عەلی جمال
کتێب تەنها کۆمەڵێک لاپەڕەی نووسراو نییە، بەڵکو ئاوێنەیەکە کە مێژوو، بیرکردنەوە و شارستانییەتی مرۆڤایەتی تێدا ڕەنگ دەداتەوە. لەو کاتەوەی مرۆڤ فێری نووسین بووە، کتێب بووەتە پردێک بۆ گواستنەوەی زانیاری لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر. پەیوەندی نێوان مرۆڤ و کتێب پەیوەندییەکی ڕۆحی و فکرییە کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر گۆڕینی کەسایەتی و کۆمەڵگە هەیە.
كتێب كەرەستەیەكی بێ گیانە، بەڵام زمانێكی كاریگەرە، كەڵەكە بوونی سامانێكی زۆر لەمێشكی مرۆڤەوە لەڕووی زانست و عیلمەوە لەخۆی دەگرێت، مێشك پێویستی بەئاودانە، بۆ دووركەوتنەوە لە سیستی و بێ هێزی و لاوازی، ئەم ئاودانەی مێشك لەڕێگای خوێندنەوەی كتێب دێتە ئاراوە، خوێندنەوە بەو مانایە دێت كە نێوان مرۆڤ و مرۆڤ ، مرۆڤ و دەق ، مرۆڤ و دوونیایە.خوێندنەوە بەهەموو لایەنەكانەوە وەك ئاینی ، فەلسەفە ، دەروونی ، كۆمەڵایەتی ، مێژوو ، ئەدەب ، سیاسی ، ئابووری ، پیشەسازی … هتدگرنگن بۆگەشەی تاك لەكۆمەڵگا كەهەموو لایەنەكانی لەخۆ دەگرێت . وەك لایەنی تەندروستی و خێزان و ڕوحی و كۆمەڵایەتی و گەشەو پێشكەوتنی ژیان .
ئاستی ڕۆشنبیریەتی هەرتاكێك لەڕێگای خوێند نەوەیە .بێ شك و گومان هەرنەتەوەیەك ئاستی خوێندنەوەی زۆرو بەهێز بوو . تاكەكانی ئەو كۆمەڵگای دۆست و هاوڕێی كتێب بوون . ئاوا مردن و سیستی ئەو نەتەوەیە ئەستەمە..خوێندنەوە پشت بەزۆری و كەمی نابەستێت .پشت بەجیاكردنەوەوجێ بەجێ كردنی خوێندنەوەكە دەبەستێت .وەر گێڕانی بۆڕەفتاری گونجاوو باش دەبەستێت .خۆپەڕینەوەیە لەڕووبارێكی تیژو بەهێز دەبەستێت .خوێند نەوە تێكەڵ بوونی ڕووحی مرۆڤە لەگەڵ كتێب و دەست نوسەكان و هەڵمژینی هەناسەیەكی خۆش بەختیە و خواردنێكی ڕووحی و عەقڵی مرۆڤە .
بۆیە جیمیس شیرلی دەڵێت :(خۆشترین و كاتەكانی ژیانم ، ئەوكاتانە بوو . كەلەنێو كتێبەكانم بەسەرم بردن .)كەواتە خوێندنەوەی كتێب ڕۆڵ و كاریگەری ئەرێنی لەسەر تاك درووست دەكات و بەرگێكی نوێ بەسەر بیركردنەوەو عەقڵی مرۆڤدا دەبەخشێت .
خوێندنەوەی کتێب چەندین سوودی بنەڕەتی بۆ مرۆڤ هەیە، لەوانە:
پەرەپێدانی هۆشیاری: کتێب مێشکی مرۆڤ دەکاتەوە و وا لە تاک دەکات بە دیدێکی قووڵتر سەیری دەوروبەری بکات.
فێربوونی بەردەوام: مرۆڤ لە ڕێگەی کتێبەوە دەتوانێت ئەزموونی هەزاران ساڵەی زانایان و بیرمەندان لە ماوەیەکی کەمدا بەدەست بهێنێت.
باشترکردنی باری دەروونی: توێژینەوەکان دەریانخستووە کە خوێندنەوە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ و فشاری دەروونی.
بەهێزکردنی زمان: خوێندنەوە دەوڵەمەندییەکی زمانەوانی بە خوێنەر دەبەخشێت و توانای دەربڕین و گفتوگۆکردنی باشتر دەکات.
