ناوەندی رەوەندی کوردستانی لە ویلایەتی واشنتۆنی ئەمەریکا، ئاهەنگی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی کوردییان سازکرد، کە تێیدا چەندان کوردی دانیشتووی ویلایەتەکە بەشداربوون.
ڕۆژی ٥ی نیسانی ٢٠٢٥، ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لە ویلایەتی واشنتۆن، بە سپۆنسەری فیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی ئەمریکا، ئاهەنگی جەژنی نەورۆزی سەری ساڵی کوردییان سازکرد، کە تێدا چەندان کوردی پارچەکانی کوردستانی دانیشتووی ئەو ولایەتە بەشداربوون.
سەرەتای چالاکییەکە، بە سروودی ئەی رەقیب و دواتر خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە رووحی هەموو شەهیدانی رێگای رزگاریخوازی کوردستان دەستیپێکرد.
پاشان مەسعود محەمەد سەرۆکی فیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی ئەمریكا و عەبدولکەریم شەمدین بەپرسی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لە ویلایەتی واشنتۆن، بەخێرهاتنی ئامادەبووانییان کرد و کورتە وتارێکیان پێشکەش کرد، کە تێیدا تیشکیان خستنەسەر کۆکردنەوەی هەموو کوردەکان و بەرەوپێشبردنی یەکڕیزی کوردان لە تاراوگە.
جێی باسە، ئامادەبووان چێژیان لە ئاهەنگەکە وەرگرت و ئارەزووی بەهێزیان دەربڕی بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بۆنەی زیاتری لەو جۆرە هەبێت تا بتوانرێ بۆنە نەتەوەییەکانی کورد لەو ویلایەتە ساز بکرێن، تا ببێتە هۆی کۆکردنەوەی کوردستانییان لە دەوری یەکتر و یەکترناسینیان.