KDC

کورد و هێزی نەرم

 

عەلی جمال
هێزی نەرم بەو توانایانە دەوترێت کە وڵاتێک بۆ دروستکردنی کاریگەریی لەسەر وڵاتێکی دیکەی جیهان بەکاریدەهێنێت بەبێ ئەوەی پەنا بباتەبەر هێزی سیاسی و سەربازی، ئەمەش لە رێگەی سەرنجڕاکێشان یان قایلکردنی وڵاتێک بۆ چەندین بەها و بەرژەوەندیی باڵاوە لەلایەن وڵاتێکی دیکەوە، بۆ نمونە لە جیهانی ئێستادا کەلتور، هونەر و زانست بواری بەرچاوی هێزی نەرمی وڵاتانن.لە ئێستادا وڵاتانی جیهان لەڕێگەی پەرەپێدانی دیبلۆماسییەتەکانیان لە بواری وەرزش، پەروەردە، دیبلۆماسی گشتی، زانست و بواری دیجیتاڵیدا، هەوڵی راکێشانی سەرنجی وڵاتانی دیکەی جیهان دەدەن بۆ زاڵکردنی هەژمونی خۆیان بەسەریاندا.
ئەگەر سەیری خەباتی بەشێكی زۆری گەلانی جیهان بكەین، دەكرێت بە دوو بەشەوە، بەشێكیان خەباتی هێزی رەقە (هێزی چەك و لۆجستی و خەباتی شۆڕشگێڕانەیە) و بەشێكیشیان خەباتی هێزی نەرمە كە «میدیا، كەلتور و زمان و فەرهەنگ» دیارترینی نموونەی ئەم هێزە نەرمەن. خەبات بە هێزی رەق بە رادەیەكی زۆر لەو شوێنەدا دەوەستێك كە هەر نەتەوەیەك دەگاتە ئامانج و هیوای خۆی و خەباتەكەیان سەركەوتن بە دەست دەهێنێت ئەم دۆخە پێیشی دەوترێت دۆخی گەرمی نەتەوەیی، بەڵام خەباتی هێزی نەرم قۆناغێكی درێژتر و جیاوازتر و نەرمترە، هەتا زمان و میدیا و كەلتوور و فەرهەنگ هەبن، هێزی نەرمیش بەردەوام دەبێت و كۆتایی نایەت. بە هەر شێوەیەك بڕوانینە ئەم دوو خەباتە، ئەوا هیچ یەكێكیان لەوی دیكەیان لە پێشتر و گرنگتر نییە بەپێی قۆناغ، هیچ گەلێك نییە پێویستی بە تەنها خەباتێكیان بێت و پێویستی بە خەباتێكی دیكەیان نەبێت، هەردووكیان پێكەوە مێژووی نەتەوەیەك تەواو دەكەن.
هەرێمی كوردستان چ بەهۆی پێگە جوگرافیی ، ئابووری و سیاسییەكەیەوە لە هەمانكاتدا لە رووی سەربازیشەوە و ناوچەیەكی ستراتیژی و گرنگ هەژمار دەكرێت ، هەر ئەوەشە وایكردووە كە بە درێژایی مێژوو چاویی وڵاتانی زڵهێز و ناوچەكەكانی لەسەر بێت ، بە تایبەت لەماوەی سێ دەیە حكوومرانی هەرێمی كوردستان توانیوێتی بە هۆی مامەڵەكردنێكی ژیرانە و وردبینانە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی ببێتە هاوبەشێكی متمانە پێكراو و خاوەن سەنگ و پێگەی خۆی كە بەدڵنییاییەوە ئەوەش بۆ گڕتنەبەری ئەو سیاسەت و دیپلۆماسییە ژیرانە و وردبینانەیە سەركردایەتیی سیاسی كوردستان و لەلایەكی دیكەوەشەوە بۆ خۆراگری و قوربانیدانی گەلی كورد و هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ بەرگریكردن لە دەستكەوتەكان و قەوارەكەی دەگەرێتەوە .

شارەزایانی هێزی نەرم دەڵێن، بەکارهێنانی هێزی توند رووی لە کەمبوونەوەیە و بەکارهێنانی هێزی سەربازی کەمتر کاریگەرە و رابردووش ئەوەی سەلماندووە.بەگوێرەی ماڵپەڕی باشترین دیبلۆماتکارەکان، بۆ وڵاتێک کە بیەوێت کاریگەریی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا بمێنێتەوە، دەبێت هەوڵبدات تەکنیکەکانی هێزی نەرم پەرەپێبدات، لەپاڵ ئەوەشدا دەبێت لێهاتووییەکانی لەبواری گفتوگۆکردن، دامەزراوەیبوون و رێکخراوەییدا پەرەپێبدات

