هەرمن ئەحمەد
سەد گەنج كە كوردی پارچە جیاوازەكانی كوردستان بوون و لە تاراوگە دەژییان و چەند گەنجێكی ئەورووپپی بە ڕەگەز ئەڵمان و هۆڵەندییشیان تێدابوو، گەشتێكیان بۆ رێك خرا و بۆ ماوەی چەند رۆژێك هاتنە باشووری كوردستان و لە هەولێرەوە بۆ چەند شوین و دیدارێك چوون، یەكێك لەو دیدارە زۆر گرنگانە كۆبوونەوەیان بوو لەگەڵ جەنابی سەرۆك بارزانی، بە خۆشحاڵییەوە منیش وەك بەرپرسی ئۆفیسی راگەیاندنی كۆنفیدراسیۆنی رەوەندی كوردستانی لەو دیدارانەدا یاوەریان بووم و دەمەوێ پوختەیەك لە هەستی خۆم و ئەو گەنجانە باس بكەم سەبارەت بەو دیدارانە.

كاتێک دەتەوێت بە پێنووسێك یاداشتەكانی رۆژێكی گرنگ و ئیلهامبەخشی ژیانت بنووسیتەوە، ئاسان نییە هەموو هەستی خۆت کۆ بکەیتەوە و لەسەر لاپەڕەیەكی وشك و بێ رۆحدا بیڕێژیت، بەڵام رووداوگەل و ساتی زێڕینی وەها دێنە ژیانی مرۆڤ كە بۆ نووسینەوەیان پەنجەکان دەبن بە پێنووس و گوێ لە سەدای ناخی ئەگرن، قسە لەگەڵ دڵیدا ئەکەن و لە هەمان کاتیشدا یاری لەگەڵ هزریدا دەکەن. بۆ بیرهێنانەوەی ئەو یادەوەرییە زێڕینانە، چاو دەبێت بە زوومی کامێرا و زاریش دەبێت بە بڵندگۆ و دیمەنەکان بۆ دەفتەری یادەوەری بۆ خوێنەران دەگوازنەوە.
پێنجی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ (٢٠٢٥) ڕۆژێکی مێژوویی بوو سەرەتا بۆ خودی خۆم و لەناو دەفتەری یاداشتی بیرەوەرییەکانماندا دەمێنێتەوە، چونكە ڕۆژەکەمان بە ئاسوودەیی و شەوقی دیدارێكی گرنگەوە دەستی پێکرد و ئەم رۆژەی هەر بە جوانی و بە گرنگی مایەوە تا ئێوارە هات و رۆژ ئاوا بوو، ئەمە نەك لای من، بەڵكوو لای هەموو ئەو گەنجە كوردستانییانەی كە لە تاراوگەوە گەڕابوونەوە بۆ گەشتێكی باشووری كوردستان و لەنێو ئەو گەشتەشدا چەند دیدارێكی زۆر گرنگ، هاتبوون، جا بۆ دیداری سەرۆك بارزانی وەک بڵێی ئەو رۆژە جەژنێكی نەتەوەییە و دەچنە ئاهەنگێكی نیشتمانیی گەورە، بە جۆرێك لە روخسار و جووڵەی جەستەیاندا دەتخوێندەوە كە شانازی و خۆشی ڕێبەری هەستی دڵی هەموان بوو.
هێنانەوەی 100 گەنجی كوردستان لە پارچە جیاوازەكانی كوردستان كە لە تاراوگە دەژین و سازدانی گەشتێكی چەند رۆژەی گرنگ بۆیان لە باشووری كوردستان، پرۆژەی فیدراسیۆنی لاوانە کە بەشێکە لە کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی و پشتیوانی سەرەكیی ئەو پرۆژەیەش سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕێزدار مەسرور بارزانییە، لەگەڵ هاوبەشەکانی ئەم پرۆژەیە وەک (دەزگای خێرخوازیی بارزانی) و نووسینگەی بەڕێز شفا بارزانی سەرپەرشتیاری گشتیی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی.
كارنامەی پرۆژەی (بەخێر بێن بۆ کوردستان) لە لایەن یاد ئەمین و قارەمان عوسمان رێک خرابوو، هەڵبەتە کۆمەڵێک گەنج لە هەردوو رەگەز لە سەرکەوتنی ئەم پڕۆژەیەدا جێدەستیان دیارە و جێی ڕێز و تەقدیرن.
