مستەر کورد بەرپرسی ئۆفیسی پەیوەندییەکانی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، لە چوارچێوەی بەشداریکردنی فێستیڤاڵی نەورۆز لە ناشڤیل، وێڕای پێشکەشکردنی وتاری کۆنفیدراسیۆن، لە پەراوێزی فێستیڤاڵەکەدا چەند دیدارو چاوپێکەوتنی پێکهێنا.
نوێنەری کۆنفیدراسیۆن، چاوی بە جان درێك بەڕێوەبەری پۆلیسی ناشڤیل کەوت و پێکەوە سەبارەت بە رۆڵی ڕەوەندی کوردستانی لە کوردستانی بچووک ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کرد.
رەشیدی، لەو دیدارەدا جارێکی دیکە دووپاتی کردەوە، کە رۆڵی سەرەکیی کۆنفیدراسیۆن وێڕای پەرەپێدان بە رووحی نەتەوەیی و کوردستانی بوون، هاوکات پێداگرتنە لەوەی ڕەوەند پابەند و پارێزەری یاسا بن و رێز لە بایەخە بەرزەکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ بگرن و پەیوەندی خۆیان لەگەڵ بنکە و بونیادەکانی دەوڵەت و رەوەندەکانی دیکە بەهێز بکەن.
بەڕێوەبەری پۆلیسی ناشڤیل، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی لە دیداری دووبارە لەگەڵ بەرپرسی ئۆفیسی پەیوەندییەکان، رۆڵی ڕەوەندی کوردستانی لە شارەکە بەرز نرخاند و رایگەیاند ڕەوەندی کوردستانی لە رووی کولتووری، کۆمەڵایەتی و بازرگانی خزمەتی بەرچاوی شارەکەیان کردووە و لەو بەستێنەدا سوپاسی کردن و ئاشکرای کرد، کە ئەوان شانازی بە پەیوەندیی توندوتۆڵیان لەگەڵ ڕەوەندی کوردستانی دەکەن.
لە لایەکی دیکەوە، نوێنەری کۆنفیدراسیۆن چاوی بە خانمە رۆژنامەوان ڕۆس گیلبێرت کەوت و لەسەر کارکردن دەربارەی ڕەوەند و چەند پڕۆژەیەک رۆڵی رەوەند و رەنگدانەوەی کار و خەباتی کۆنفیدراسیۆن لە میدیای ئەمریکادا ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کرد.