانی بەرزتر کردەوە … گیانی شێخ سەعید و سەید رەزا و شێخ مەحموود و پێشەوا و بارزانی و دەیانی ترتان شاد کردەوە…
یەک تەقەڵتان دایەوە لە نەخشەی باکوور و باشوور و رۆژهەڵات و رۆژئاوای وڵات..
هیوادارین بەشەکانی تری وڵاتیش لە هەنگاوی وا گرنگ و چارەنووسساز دوانەکەن و شەمەندەفەری مێژوو کە رووی لە کوردانە، راگرن و سواری بن بەرەو هەوار و مەنزڵگای ئازادی و سەربەخۆیی و یەکسانی و دیموکراسی و ئاشتی وو هەموو هەوارگەکانی تری نەتەوایەتی و نێونەتەوایەتی…..
گرنگ و پێویستە پێویستە هەم هوشیار بین و هەمیش بۆ خۆمان و دنیای زەلال بکەین ..یەکگرتنمان دەبێت بۆ هەقیقەت و راستینەی دۆزی کورد وەکار بهێنرێ و نەتەوە و نیشتمانی خۆمانی پێ بپارێزین و لە ئازادی و سەربەخۆییدا… ئێمە نەبینە پاسەوانی سنوورە دەستکردەکانی دەوڵەتانی داگیرکەر و گاردی پاراستنی ژیانی دوژمنانی سەردەستی خوێناوی لەسەر جەستە و کەللە سەری خۆمان…لەم سەرەڕێیی سەروەرییەدا نە مافی کەس داگیر دەکەین و نە ژیانی کەس وێران دەکەین و چیمان پێ بکرێ بۆ ناوچەکە و جیهان لە بەختەوەریی و ئاشتی و پێکەوە ژیان بە ماف و دەسەڵاتی وەک یەکەوە کردوومانە و دەیکەین و بەردەوام دەبین..
هەلێک بە کورد دەبەخشێ بە هێزی مادی و کولتوورە دەوڵەمەند و جوان و بەخشندەکەی بەشداریی لە بنیاتنانی کەش و ژینگەیەکی تەندروستی ژیان و گوزەرانی ئاسوودە لە ناوچەکە و لەسەر ئاستی جیهاندا بکات…
کورد بۆیە نەمرە چونکە ژیاندۆستە، بە درێژایی چەندین سەدەیە شەڕی چەندەها داگیرکەری کردووە لە پێناوی مانەوە لەناو کایەی ژیان دا .
ئەم هەاڵ و هەوڵ و هەنگاوە شایستەی ئەوەیە تێڕای کورد
بە یەک دەنگ و هاوار و نەعرەتە سروودی
ئەی کوردینە..ئەی مەردینە
با دەست لەناو دەست کەین
هەموو
بۆ بەرزێتی خاکی نیشتمان
و
سەروەریی نەتەوەی کورد
سڵاو یەکێتی و تەبایی نێو ریزەکانی کوردایەتی
درود بۆ گیانی بەرزەفڕی گیانبەختکردوانی کرێی سەربەخۆیی کوردستان
هەر شەکاوە بێت ئاڵای ئازادی و سەربەخۆیی و یەکسانی وڵات
سڵاو لە گەلانی بندەستی جیهان
بە هیوای ژیانێکی دوور لە ستەم و چەوساندنەوە و دادۆشین و ئابڕوومەندی شایستەی مرۆڤ دا..