جه‌وده‌ت سۆفی
ئەم بابەتە بیركردنه‌وه‌یه‌كی کۆمەڵناسی و ئێپیستیمۆلۆگیه لەسەر ئەرکەکانی سیمینارێكی ئەکادیمی ده‌رباره‌ی ڕەوەندی كوردستانی، كه تێیدا هه‌وڵ ده‌ده‌ین شیکارییەک بكه‌ین بۆ ڕۆڵی وێبینارێكی ئەکادیمی كه له چوارچێوه‌یچاڵاكیه‌كی ئەم دواییەی كۆنفێدێراسیۆنی ڕه‌وه‌ندی كوردستانی ڕێك خرابوو ده‌رباری ڕەوەندی کورد و دیاسپۆرا. ئه‌م وێبیناره له 13.09.2025 له لایه‌ن دكتۆر عه‌بدولڕه‌حمان ده‌روێش، پرۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر له كۆلێژی زانسته سیاسیه‌كان له‌دانیشگای سۆران پێشکەش كرا.
بێگومان ئامانج له‌م شیكردنه‌وه‌یه خێرایه ئه‌وه نیه كه بچینه ناو چڵ و پۆپیهه‌موو لایه‌نه‌كانی وێبیناره‌كه. به‌ڵكو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین بۆ لێکۆڵینەوەیه‌كی خێرالەو کاردانەوە جیاوازانەی كه له دوای وێبیناره ئەکادیمییەكه ورووژێنران و تیشکیان خستە سەر گرژییە ناوخۆییەکانی ناو ڕەوەندی كوردی كه جۆرێك له ناڕەحەتیی بەکۆمەڵی دیاری له‌لای هه‌ندێك له به‌شدارانی وێبیناره‌كه پێوه دیار بوو. له ڕێگه‌ی ئه‌م وتارەوه هه‌وڵ ده‌ده‌ین خوێندنەوەیەکی کۆمەڵناسی و دەروونناسی بكه‌ین، کە سوود لە کارەکانی ئه‌نترۆپۆلۆژی و فه‌لسه‌فی ئێدگار مۆران و زانستە کۆمەڵایەتییە ڕەخنەییەکانی بۆردیۆ وەردەگرێت و هه‌وڵ دانێكه بۆ بانگەشە بۆ ڕوانگەیەکی ڕوون له نێو ئاڵۆزیه‌كان بۆ واقیعی ڕەوەندی كوردستانی. هه‌وڵی ئه‌وه‌ش ده‌ده‌ین ئه‌وه بخه‌ینه ڕوو کە چۆن گوتاری ئەکادیمی دوور لە هەستکردن بە حوکمدان، له‌وانه‌یه ببێتە ئامرازێک بۆ گۆڕانكاری بەکۆمەڵ.چونكه کاتێک ڕەوەندێک خۆی بانگهێشت دەکات بۆ ئەوەی لە ژینگەیەکی ئەکادیمیدا بیر لە خۆی بکاتەوە، هەرگیز شتێکی له خۆڕایی و كه‌م بایەخ نییە. چونكه گوتاری زانستی کە ڕەگ و ڕیشەی به‌هێزی له میتۆدۆلۆژیداكوتاوه، دەتوانێت گێڕانەوەی بەکۆمەڵ بخاتە ژێر پرسیارەوە، شته دیارەکان تێکبدات و تەنانەت تەحەدای داینامیکی دامەزراوەییش بکات.