کاتێک دەڵێم ئاسان نییە وەسفی هەستەکان بکرێ، لەبەر ئەوەیە كە ئەو خۆشییەی لە چاو و ڕوخساری ئەو گەنجانەدا بوو، هەمان هەستیش لە ناخی مندا هەبوو، كاتێ گوێم لێیان دەبوو یەکێک دەیگوت: ”گیانم دەلەرزێ“ ئەوەی دیكە دەیگوت: ”تەزوو بە لەشما دێت“ یەكێكی زەردەخەنەی خۆشی رووخساری بەرنەدەدا. لە ریزەکەدا کاتێ بۆ وێنەگرتن لەگەڵ جەنابی سەرۆک وەستابووین، چاوم دەچووە سەر خەندەی ئەوانەی وێنەکەیان گرتبوو و دەستیان لەسەر دڵیان بوو، خۆیان هەستیان بە دڵەكوتەی خۆیان دەکرد، چونکە ئەوان خەونێکیان هەبوو، ئەویش دیدار و وێنەگرتنی یادگاری و شانازی بوو لەگەڵ جەنابی سەرۆک، بە جۆرێك كە پاییزی زەردپۆش بەهاری هەزار ئومێدی تێدا دەڕواندن.
دەبێت بڵێم خودا من و ئەو گەنجانە و ئەوانەی دیكەیش کە لەو دیدارەدا بەشدار بوون خۆشدەوێت، چونکە ئەو قەدەرەی بۆ رەخساندین كە پێنجی ئۆکتۆبەر ببێتە یادگارییەکی خۆش و شانازییەكی گەورە لە هزر و یادەوەریی هەر تاکێکماندا، چونکە گوێگرتن لە ئامۆژگارییەکانی سەرۆک بارزانی ئیلهامبەخشە بۆمان و وانەی ژیانە پێی دەچینە پێش.
کاتێک سەرۆک ڕوو لەئامادەبووان و گوتی: ”ئێوە لەسەرتانە خزمەتی ئەو وڵاتانە بکەن کە ئێوە لێی دەژین، بەڵام کوردستانی دایك و كوردستانیبوون لەبیر نەکەن، ئێوە بەشێکن لە مانەوەی نەتەوەیەک لە دیاسپۆرا، دڵخۆشم بە بینینتان“ ئینجا بەتایبەت بەخێرهاتنی ئەو گەنجە ئەورووپیانەشی کرد کە هاتوون بۆ کوردستان، گوتی: ”ئێرە نیشتمانی پێکەوەژیانە، هیچ کات جیاوازیمان لەنێوان نەتەوەکان و ئایینزاکاندا نەکردووە، ئێمە بەشداریی شەڕی داعشمان کرد، خۆم سەرپەرشتیاری میحوەرەکانم دەکرد و پێشمەرگەکانمان بەشدارییان لە ڕزگارکردنی شاری کۆبانێشدا کرد، بۆ ئەوەی نەتەوەکەمان و خاکەکەمان بپارێزین.“
لە بەشێکی دیكە قسەکانیدا، سەرۆک بارزانی باسی لە گرنگیی کۆبوونەوەی کوردستانییانی دیاسپۆرا لەژێر چەتری نەتەوەیی لەپێناو پاراستنی کولتوور و زمان و شوناسی نەتەوەیی و پاڵپشتیکردنی دۆزی ڕەوای کوردستان کرد، هاوکات جەختی لەوە کردەوە: ”گەنجانی کوردستانی لەدەرەوەی وڵات دەبێت پێگە و سەنگیان لەناو ئۆرگان و دامەزراوەكانی وڵاتانی جیهاندا هەبێت و بایەخ بە خوێندن و خۆپێگەیاندن بدەن.“ جا بیهێننە پێش چاوی خۆتان، سەرۆکێکی پێشمەرگە لەنێو ئەم دۆخە ئاڵۆزەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەكەدا، چۆن بە وردی هیوا بە گەنجان دەبەخشێ و پێمان دەڵێت: ”سبەی لە ئەمڕۆ باشتر دەبێت، ئێوە هێز و وزە و توانای باشتان هەیە و لە كۆششەكانتان بەردەوام بن، بە ئامانجەكانتان دەگەن.“
