دوای ڕووخانی ڕژێمی سوریا، سەرنجی هەموو جیهان بەرەو ڕۆژاڤا ئاڕاستە کرا. لە چوارچێوەی ئەو بەرپرسیارێتیە نەتەوەییەی، کە لە فیدراسیۆنی لاوانی ڕەوەندی کوردستانی بڕوامان پێی هەیە، دەستپێشخەرییەکی نیشتمانی و مرۆڤدۆستانەمان ئەنجام دا. ئەم پڕۆژەیە لەسەر بنەمای هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە نەتەوەکەمان لە کاتێکی هەستیاردا دامەزرا.
بە تایبەتی تیمەکانی فیدراسیۆن دەستپێشخەرییان بۆ کۆکردنەوەی زۆرترین پشتیوانی و هاوکاریی کرد، بە گرنگیدانێکی تایبەت بە پێداویستییە هەنووکەییەکان بۆ منداڵان و خێزانەکان. ئەو پێداویستییانە بریتیی بوون لە جلوبەرگی پێویست و سەردەمیانە، دەرمان، کەرەستەی تەندروستی، خواردن و گەلێک پێداویستی دیکە، کە لە قۆناغی قەیراناویدا پێویستن. پڕۆسەی کۆکردنەوەی ئەو پێداویستییانە لە ئەڵمانیا بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و پڕۆفیشناڵ ڕێک خرابوو، کە تیمەکانی گەنجانمان بە پابەندبوون و بەرپرسیارێتییەکی بەرزەوە سەرپەرشتی کارەکانیان کرد.
کەمپەینی کۆکردنەوەی هاوکارییەکان لە چەندین شاری ئەڵمانیا بڵاوبووەوە و توانیمان پشتگیرییەکی بەرچاو کۆ بکەینەوە. خۆبەخشانی گەنج بە شەو و ڕۆژ کاریان بۆ ڕێکخستنی هاوکارییەکان دەکرد، پۆڵێنکردنیان و ئامادەکردنیان بۆ گواستنەوە. ئەو کارەساتە مرۆییە خەڵکێکی زۆری هانداوە، کە هاوکاریی پێشکەش بکەن، لە ڕێکخراوەکانەوە بگرە تا تاکە کەسەکان.
دوای ئەوەی کۆکردنەوەکە بە سەرکەوتوویی تەواو بوو، بە پاڵپشتی و هاوکاری ڕێزدار شفا بارزانی، سەرکەوتوو بووین لە گواستنەوەی هەموو پێداویستییەکان بۆ گەلی خۆمان لە ڕۆژاڤا. ئەو پڕۆسەیە خۆیشی چەندان ئاستەنگی لۆجیستیکی و سیاسیی هەبوو، کە دەبووایە چارەسەر بکرێن، بەڵام بە هاوکاری و هەماهەنگی نێوان چەندان لایەن و کەسایەتی، توانیمان ئەو بەربەستانە تێ پەڕێنین.
ڕاستەوخۆ دوای گەیشتنی هاوکارییەکان، دابەشکردنیان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و شەفاف دەستی پێ کرد، بە ئامانجگرتنی ئەو ناوچانەی زیاترین پێویستییان بە یارمەتی هەبوو. تیمی تایبەت بۆ دابەشکردنی هاوکارییەکان پێکهێنرا تاکوو دڵنیا بین لەوەی هاوکارییەکان دەگەنە دەستی خەڵکی خۆیان.
ئەو پڕۆژەیە بێ گومان یەکێک بوو لە گەورەترین و سەرکەوتووترین پڕۆژەکان، کە فیدراسیۆنی لاوانی ڕەوەندی کوردستانی ئەنجامی داوە و نوێنەرایەتی یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی فیدراسیۆن دەکات: پشتگیریکردنی نەتەوەکەمان لە کاتە سەختەکاندا و بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوان ڕەوەندی دەرەوە و ناوخۆی وڵات. ئەم دەستکەوتە گەورەیە بووەتە هۆی بەهێزکردنی پێگەی فیدراسیۆن لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا و متمانەی گەلەکەمان بە توانای لاوان بۆ ئەنجامدانی ئەرکە نیشتمانییەکان.
لە کۆتاییدا، سوپاسی هەموو ئەو کەس و لایەنانە دەکەین، کە هاوکاریمان بوون لەم پڕۆژەیەدا و داواکارین هەنگاوی ئایندەمان بۆ خزمەتکردنی نەتەوەکەمان بەردەوام بێت و بەرفراوانتر بێت.
یاد ئەمین
سەرۆکی فیدراسیۆنی لاوانی رەوەندی کوردستانی