د. عه‌بدولڕه‌حمان ده‌روێش له ڕێگه‌ی ئه‌م وێبیناره‌وه هه‌رچه‌نده خێرا بوو، به‌ڵام توانی نموونەیەکی سەرنجڕاکێش پێشکەش بكات لەسەر ڕەوەندی کوردی. چونكه ئه‌و كاره لەسەر بنەماكانی داتای زانستی ئاماده كرابوو، وه توانی توخمەکانی پارچە پارچەبوون و گرژییە ناوخۆییەکانی ڕه‌وه‌ندی كوردستانی بورووژێنێ. لە کاتێکدا هەندێک وەک دەرفەتێک بۆ ڕوونکردنەوە دەیانبینی، هەندێکی تر ناڕەحەتییان دەربڕی. بێگومان ئەم جۆرە بارودۆخە دیارده‌یه‌كی نامۆ نییە بۆ ئێمه‌ی كورد چونكه دات‌و ئارگومێنتهكان تیشکیان خسته سەر پرسیارێکی سەرەکی: ئێمە چاوەڕوانی چی لە سیمینارێکی ئەکادیمی دەکەین کاتێک باس لە پرسەکانی ناسنامە و کۆمەڵگا دەکات كه به‌ده‌ر نین له مه‌سه‌له‌ی ئاڵۆزی سیاسی كورد؟ وە چی لەو گرفتانه بکەین کە ئەم گوتارە تیشكیان ده‌خاته سه‌ر؟
بە پێچەوانەی کۆنفرانسی چالاکوانان یان کۆبوونەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی، سیمیناری ئەکادیمی وەک فەزای شیکاری پێناسە دەکرێت نەک بۆ ئامانجی کۆکردنەوە. چونكه لەسەر بنەمای چه‌ند بابه‌تێكی بنەڕەتیی داده‌ڕێژرێ، كه بریتین له ئه‌وله‌ویه‌ت دان به داتا و ئارگومێنتکردن، گرژی خستنه نێوان لێکدانەوە جیاوازه‌کان، ماف به خۆدان یاخود به ئەرک زانینی گوتن و دەربڕینی ئەو شتانه‌ی کە ناڕەحەتکەرن به‌ڵام زۆرجار له‌لایه‌ن چالاكوانانه‌وه ناگوترێن. ئامانجی كاری ئه‌كادیمی بەرهەمهێنانی هوتاف و بەهادان یان داڕشتنی ڕشته‌ی دڵنەواییكەر نییە، بەڵکو بنیاتنانی هێڵێکی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و بێلایه‌نانه‌یه، کە ده‌رگا کراوە بێت بۆ دژایەتیه‌كان و بۆچوونه جیاوازه‌كان. سیمیناری ئه‌كادیمی ده‌توانێ ببێتە شوێنی تێکدان‌و دووباره بنیاتنانه‌وه. ئه‌مه‌ش هه‌رچه‌نده ئه‌گه‌ری ئه‌نجامێكی هه‌یه كه تێیدا له‌وانه‌یه وروژاندن بۆ بەرخۆدانی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی بكات، بەڵام له هه‌مان كاتیش دا ده‌بێته هۆی ورووژاندنی گۆڕانکاری له بیركردنه‌وه، هه‌تا له‌لای سیاسییەكانیش. فه‌ڕه‌نسیه‌كان ده‌ڵێن؛ ڕاستی ئازار به‌خشه، بەڵام ڕاكردن لێی كوشنده‌یه.
کاردانەوەی سۆزی و لۆژیکی بەرگری
کاتێک گوتاری ئەکادیمی ئاراستەی کۆمەڵگەیەکی ڕەوەند دەکرێت، ئه‌وا ڕاسته‌وخۆ لەگەڵ ڕەهەندە قووڵەکانی ناسنامەی بەکۆمەڵدا تێكه‌ڵ ده‌بێت.هه‌روه‌كو له‌سه‌ره‌وه بینیمان یه‌كێك له‌ئامانجه‌كانی گوتاری ئه‌كادیمی بریتیه له گرژی خستنه نێوان لێکدانەوە جیاوازه‌کان. بۆیه له‌به‌رامبه‌ر دا ده‌توانین به‌رگری له‌خۆكردن وه‌كو بەرگری له‌خۆكردنێك لێك بدرێته‌وه لە به‌رامبه‌ر هه‌ستی ناڕه‌حه‌تی و نائاسایشی ناسنامەیی به‌كۆمه‌ڵ كه له ئه‌نجامی ڕه‌خنه‌وه ورووژاوه. بۆیه پیێر بۆردیۆ پێیوایه كه ڕەخنە ڕووناکی کۆمەڵگایە. له‌وانه‌شه ڕه‌خنه بووبێته هۆكاری سه‌رهه‌ڵدانی هه‌ستی ترس كردن لە نه‌بینینی هەوڵە درێژخایەنەکان له دڵ و هه‌ستی چالاکوانان و به‌رپرسانی گرووپه‌كان، کە له‌لایه‌ن ئه‌كادیمیسته‌وه دەخرێنە ژێر پرسیارەوە. چونكه ئه‌مه ڕه‌نگه ناکۆکی درووست بكات لەسەر شەرعیەتی (كاره زیندووه‌كانی مه‌یدانی) بەرامبەر بە (زانیاری و شیكاری ئەکادیمی). به‌ڵام دەروونناسی کۆمەڵایەتی فێرمان دەکات کە هەر کۆمەڵگەیەکی مرۆیی، بە تایبەتی کاتێک ڕووبەڕووی مێژووی پەراوێزخستن یان ستەم دەبێتەوە، ئه‌وا مەیلی پەرەپێدانی میکانیزمی خۆپاراستنی ڕەمزی هەیە. بۆیە هەر كاتێك لایه‌نێكی ئه‌كادیمی تیشک بخاته سەر گرژییە ناوخۆییەکان، ئه‌وا دەتوانرێت وەک هێرشێک لێك بدرێته‌وه له‌لای به‌رپرسان، هه‌تا ئه‌گه‌ر واش نەبێت.