خوێندنەوە دەبێتە هۆی فران كردنی زوخاوی مێشكی مرۆڤ . بەو ڕادەیەی مێشكی مرۆڤ دەكاتەوە . لەچەق بەستووی ڕزگاری دەكات.خوێندنەوە هۆكارە كەمرۆڤ بەرەو ئەو ڕووناكیە ببات . تێڕوانینێكی ڕاستەوخۆیانەی بۆبابەت و دەورو بەری هەبێت . بەجۆرێك دەتوانێت خوێندنەوەیەكی وورد بۆخودی خۆی و دەوروبەر بكات خوێندنەوەی كتێب شكاندنی قوفڵی زمانە.بەو ڕادەیەی زمان دەكاتەوە ، كەتوانای قسەكردنی هەبێت لەهەموو كات و بارە دۆخێكدا . بێ گومان مرۆڤی خوێنەر ئاست و توانای قسەكردنیان بەهێزترە لەوكەسانەی خوێنەر نین
كەڵەكە بوونی زانیاری یەكێكە لەخاڵە هەر گرنگەكانی خوێندنەوە . مرۆڤ لەڕێگای خوێندنەوە دەتوانێت خۆی پڕ چەك بكات لەزانیاری و عیلم .
بەنەریتێكی جوان و كاریگەر دادەنرێت . بۆهاندانی مرۆڤ بۆفێربوونی زمانی تازە ، مرۆڤ لەڕێی خوێندنەوە دەتوانێت هەنگاو بنێت و حەزو ئارەزووی بۆزمانی تری بیانی لەناخیدا
سەر هەڵبدات و فێری زمانی تر ببێت
زاڵ بوونی بەسەر بەر بەستەكانی ژیان و ئاڕاستەكردنی كێشەكانی بەرەو چارەسەر كردن .تێگەیشتنی لەبەرزو نزمیەكانی ژیان و پەڕینەوەی لەتەم و مژی واقیعەكانی ژیان ، ئــەم پێگەیاندنەش لەڕێگای خوێندنەوەی كتێب دێتە ئاراوە . سەركەوتن بەهەورازێكی سەختدا و گەیشتن بەلوتكەی چیاكە ، پێویستی بەبیركردنەوەیەكی جوانەو سەركەوتوانەیە . ئەم بیركردنەوەش لەئەنجامی خوێندنەوەی پەڕەی كتێب دێتە ئاراوە.مەرج نیە خوێنەر تەنیا لەبوارەكەی خۆی بخوێنێتەوە. كە كام بەشی تەواو كردوە یان لەكام بەش دەخوێنێت . ڕاستە بۆبەرز كردنەوەی ئاستی زانیاریە لەبوارەكەی خۆی ، بەڵام پێویستە كەسی خوێنەر خوێندنەوەی بۆهەموو بابەتەجیاوازەكان هەبێت .تاسودو زانیاری بەرنرخ لەمێشك و ناخیدا كەڵەكە ببێت . هەر وەك چۆن ڕۆژو شەو ، هەورو ساماڵ جیاوازی هەیە . مرۆڤی خوێنەرو نەخوێنەر بەهەمان شێوە جیاوازیەكی زۆریان لێ بەدی دەكرێت.بەڵام ئەوەی گرنگە چۆن هەوڵبدەین سود و چێژ لەخوێندنەوە وەربگرین. خوێندنەوە ئەبێت درەختەكە ئاوبدات . نەك كرمە خۆرە بێت بۆقەدەكەی ببێتە هۆی لادینی و ڕەشبینی و بێ ئومێدی خوێنەرو جیاكردنەوەی تاك بێت لەكۆمەڵگا.
مێژوو سەلماندوویەتی کە زۆربەی شۆڕشە گەورەکان و گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکانی جیهان سەرەتا لە ناو لاپەڕەی کتێبەکانەوە دەستیان پێکردووە. کاتێک مرۆڤ دەخوێنێتەوە، مافەکانی خۆی دەناسێت و تێدەگات کە چۆن ژیانێکی باشتر بۆ خۆی و نەوەکانی دابین بکات. کۆمەڵگەیەک کە کتێب دۆست بێت، کەمتر ڕووبەڕووی توندوتیژی و دواکەوتوویی دەبێتەوە.
”خوێندنەوە بۆ مێشک وەک وەرزش وایە بۆ جەستە.” — ڕیچارد ستیل
ئەمڕۆ، هەرچەندە ئامرازە دیجیتاڵییەکان و سۆشیاڵ میدیا کاتێکی زۆری مرۆڤیان داگیرکردووە، بەڵام هێشتا کتێب پێگەی خۆی لەدەست نەداوە. کتێبی ئەلیکترۆنی و کتێبی دەنگی بوونەتە هاوکاری مرۆڤ بۆ ئەوەی لە هەر شوێنێک بێت بتوانێت لەگەڵ زانیارییەکاندا بمێنێتەوە. کێشەکە لە جۆری ئامرازەکەدا نییە، بەڵکو لەوەدایە کە مرۆڤ چەند کات بۆ پەروەردەکردنی مێشکی تەرخان دەکات.
کتێب باشترین هاوڕێی مرۆڤە کە هەرگیز خیانەتی لێ ناکات. مرۆڤی بێ کتێب وەک جەستەیەکی بێ ڕۆح وایە. بۆ ئەوەی نەوەیەکی هۆشیار و وڵاتێکی ئاوەدانمان هەبێت، پێویستە خوێندنەوە بکەینە بەشێک لە کلتووری ڕۆژانەمان.
