KDC

ئیسماعیل کامل: جەژنی نەورۆز خاڵێكی بەهێز و هاوبەشی هەموو كوردستانییانە

 

ئیسماعیل کامل سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، ئەمڕۆ لە ئاهەنگی جەژنی نەورۆزی سەری ساڵی کوردی لە کۆڵنی وڵاتی ئەڵمانیا، وتارێکی پێشکەش کرد و وتی: جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی كوردی خاڵێكی بەهێز و هاوبەشی هەموو كوردستانییانە، هاوکات بە پێویستی زانیی وا بكرێت نەوەكانی دوای خۆیان بایەخ بەم جەژنە بدەن و ساڵ لە دوای ساڵ بەرز و پیرۆز رای بگرن.

دەقی وتارەکەی ئیسماعیل کامل سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی:

ئاهەنگگێڕانی هێژا، ئامادەبووانی خۆشەویست
كوردستانییانی ئازیز
جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێتان پیرۆز
بە ناوی كۆنفیدراسیۆنی رەوەندی كوردستانییەوە، بەخێرهاتنێكی گەرمیی هەمووان دەكەین، هەر لێرەشەوە بە ناوی خۆمان و لەجیاتی ئێوەی بەڕێزیش، سڵاوێكی گەرم و پیرۆزبایی نەورۆز و سەری ساڵی نوێ، لە هەموو كوردستانییانی خۆشەویست دەكەین، چ ئەوانەی لە كوردستان دەژین و چ ئەوانەش، كە لە دەرەوەی كوردستان دەژین… نەورۆز لە هەموو ئەو گەلانەش پیرۆز دەكەین، كە لەم رۆژەدا ئاهەنگ دەگێڕن.
بێ گومان مایەی خۆشحاڵی و سەربەرزی و سەرفرازییە، كە ئاگری نەورۆز هەموو ساڵێك هەموو كورد و كوردستانییان (بە هەموو جیاوازییەكانیانەوە) لە دەوری خۆی كۆ دەكاتەوە.

نەورۆز ئەو جەژنە دێرین و پیرۆزەیە، كە رەگوڕیشەی هەزاران ساڵەی لەناو خاكی كوردستان و خەڵكی كوردستان و بیروباوەڕی كوردستانییاندا هەیە. نەورۆز جەژنی ئازادییە، جەژنێكی هەرە مەزنی نیشتمانی و نەتەوەییمانە، جەژنی سروشتمانە، جەژنی فەرهەنگمانە، جەژنی باوەڕییمانە، جەژنی سەركەوتن و سەروەرییمانە.
هەر بۆیە ئەمڕۆ، هەموو تاكێكی كورد و كوردستانی، لە هەموو بەشەكانی كوردستانی مەزن (ڕۆژئاڤا، باكوور، باشوور، رۆژهەڵات) لە هەموو ناوچە كوردنشینەكانی دەرەوەی نەخشەی كوردستانی مەزن، لە هەموو شوێنێك، كە كورد و كوردستانی لێ بژین، بە خۆشحاڵییەوە ئاگری نەورۆز دەكرێتەوە و هیوای ساڵێكی نوێی پڕ خۆشی و ئارامی و بەختەوەری بۆ كوردستانییان و بۆ هەموو مرۆڤایەتیی دەخوازن.