ئێدگار مۆران و بیرکردنەوەی ئاڵۆز:
لە بەرامبەر ئەم گرژیانه‌ی كه پێشتر باسمان كردن كاراكته‌ری ئاڵۆزیان هه‌یه. به‌ڵام ئایا ئێمه هۆشیارین له‌و ئاڵۆزیانه؟ د. ده‌روێش پێی وایه كه یه‌كێك له گرفته سه‌ره‌كیه‌كانی دیاسپۆرای كورد نەبوونی دیدگا (ڤیژن)ێكی ستراتیژی ڕاستەقینەیه، كه دوایی دێینه‌وه سه‌ری. وه‌زعی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی ڕه‌وه‌ندی كوردستانی ئاڵۆزه و ده‌بێ ئاوا معامه‌له‌یان له‌گه‌ڵدا بكه‌ین. بۆ ئه‌م ئاسانكردنی گرتنه‌به‌ری ئه‌م دیدگایه، ئێمه ده‌بێ له دیدگا یه‌كلایی و ئاسۆییه‌كان واز بهێنین و پێشنیاری یه‌كێك له کارە ئه‌كادیمیه‌كانی ئێدگار مۆران ده‌كه‌م كه چوارچێوەیەکی بەنرخ بۆ بیرکردنەوەی ئاڵۆز ده‌خاته ڕوو. مۆران بە تیۆری “بیرکردنەوەی ئاڵۆز” پێشنیاری ئەوە دەکات کە ئەو شتانە بەیەکەوە ببەستینەوە کە زۆرجار لەیەکتر جیامان كردوونه‌ته‌وە، بۆ نموونه‌په‌یوه‌ندیه‌كانی ناوچه‌یی و جیهانی، عه‌قلانی و سۆزی، زانیاری تیۆری و ئەزموونی کۆمەڵایەتی، هتد. مۆران پێی وایه كه پێویستیمان بە شێوازێکی بیرکردنەوە هەیە کە توانای له‌یه‌ك بەستنەوە و کۆنتێکستکردن و جیهانگیری و ڕووبەڕووبوونەوەی دژایەتییەکانی هەبێت. من وا هه‌ست ده‌كه‌م ئه‌گه‌ر ئەم پارادایمە لە ڕەوەندی کوردی‌دا جێبەجێ بکرێت، ئه‌وا ڕێگە بۆ خۆمان خۆش ده‌كه‌ین کە پردێك بنیات بنێین له نێوان شه‌رعیه‌تی كاری مه‌یدانی چالاكوانان و گۆشه‌نیگای توێژینه‌وه‌ی ئه‌كادیمی ڕه‌خنه‌گرانه. ئه‌وه‌ش بینینی ئه‌و شتانه‌مان بۆ ئاسان ده‌كات كه پێویستن بۆ بنیاتنانی خوێندنەوەكی بەکۆمەڵ و هاوبه‌ش و لێكگرێدراو كه ئاسۆیی و ئایدیاڵی نەبن، بەڵکو ده‌رگا بكاته‌وه بۆ بینینێكی ستراتیژی و پەرەپێده‌ر. چونكه تەنها بە سەیرکردنی جیهان بە شێوه‌یه‌كی ڕوون و به له‌به‌رچاو گرتنی هه‌موو لایه‌نه‌كان دەتوانین ئومێدیگۆڕانكاری بخوازین
گرفتی ستراتیژی دیدگای هاوبه‌ش
پرسیارێكی پێشوه‌خته: ئاخر ئێمه‌ی چالاكوانانی تاراوگه ده‌مانه‌وێ له لێژایی چیایه‌كی به‌ردین و ته‌ڕ و به‌فراوی و پڕ له ڕه‌شوبای سه‌خت و بوومه‌ره‌رزاوی ساختمانی یه‌كێتی ڕه‌وه‌ندێكی كوردی بنیات بنێین كه په‌رتوبڵاو و دژ به‌یه‌ك و بێ متمانه‌ن به‌رامبه‌ر به یه‌ك. ئایا چۆن ته‌نها به هوتافی سیاسی و هه‌ستی سۆزاوی و به‌بێ ئه‌ندازیار و پسپۆری چیا و بوومه‌له‌رزه و پسپۆرانی تر ئه‌و پڕۆژه‌یه سه‌ر ده‌گرێت؟
