KDC

کرانەوەی پردی چەمێ لە گۆشەنیگای نیشتمانپەروەرییەوە

ڕەحیم ڕەشیدی

رۆژی چوارشەممە رێکەوتی 26ی نۆڤامبەری 2025، بە شانازییەوە لەسەر داوای برا و هاوڕێی زێدە خۆشەویستم جەنابی مەلا مستەفا بارزانی، ئامادەی کرانەوەی رێوڕەسمی پردی چەمێ بووم.
رێکەوت وا بوو، کە هاوڕێ لەگەڵ بەڕێزان سەلیم ئەسعەد خۆشەوی و حیکمەت بامەڕنی دەمەونیوەڕۆ لە پیرە هەولێرەوە بەرەو شوێنی رێوڕەسمەکە لە گوندی چەمێ سەر بە قەزای مێرگەسۆری دەڤەری پڕ لە خەبات و کۆڵنەدانی بارزان رێکەوتین، بەر لە کاتژمێر 3ی پاشنیوەڕۆ گەیشتینە شوێنەکە، ستافێکی رێکوپێک لە بناری ئەو شاخە سەرکەشانە بەوپەڕی رێکوپێکی و بە دیسیپلینێکی پڕ لە رێزەوە پێشوازییان لێ کردین، کە بەڕاستی ئەو دیمەنانە زۆر دڵخۆشی کردین. دیار بوو دەستی ئاوەدانی و بووژانەوە سیمای گوندەكانی گۆڕیوە، لێ كەلتووریی پڕ لە ڕێز و خۆشەویستیی نیشمان بەقووڵی هەستی پێ دەكرا.
جەماوەرێکی زۆر لە خەڵکی دەڤەرەکە، بەرپرسانی حکوومەت و حیزبی، سەرودڵ خۆش لەوێ ئامادە بوون. كاك سەلیم خۆشەوی، كە كاتی خۆی پارێزەری نەمر مەلا مستەفا بووە هەنووكە چرچولۆچ بە رووخسارییەوە دیارە و مەزندە دەکرا لە هەشتاکانی تەمەنیدا بێ، پاش چاکوچۆنی کەوتینە قسە و چەند بیرەوەریی بەرخودانی بۆ ئازادی لەو دەڤەرە بۆ گێڕامەوە و بە دەست ئاماژەی بۆ شاخەکەی رووبەڕوومان کرد، کە چەند خولەکێک لێمانەوە دوور بوو. سەلیم وتی: ”ئەوێ باکووری وڵاتە. من تەنیا بۆ پێشوازی لە بابۆ هاتم”. بارزانییەکان پتر لە ناوخۆیاندا بۆ بەڕێز مەلا مستەفا نازناوی ”باب یان بابۆ” بەکار دەهێنن. یەكی دیكە ئاماژەی بەوە دا، کە ”بابۆ” بۆتە خێروبەرەکەت بۆ دەڤەرەکە و
خەڵک دڵیان بە بوونی زۆر خۆشە…
دوو خاڵی گرینگ لەو رێوڕەسمەدا سەرنجی منی بۆ لای خۆی راکێشا.
یەکەم سەرمایەدارێکی کورد بە ناوی کاک خالید خۆشناو خاوەن کۆمپانیای ”هێمن گرووپ” کۆی تێچووی بونیادنانی پردەکەی لە ئەستۆ گرتبوو، ئەمە دەروەست بوونی سەرمایەدارێکی نیشان دەدا، کە لە ئاست خاک و خەڵک خۆی بە بەرپرسیار دەزانێ، هەربۆیە هەنگاو بۆ کردەوەیەکی ئاوا نیشتمانپەروەرانە دەنێ لەژێر سایەی شکۆمەندانەی دەسەڵاتداری کوردستانیدا…

بەڕێز مەلامستەفا بارزانی لە وتارێکدا مزگێنی بە خەڵکی دەڤەرەکە دا، کە لەسەر راسپاردەی سەرۆک بارزانی بە هاوکاری و پشتیوانیی حکوومەتی کوردستان ڕێگای سەرەکیی نێوان (سۆران – مێرگەسۆر) لە دەروازەی (گەلی عەلی بەگ – سۆران) دەست پێ دەکات، تا دەگاتە پردی چەمێ، دەکرێتە جووتساید. راگەیاندنی ئەم هەواڵە خۆشحاڵی ئامادەبووانی لێ کەوتەوە. هاوکات ئاماژە بوو بۆ ئەو راستییەی، کە سەرەڕای پیلانگێڕییەکان لە دژی کوردستان، ئەوا شەمەندەفەری پێشکەوتن و ئاوەدانیی کوردستان لەسەر دەستی رۆڵە دلێر و خەمخۆرەکانی نیشمان وەستانی بۆ نییە و ئەو کاروانە سەربەرزانە تاکوو سەرکەوتنی یەکجاری بە پشوودرێژی و خەباتی بێوچان درێژەی دەبێ.
لە لایەکی دیکەوە، بەرێز مەلا مستەفا لە ناواخنی وتارەکەدا نهێنییەکی گرنگیی درکاند، کە کەمتر میدیاکان سەرنجیان خستۆتە سەر، ئەویش ئەوە بوو کە دەیانتوانی پێش رێکەوتی 11ی مانگ رێوڕەسمی کرانەوەی پردەکە ئەنجام بدەن، بەڵام بۆ ئەوەی واهەست نەکرێ ئەو پڕۆژەیە پەیوەندی بە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە هەیە، کاتەکەیان بۆ ماوەی پتر لە دوو حەوتوو دوا خستووە. ئەمەش ئاماژەیە کە خزمەتی خەڵک و پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوەی هەموو سووچ و کەلێنێکی ئەو کوردستانە لە لای ئەوان ئەرک و بەرپرسایەتییە نەک پروپاگەندەی سیاسی و دەسکەوتی حیزبی…

کورتەیەک لەسەر پردی چەمێ:
پردی چەمێ لە ماوەی 3 مانگدا ساز کراوە. درێژییەکەی 111، پانییەکەی 21 مەترە، جیا لە دروستکردنی پردەکە، ڕێگاکە لە هەردوو لای پردەکە بە درێژیی زیاتر لە 2 کیلۆمەتر بە شێوەیەکی زۆر پێشەکەوتوو بەپێی ستانداردە ئەندازیارییە جیهانییەکان دروست کراوە.
پڕۆژەکە بەگشتیی کارئاسانی بۆ ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان و هاوتوچۆی خەڵک لە نێوان باشوور و باکووری کوردستان دەکات و دەبێتە هۆکارێکی بنەڕەتی بۆ پەرەسەندنی تێکڵاوی زۆرتری کەلتووری، کۆمەڵایەتی و بازرگانی لە هەموو بوارێکەوە…

مستەر كورد

___

پەیاما سەرۆک بارزانی ل کۆنگرەیێ ئێکگرتنێ دا

nusar1

جینۆسایدا شنگالێ و بورینا (11) سالان هەتا ئەڤرۆ

nusar1

گرنگی هەبوونی هۆشیاری تاک لە پرۆسەی پەروەردەیی دا،ـ.

KDC