ئامادەکردنی: سۆران حەسەن
ئۆفیسی ڕاگەیاندنی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، وێبنارێکیان بە شێوەی ئۆنلاین و لە ڕێگای پرۆگرامی ZOOM، بۆ ڕاوێژکاری سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی، لەسەر پرسی ناسنامەی کۆنفیدراسیۆن ساز کرد.
ئێوارەی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی٢٤ی٥ی٢٠٢٥، ئۆفیسی ڕاگەیاندنی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، بە ئامادەبوونی سەرۆک و جێگری کۆنفیدراسیۆن و ئەندامانی کۆمیتەی بەڕێوەبەری و سکرتێری کۆمیتەی گشتیی کۆنفیدراسیۆن و ئەندامانی دیکەی، وێبنارێکیان بۆ بەڕێز دکتۆر سۆران بەرزنجی ڕاوێژکاری ڕێزدار شفا بارزانی سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی ساز کرد، کە لە لایەن خاتوو شوعلە ڕەسول ئامادەکاری و پێشکەش کرا.
بابەتی وێبنارەکە بریتیی بوو:
١-لە دیابجەی دەستووری نوێ کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتیی کوردستانییە، لە ژێر تیشکی ئەم پێناسەیەدا لە دوای کۆنگرەی دووەم، ئایا کۆنفیدراسیۆن ئەکادیمییانە پرۆسەی ناسنامەی کۆلەکتیڤی دیاسپۆرای لە فەزای گشتیدا سازاندووە؟
٢-بۆ بەرجەستەکردنی بەها باڵاکانی نەتەوە و نیشتمان، کۆنفیدراسیۆن بۆتە پێگەیەک بۆ وشیاریی تاراوگە نشین.
٣- لە ژێر چەتری کۆنفیدراسیۆندا، پێکهاتەکانی کۆنفیدراسیۆن {فیدراسيۆن، ناوەند، كۆمەڵە و ڕێکخراوەكان، تيپی ميوزيك، وەرزش … هتد}، له فەزاى كۆمەڵایەتیی ترانسناشيۆناڵدا پێناسەی دياسپۆراى كورد دەکەن.
لە وێبنارەکەدا، سەرەتا دکتۆر سۆران بەرزنجی، باسی لەسەر پرۆسەی کۆنفیدراسیۆن کرد، کە ئامانجی کۆکردنەوەی هەموو فیدراسیۆن و کۆمەڵ و ڕێکخراوەکانە لە ژێر چەتری دیاسپۆرای کوردستانی. هاوکات ناسنامەی رێکخراوەیی شیکردەوە و بە بێ ئەوەی ئەلتەرناتیڤی هیچ ڕێکخراوێک وەرگرێ، کۆلەکتیڤی تەواوی ناسنامە کوردستانییەکانە، ئەمەش بە سوود وەرگرتن لە دیاسپۆرای نەتەوەکانی دیکە، کە کوردستانییان لە دەرەوە بە یەکگرتوویی لە ژێر ئاڵای پیرۆزی کوردستان درێژە بە چالاکی و خەباتی خۆیان بدەن، هەروەها هەماهەنگی و هاریکاری کۆنفیدراسیۆن بۆ ئامانجە سەرەکییەکانی وەک پاراستنی زمان و کولتوور و جڤاگی، لەسەر جیاوازیی چالاکی فیدراسیۆنەکان لەسەر ئامانج و هەوڵێکی کۆلەکتیڤ و گشتگیریی تێکڕای ئەنداماکانی بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی ئەوانی دیکە، پێکەوە خزمەت بە ئامانجە باڵاکانی کۆنفیدراسیۆن بکەن، ئەمەشی بە ئەزموونێکی نوێی تاقیکردنەوە ناو برد.
وتیشی: شێوازێکی نوێییە و پێشتر ئەم ئەزموونە نەبووە، ئەوەشی کۆماندەکاتەوە زمان و ئاڵا و کوردستانیی بوونە.
لە بەشێکی دیکەیدا، هەڵوەستەی لەسەر بزاڤی کوردستانییان لە دەرەوە و تێڕووانینی سەرۆک بارزانی وەک ڕابەری سیاسیی گەلی کوردستان و گرنگی یەکگرتوویی لەناو کوردستانییانی دیاسپۆرا بە بایەخەوە باس کرد، کە بیرۆکەی دامەزراندنی ڕێکخراوێکی وەک کۆنفیدراسیۆن لە لایەن سەرۆک بارزانی بەرجەستە کردوو، ئەوەی لەناو کوردستان نەتوانین یەک بین، بەڵکوو لە دەرەوە کوردستانیبانە و یەکگرتووانە بیر بکەینەوە.
ئەوەشی بەبیر هێنایەوە، کە پەیامی بەڕێز سەرۆک بارزانی، بۆ کۆنگرەی دووەمی کۆنفیدراسیۆن لە دەرەوە، خەباتی سیاسیی کوردستانییانە بکەین و لە خەباتی سیاسیی حزبایەتی و دوور بکەوینەوە.
لە کۆتایی باسەکەیدا، پاراستن و پەرەپێدانی زمانی کوردی و یاداشتی لێکگەیشتن لە نێوان وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی، کە بە شێوەی ئۆنلاین و فیزیکی خوێندنی زمانی کوردی بۆ هەمووان دەستبەر بکرێت و دەستیان بگات بە پەرتووک و سەرچاوەی کوردی، کە یەکێکە لە دەستکەوتی نوێ و خەباتی نوێگەریی کوردستانییانە لە دەرەوە، هەروەها باسی لە پلاتفۆرمی دیجیتاڵی بۆ کۆکردنەوەی تەواوی کوردستانییان و شێوازی هۆشیاری و بوون بە خاوەنی ژێرخانێکی دیجیتاڵی، کە پەیامی کۆنفیدراسیۆن بۆ هەمووان بێت و لە بۆنە و یادە تایبەتەکان کوردستانییان کۆ بکاتەوە، هەروەها لەبارەی چالاکیی مەزنی وەک نەورۆزی کۆڵن، هاوشێوە چەند چالاکییەکی گرنگ لە بەرنامە و کاری کۆنفیدراسیۆنە، کە لە خەباتی نوێی خۆی چالاکتر و جیاوازتر و تۆکمەتر کار بکات.
دوواتر بوار بۆ ئامادبووان ڕەخسا، کە تێبینی و پرسیارەکانیان ئاڕاستە بکەن، هەروەها دکتۆر ئیسماعیل کامل سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی و نادر دۆغاتی سکرتێری کۆمیتەی گشتی، لەگەڵ دکتۆر سۆران بەرزنجی، وەڵامی تێبینی و سەرنجەکان و پرسیارەکانی ئامادەبووانیان دایەوە و بابەتەکەیان زانیاربەخشتر کرد.