پڕۆفیسۆر دەروێش لە میانەی ئه‌و كاته كه‌مه‌ی كه ته‌نها نیو كاژێر بوو توانی پێشکەشکردنێكی چڕ بكات، به‌ڵام تیشكی خستە سەر خاڵه سەرەکیه‌كان. ئەوەی كه من به پێویستی ده‌زانم له‌م ده‌رفه‌ته بچووكه‌دا له‌سه‌ری بووه‌ستم، پێداگرییەکەی بوو لەسەر نەبوونی دیدگا (ڤیژن)ێكی ستراتیژی ڕاستەقینە! ئه‌گه‌ر كه‌مێك له‌سه‌ر ئه‌و بیرۆكه‌یه بوه‌ستین ده‌توانی بڵێن كه مه‌به‌ستی له نەبوونی ئاسۆیەکی هاوبەش و توانای بەکۆمەڵ بۆ پرۆژەکردنی خۆ و گۆڕینی وزەی پەرشوبڵاوی دەربەدەری بۆ هێزێکی یەکگرتووی سیاسی و کولتووری و کۆمەڵایەتی بووه.
به لێكدانه‌وه‌ی من پرۆفیسۆر ده‌روێش ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێ كه پێدەچێت ڕەوەندی کوردی، سه‌ره‌ڕای دامه‌زراندنی ده‌یان كۆمه‌ڵه‌ی كولتووری و سیاسی كه توانیویانه به لابه‌لایی هه‌ندێ شت به‌ده‌ست بهێنن، به‌ڵام پێویستی بە ستانداردکردنی دیدگا و كار هه‌یه بە هەماهەنگی ستراتیژی. ئەمەش پێویستی بە چوارچێوەیەکی هاوبەش بۆ گفتوگۆ و ڕێزگرتن لە جیاوازییەکان هه‌یه. جگه له‌وه‌ش سەرنجی ئێمه‌ی بۆ سەر چەند ئامانجێکی هاوبەش ڕ‌اكێشا بۆ پێناسەکردنی پرسە ئەولەویەتەکان، هه‌رچه‌نده له‌به‌ر كه‌می كات نه‌یتوانی ناویان بهێنێ، به‌ڵام ئێمه‌ی چالاكوان و خاوه‌ن ئه‌زموونی چه‌ندان ساڵ ژیانمان له تاراوگه‌ده‌توانین ئه‌وله‌ویه‌ته‌كانی ستراتیژی دیدگا ئاوا ببینین: مافی زمانەوانی، دادپەروەری بۆ کۆمەڵکوژییەکان، دانپێدانانی کولتووری و دامەزراندنی ئامرازەکانی پەیوەندیی بڕبڕەیی وه‌كو گۆڤار، پلاتفۆرمی دیجیتاڵی ، ڕووداوە هاوبەشەکان و پەرەپێدانی دیدگایەکی درێژخایەن كه تیایدا ده‌بێ بیر بكه‌ینه‌وه له پرسیارێكی سه‌ره‌كی كه له دیدگای ستراتیژی بۆ“داهاتووی کورد” هه‌ڵبقوڵێ به له‌پێش چاو گرتنی ئه‌مپرسیاره؛ ئایا جیهانێکی ڕەوەندی له جیهانگیری ئاڵۆزدا چ مانایه‌كی هه‌یه بۆ ئێمه؟