بۆیە، گرنگیدان بە هێزی نەرمی دیپلۆماسی و سیاسی و ئابووری لە سەر بنەمای بەرژوەندییە هاوبەش و بەكارهێنانی، وا دەكات هەرێمی كوردستان ڕۆڵێكی زیاتری هەبێ لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، هەروەها لە چارەسەركردنی كێشە و ململانێكان لەسەر ئاستی ناوەخۆ و دەرەوە. جگە لەمانەیش هەرێمی كوردستان كەلتوورێكی دەوڵەمەندی هەیە لە ڕووی پێكەوەهەڵكردن، فرەیی، لێبووردەیی و پێكەوەژیانی ئاشتییانە، بۆیە دەكرێت لێبووردەیی، پێكەوەژیانی ئاشتییانە، ڕێزگرتن و داننان بە فرەیی لە نێوان پێكهاتە و ناسنامە جیاوازەكان، ببێتە سەرچاوەیەكی گەورەی هێزی نەرم بۆ هەرێمی كوردستان. هەروەها گرنگیدان بە بوارە كەلتووریی ، وەزرشی ، هونەرییەكان و سینەما بەشێكی تری ئەو پەیوەندییانەیە كە دەتوانێت وەك هێزی نەرمی هەم بۆ زیاتر بەهێزكردنی سەنگ و پێگەی هەرێمی كوردستان و هەمیش لە داكۆكیكردن لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانمان لە سەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی سوودی لێوەربگرین
كوردیش وەك هەر نەتەوە و گەلێكی دیكەی سەر ئەم گۆی زەمینە، هەردوو خەباتەكەی پێكەوە دەست داوەتێ، بەڵام بە دوو وێستگەی جیاواز. مێژووی خەباتی چەكداری و هێزی رەقی كورد نەك كەم نییە، تەنانەت گەلێك دەوڵەمەند و پڕ چالاكی و گیانفیدایی بووە، خەباتی هێزی رەقی كورد لە خەباتی هێزی رەقی زۆر نەتەوە و گەلانی گەورەی جیهانیش گەورەتر و لە پێشترە، بەڵام بەو پێیەی كە كورد هەمیشە لە لایەن دوژمنەكانییەوە رووبەڕووی ئازار و جەنگی قورس بووەتەوە هەموو جارەكان ئەم خەباتە چەكدارییە بە هێزی رەق نەگەشتۆتە ئامانج و كۆتایی پێهێنراوە و خەباتی كورد بە ئازار و ماڵوێرانی كورد و تێكدانی دیموگرافیای كوردستان كۆتایی پێهێنراوە

زلهێزەکان لە ڕێگەی ناوەندەکانی توێژینەوە و دامەزراوە بیرکردنەوەکانیانەوە بیرێکی بەرچاویان کردووەتەوە کە چۆن پێگەی خۆیان بەدەستبهێننەوە یان ڕووبەڕووی تەحەدای نوێ ببنەوە بەبێ ئەوەی پەنا بۆ بەکارهێنانی هێزی سەخت ببەن. لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکانەوە ئەمەش فۆرمێکی نوێی دیپلۆماسی نێودەوڵەتی بەرهەمهێناوە: “دیپلۆماسی کولتووری”. ئەم فۆرمە نەک هەر بە هۆی دابەزینی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی نێوان زلهێزەکان، بەڵکو بە هۆی سەرهەڵدانی واقیعی نوێ کە لۆژیکی “پەیوەندییەکان” و “سروشتی ململانێ”یان هەڵوەشاندەوە.
هێزی نەرم مەودا وماوەیەکی زۆری دەوێت هەتا کار دەکات بە هەمان شێوە مەودا وماوەیەکی پتری دەوێت هەتا لەکۆڵت دەبێتەوە ولێی دەخەڵەسێیت، چونکە هێزی نەرم (soft power) کاریگەری دەبێت لەسەر کارێکتەر وبونیادی تاک وشێوازی ژیان ورێبازی بیرکردنەوەی مرۆڤ وروانگە ودنیابینی تاک.شارەزایان پێیان وایە ئازادکردنی بیری (شارنشینێک) لە ئازادکردنی (شارێک) قورسترە، کە یەکەمیان بە نەرمە پاوەر ئازاد دەکرێت و دوومیان بە رەقە پاوەر .
هێزی نەرم و شەڕی دەروونی هەمان ئامانجیان هەیە بەڵام لە بەكارهێنانی ئامراز و شێواز لە یەكتری جیاوازن. بەهۆی بڵاوبوونەوەی دەزگاكانی راگەیاندن لە هەموو ماڵێك و تەلەفزیۆنی 24 كاتژمێریی و ئینتەرنێت و مۆبایل و جیهانگیریی راگەیاندن و زانیاری ، ئاراستەی هێزی نەرم روو لە رای گشتیەوە كاریگەریی لەسەر حوكم و سیستەمەكانی حوكمڕانی دروست دەكات .لە كاتێكدا شەڕی دەروونی لە هێرشی سەر دەوڵەت و لەشكرەكەی و سیستەمی حوكمڕانی و دامەزراوەكان و نوخبە سیاسیەكەی دەست پێدەكات و دواتر كار لەسەر رای گشتی دەكات بۆ درز خستنە نێوان خەڵك و سیستەمی حوكمڕانی.وەك شارەزایان ئاماژەی پێدەدەن هێزی نەرمەكە لە شەڕی دەروونی ئەستەم ترو مەترسیدارترە.

___

ڕەوشی ڕۆژنامەنوسی کوردی یان جیهانی

nusar1

رووباری ئاراس و بڕیاری خۆنەچماندن

KDC

تورکیا و هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆم

nusar1