بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی و شاندێکی ناوەندی رەوەندی کوردستانی لە ناشڤیلی ئەمریکا، بەشداریی ئێوارەخوانێکیان کرد، کە تێیدا چەند بەرهەمێکی کوردستان لە رێی کۆمپانیای کوردستانییەوە هەناردەی ئەو وڵاتە کردوون و لە بازاڕەکاندا بەردەست دەبن، بەو بۆنەیەوە بڕیاردرا کۆنفیدراسیۆن پشتیوان دەبێت لە ناساندنی بەرهەمە کوردستانییەکان بە خەڵکی وڵاتەکە.
مستەر کورد بەرپرسی ئۆفیسی پەیوەندییەکانی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە شاری ناشڤیلی پایتەختی ولایەتی تێنیسی ئەمریکا، بە فەرمیی بەشداری ئێوارەخوانێکی کرد، کە تێیدا چەند بەرهەمێکی کوردستان لەوانە ”تەحین و سماق” لە بازاڕەکانی ئەمریکا بە گشتی و ولایەتەکانی تێنێسی و ڤیرجینیا بەردەست دەبن.
لەو ئێوارەخوانەدا، نوێنەری کۆنفیدراسیۆن، وێڕای دەستخۆشی و پشتیوانی لە بەڕێوەبەرانی ئەو کۆمپانیایانە، هاوکات بە وردی باسی لە کار و خەباتی هەمەلایەنەی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی کرد، لەو پەیوەندییەدا دڵنیای کردنەوە، کە ناوەندەکانی رەوەندی کوردستانی لە ئەمریکا بە هەموو شێوەیەک وێڕای پێشوازی لە پەرەسەندنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی کوردستان و ئەمریکا، لە هەمان کاتدا هەوڵ دەدەن لە ناساندنی ئەو بەرهەمانەدا بە خەڵکی هاوکار و یارمەتیدەر بن.
بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکان لەگەڵ بەرزنرخاندنی ئەو پشتیوانیەی کۆنفیدراسیۆن، پشتیوانی خۆیان لە خەبات و کاری نەتەوەیی کۆنفیدراسیۆن دەربڕی و بەڵێنیاندا لە داهاتوودا بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە خەبات و تێکۆشانی کۆنفیدراسیۆن دەکەن، لەم بەستێنەدا لەسەر چەند بەرنامە و پڕۆژە بە وردی ئاڵوگۆری بیروڕایان کرد و لەسەر چەند هەنگاوی کردەیی ساخبوونەوە.
شیاوی باسە، لەو ئێوارەخوانەدا وێڕای رەحیم رەشیدی بەرپرسی ئۆفیسی پەیوەندییەکانی کۆنفیدراسیۆن، هاوکات شاندێکی ناوەندی رەوەندی کوردستانی لە ناشڤیل بە سەرپەرشتی ئیپەک خالید ئیسماعیل جێگری بەرپرسی ناوەندەکە بەشدار بوون و لەگەڵ ئامادەبووانی ئێوارەخوانەکە ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کرد.