هه‌ڵبه‌ته کێشەی دیدگا لە ڕەوەندی کوردی‌دا ته‌نها بابەتی ئیرادەی سیاسی و هه‌ستی كوردایه‌تی و وزە نییە، چونكه ئه‌و پرسه لە پارچەپارچەبوونێکی ستراتیژییەوە سەرچاوە دەگرێت کە لە مێژووی جیاواز و پەیوەندییە سیاسییە جۆراوجۆرەکان و چوارچێوەی دەربەدەری نایەکسانەوە لەدایکبووە. بۆیه بەرەنگاربوونەوەی ئەم تەحەدایە پێویستی بە توانای بیرکردنەوە لە یەکێتی هەیە بەبێ ئەوەی ئینکاری فرەیی بکرێت، بۆ خستنەڕووی ناوخۆیی و جیهانی، سیاسی و کولتووری بەپەلە و درێژخایەن. ئەگینا ڕەوەندی کوردی مەترسی لەسەرە بەردەوام بێت لە قسەکردن بە دەنگی بەرز، بەبێ ئەوەی وەک دەنگێکی یەکگرتوو ببیسترێت.
خاڵێكی تری گرنگ كه پرۆفیسۆر ده‌روێش له كۆتاییدا په‌نجه‌ی خسته سه‌ر، بریتی بوو له‌وه‌ی، هه‌روه‌كو خۆی گوتی؛ دیاسپۆرا به خۆڕسك درووست نابێ، به‌ڵكو ئایدیۆلۆژیا ده‌توانێ دیاسپۆرا درووست بكات. ئه‌م خاڵه جێگه‌ی سه‌رنج بوو، چونكه له تێگیشتنی ده‌سته‌جه‌معی دا، چه‌مكی ئایدیۆلۆژیا هه‌میشه ده‌به‌سترێته‌وه به بیر و فه‌لسه‌فه و پڕۆگرامی حیزبێك. به‌ڵام له گۆشه‌نیگای ئه‌كادیمیه‌وه، هه‌روه‌كو دوای سیمیناره‌كه پڕۆفیسۆر ده‌روێش له ئاڵوگۆڕیه‌كی ته‌له‌فۆنی دا بۆی ڕوون كردمه‌وه، تێرمی ئایدۆلۆژیا بەرامبەر دیدگای ستراتیژی به‌كار ده‌هێنرێت وه‌كو بنەمایەکی فەلسەفی یان سیاسیی لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا، بۆ نموونه ئایدۆلۆژیایەک كه بتوانێت مافی چارەی خۆنووسین دیاری بكات. كه‌واته دیدگای ستراتیژی دەتوانێت ئەوە بێت كه كاتێ ئێمە لۆبیکردنی ئەوروپی و کۆکردنەوەی میدیا بەکاردەهێنین بۆ پێشخستنی داواکارییەكانمان. چونكه ئایدیۆلۆژیا ڕێگەمان پێدەدات بەکۆمەڵ بیر لە شوێنی گەلی کورد بکەینەوە لە جیهاندا، وه شوناسێکی سیاسی ڕوون بە ڕەوەند دەبەخشێت. ئه‌مه‌ش وا ده‌كات كه چالاكوانان به یه‌کگرتوویی جموجۆڵه کولتوورییەکان یان سیاسییەکان ڕێك بخه‌ن. هه‌روه‌ها یارمه‌تیده‌ر‌یان ده‌بێ لە پەیوەندییەکانیاندا لەگەڵ دامەزراوەکان، میدیاکان، ڕێکخراوە ناحکومییەکان و هتد. بەڵام ئایدۆلۆژیا، ئه‌گه‌ر كوردستانیانه بیر نه‌كه‌ینه‌وه ئه‌وا له‌وانه‌یه چه‌ندان مەترسیش له‌خۆی هەڵبگرێت. بۆ نموونه ئەگەر داخراو یان دۆگماتیک بێت و پاڵده‌ری ته‌نها لایه‌نێك بێت، ئه‌وا دەتوانێت هه‌ندێ لایه‌ن به‌لاوه بنێت و به‌رده‌وامی بده‌ین به دابەش بوون(هه‌روه‌كو ئێستا كه هه‌ین). ئەگەر لەگەڵ کۆنتێکستی ڕەوەند (دەربەدەری، فرەیی، فرە کولتوری) نەگونجێت، له‌وانه‌یه پەیوەندییەکانی لەدەست بدات. ئەگەر زۆر دوور بێت لە ژیانی ڕۆژانە، دەتوانێت ببێتە كلیشه‌یی هوتافی و ئەبستراکت و بێکاریگەر.