بەڕێزان، جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی كوردی، خاڵێكی بەهێز و هاوبەشی هەموو كوردستانییانە، بۆیە نەك هەر خۆمان، بەڵكوو پێویستە وا بكەین نەوەكانی دوای خۆشمان بایەخ بەم جەژنە بدەن و ساڵ لە دوای ساڵ باشتر و جوانتر و فراوانتر، بەرز و پیرۆز رای بگرن.
هەر لەم رۆژەدا بە ناوی كۆنفیدراسیۆنی رەوەندی كوردستانییەوە، سڵاو بۆ هەموو ئازادییخوازان و خەباتگێڕانی كوردستان دەخوازین لە هەموو بەشەكانی كوردستان.
سڵاوی تایبەت بۆ كورد و كوردستانییانی رۆژئاڤا دەنێرین و بە تەواوی هێزمانەوە پشتیوانیی ئاشتەوایی و یەكدەنگی و یەكڕیزیی كوردانی رۆژئاڤا و وەدیهێنانی هەموو مافەكانیان دەكەین و دڵنیاین، كە بە یەكڕیزیی هیوایەكی گەش چاوەڕێی كوردی رۆژئاڤا دەكات.
ئێمە وەک کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە دیاسپۆرا، پشتیوانی لە داخوازییەکانی ڕۆژئاڤا دەکەین و داواکارین کورد وەک نەتەوەی دووەم بێتە ناساندن و لە دەستووردا جێگیر بکرێت، هەروەها دەخوازین رەگەزنامە و ناسنامە مافێکی ڕەوای هەموو مرۆڤێکن، کە ببنە خاوەن رەگەزنامە و ناسنامەی خۆیان، هەر بۆیە داوا لە دەسەڵاتدارانی ئێستای وڵاتی سووریا دەکەین کوردەکان لەو مافە بێ بەش نەکات.
داواکارین گوندە کوردنشینەکان بۆ خاوەنەکانیان بگەڕێتەوە، کە مخابن عەرەبەکان ئەو گوندانەیان داگیر کردووە، بە توندی پێداگیری لەسەر گەڕانەوەی موڵک و زەوەییەکانیان بۆ خاوەنی زێدی خۆیان، کە کوردن دەکەین، هەر بەهەمان شێوە داواکارین ئەو کوردانەی لە شاری عەفرین و سەرێکانی و ناوچەکانی دیکە بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان.
هیوای پێشكەوتن و گەشەكردنی زیاتری ئەزموونی حوكمڕانی لە باشووری كوردستان دەخوازین، هیوادارین لە باكووری كوردستانیش بە هۆی ئەو گۆڕانكارییە نوێیانەوە، دەرگای ئازادیی سیاسی و وەدەستهێنانی زۆرترین مافی كورد بكرێتەوە و كورد و كوردستانییان پێكەوە بە یەك دەنگ سەركەوتن بەدەست بهێنن.
سڵاو بۆ كوردانی رۆژهەڵات، كە چەند رۆژێكە لە هەموو شار و شارۆچكەكانی كوردستان، وێڕای هەموو رێگری و ئاستەنگەكان، بەوپەڕی جۆش و خرۆش و بوێرییەوە دەستیان بە ئاهەنگەكانی نەورۆز كردووە و بڵێسەی ئاگری ئازادییخوازانەیان لە هەموو بەرزاییەك هەڵكردووە. سڵاو بۆ كوردستانییانی هەموو جیهان.
بەخۆشحاڵییەوە ئەمڕۆ كۆنفیدراسیۆنی رەوەندی كوردستانی، لە زۆربەی شارەكان و وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریكا و كەنەدا و ناوچەكانی دیکەی جیهان، سەرپەرشتیی ئاهەنگەكانی نەورۆز دەكات، بەڵێنیش دەدەین، كە ساڵ لە دوای ساڵ بە بیرۆكە و پلانی وردتر و باشترەوە بایەخ بە نەورۆز و هەموو بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی كورد و كوردستان بدەین…
دووبارە نەورۆز و ساڵی نوێی كوردی لە هەموو كوردستانییان پیرۆز دەكەین و زۆر سوپاس، بە هیوای ئاهەنگێكی خۆش و تایبەت و نموونەیی

___

نوێنەری کۆنفیدراسیۆن پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی کۆمیتەی پەرلەمانی دۆستایەتی کورد-کەنەدا کرد

nusar1

وێڕای ناڕەزایەتی وەزارەتی نێوخۆی بەریتانیا، زانایەکی بکوژی عێراقی مافی مانەوە وەردەگرێت

KDC

ئیسرائیل: ڕێکەوتنی ناوەکی ئێران ناچارمان ناکات بۆ هەوڵدانی بژاردەی سەربازی

KDC
KDC

FREE
VIEW