ئه‌ی دوای وێبینارەکە؟
بێگومان زۆرێک لە گەلانی ستەملێکراو وه‌كوجووله‌كه و ئەرمەن و فەلەستینی و هتد، بە ستراتیژێکی فیکری ئه‌كادیمی تێکۆشانەکانیان بەهێزتر کردووە و کاریگەری سیاسی و دانپێدانانی نێودەوڵەتیان بۆ خۆیان زیاد كردووه. ئه‌گه‌ر دیاسپۆرای كوردستانیش پشت ببه‌ستێت به لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌كادیمی، كه لە لایەن دامەزراو یان كه‌سه ئەکادیمییە كوردیه دانپێدانراوەکانەوە بەرهەم بهێنرێت یان میوانداری بکرێت، ئه‌وا شانسی سەنگ دان بە دۆزی کورد لە گۆڕەپانە نێودەوڵەتییەکان زیاتر ده‌كات و دەتوانێت کاریگەری لەسەر بڕیارە سیاسی و کولتوورییەکان و یان دیپلۆماسییەکانیشهەبێت.
هه‌ڵبه‌ته كورد به ده‌یان پڕۆفیسۆر و دكتۆر و كه‌سانی ئه‌كادیمی به توانای هه‌یه له بواره جیاجیاكان دا. به ده‌یان كۆنفرانس و سیمینار ڕێك ده‌خرێت و كتێب و نووسراو و لێكۆڵینه‌وه بڵاو ده‌بنه‌وه. به‌ڵام ئایا ئێمه تا چ ڕاده‌یه‌ك سوودیان لێ وه‌رده‌گرین و به‌رجه‌سته‌ی بیر و كاره‌كانمانیان ده‌كه‌ین؟ سیمینارەکەی دكتۆر عه‌بدولره‌حمان ده‌روێش ئامانجی ئه‌كادیمی خۆی له‌وه پێكا كه هیچ ده‌رگایه‌كی له‌سه‌رمان دانه‌خست. به پێچه‌وه‌انه‌وه، چه‌ندین ئەگەری خسته‌ڕوو و بانگهێشتمانی كرد بۆ ئەوەی له‌خۆمان بپرسین: ئایا چی بكه‌ین لەو شیکاریانه‌ی كه پڕۆفیسۆر بەرهەمی هێنابوو و پێشكه‌شی كردین؟به‌بۆچوونی من ئه‌و ده‌رگایانه‌ی كه ئه‌م وێبیناره له‌به‌رده‌ممانی كرده‌وه بریتی بوون له كۆمه‌ڵێك پێشنیاری كۆنكرێت، وه‌كو دامەزراندن و به‌هێز كردنی گروپی كاركردن لەسەر ئەنجامی توێژینەوەکان به ڕێکخستنی فەزای گفتوگۆی نێوان توێژەرانی دیسیپلینەکان و چالاکوانان و نەوە گەنجەکان.هه‌روه‌ها دەستپێکردنی گفتوگۆی ڕاسته‌قینه له سه‌ر بناغه‌ی کولتوری مشت‌ومڕ و ڕەخنەی ناوخۆیی، بەبێ ئەوەی ئەمە وه‌كو دابەشبوون سه‌یر بكرێت و لێكه‌وته‌ی نه‌خوازراوی هه‌بێت. بێگومان درووستكردنی پردێكی به‌هێز لە نێوان كاری گۆڕه‌پانی و كاری ئه‌كادیمی كه ده‌بێته هۆی زانستێكی پته‌و ده‌توانێ بگوێزرێته‌وه بۆ کردار. ئه‌وه‌ش تەنها لەو کاتەدا دەکرێت کە گوتاری ئەکادیمی نەک وەک بڕیارێک، بەڵکو وەک هێزێكی فیكری بەکۆمەڵ وەربگیرێت، کە ڕێگەمان پێبدات په‌نجه بخه‌ینه سه‌ر گرفته‌كان و پرسیاری جه‌وهه‌ری به ئازایانه له خۆمان بکەین. ته‌نها ئه‌و كاته ده‌توانین برینه قووڵه‌كانمان سارێژ بكه‌ین و بگۆڕێین و چه‌ترێكی به‌هێز درووست بكه‌ین كه هه‌موو كوردستانیانی تاراوگه بچنه ژێری، نه‌وه‌ك به‌رده‌وامیدان به‌و مێتۆده كار كردنه‌ی كه ئێمه‌ی چالاكوانانی كوردی دیاسپۆرا تاكو ئێستا له‌سه‌ری ڕۆیشتووین. ئه‌وه‌مان له یاد بێ كه ئەو شته‌ی كه ئێمە ڕەتیدەکەینەوە له جیاتی ئه‌وه‌ی ڕووبەڕووی ببینەوە، لە کۆتاییدا هه‌ر بەرەو ڕوومان دەبێتەوە.
زۆر گرنگه ئه‌وه له‌به‌ر چاو بگرین و سه‌رنج بده‌ین له‌وه‌ی كه ئێمه‌ی كورد به گشتی و به‌تایبه‌تی له تاراوگه، لە سەردەمێکداین له هه‌موو كاتێك زیاتر پێویستیمان به پێداچوونه‌وه هه‌یه له دیارده‌ی بە پارچەپارچە بوون و بیری داخراومان، كه بونه‌ته هۆی له‌یه‌كتر دووركه‌وتنه‌وه‌ی كوردان به گشتی كه ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه له دیاسپۆرا و كات و وزه به فیڕۆ دان. بۆیه گوتاری ڕەخنەییئه‌كادیمی دەتوانێت هەڕەشەئامێز دەرکەوێت، بەڵام لە ڕاستیدا جۆرێکە لە یه‌كگرتنی بوێرانە و پێکەوە بیرکردنەوە، هه‌تا ئه‌گه‌ر ناڕه‌حه‌تیشمان بكات.
ئەم سیمینارە، لە ناڕەحەتییەکەیدا، ده‌كرێ وه‌كو ساتێکی بنیاتنه‌ر و دامەزرێنەر سه‌یر بكرێت: کە تیایدا ئێمه‌ی ئه‌ندامانی ڕەوەندی كوردی ڕازی بین كه به خۆشه‌ویستیه‌وه ڕووبەڕووی خۆمان ببینەوە، بەبێ پۆشینی ماسك و وەهم، بۆ ئەوەی باشتر خۆمان دابهێنین و درووست بكه‌ینه‌وه. چونكه ئامانج له زانیاری ڕەخنەیی دابەشكردن نیه. به‌ڵكو كاری ئه‌كادیمی هه‌وڵ ده‌دات ئامرازەکانی ڵێكۆڵینه‌وه بۆ تێگەیشتن و بنیاتنانی ڕوانگه‌یه‌كی جیاواز پێشنیار بکات. بۆیه ئه‌گه‌ر ناڕحه‌تیش بووبین، ڕەنگە نیشانەیەکی باش بێت. چونكه ئەم تێکچوونه ده‌كرێ ببێته سەرەتای کارێکی جیاواز، کاری بیرکردنەوە و دیالۆگ و گۆڕانکاری و بنیاتنانه‌وه‌یه‌كی به هێز تر، له یه‌ك ڕووانگه‌وه.
__________________________________
ئاماژەی بیبلیۆگرافی:
